Ramal Mahmood
08 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2016
کەمپی خازر - AA
مانگی سووری تورکی، جلوبەرگی زستانە و پێخەفی بەسەر ٢٠٠ خێزانی کەمپی خازر دابەشکرد کە بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان رێکخراوی تیرۆریستی داعش و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شاری مووسڵ، ئاوارەبوون.
بەرپرسی لقی عێراقی مانگی سووری تورکی، شەفەق لۆستار بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "جلوبەرگی زستانە و پێخەفمان بەسەر٢٠٠ خێزانی ئاوارە دابەشکردووە کە بەهۆی شەڕو پێکدادانەکان لە مووسڵەوە روویان کردووەتە کەمپی خازر لە باشووری رۆژهەڵاتی شارەکە".
لۆستار ئاماژەی بەوە دا کە هەر لە دەسپێکی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵەوە لە ١٧ تشرینی یەکەم هەوڵەکانیان خستوونەتە گەڕ بۆ هاناوەچوونی ئاوارەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان و گوتی: "تاکو ئێستا وەک رێکخراوی مانگی سووری تورکیا یارمەتی ٧٠ هەزار کەسمان داوە و بەردەوامیش دەبین لەو هاوکارییانە".
مانگی سووری تورکیا لە دەسپێکی ئۆپەراسیۆنی مووسڵەوە بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاوارەکانی مووسڵ ١٢٨ بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی رەوانەی کەمپەکان کردووە.