Ramal Abdullah Mahmood
30 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2017
ئەنقەرە – AA
تورکیا کە لەسەر ئاستی جیهان باوەشی بۆ زۆرترین رێژەی پەنابەران کردووەتەوە، لەرێگەی دامودەزگا گشتییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هاووڵاتییانەوە بە بڕی ٢٥ ملیار دۆلار پێداویستییەکانی پەنابەرانی سووری پڕکردووەتەوە.
تورکیا کە بووەتە نموونەی هاوکاری و یارمەتیدانی پەنابەران، بووەتە هیوا بۆ پەنابەرانی سووری کە دوای جەنگی دووەمی جیهانی ماوەی حەوت ساڵە قەیرانی سووریا بووەتە گەورەترین تراژیدیای مرۆیی لەسەر ئاستی جیهان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرۆکایەتی باری لەناکاوی تورکیا دەستی کەوتوون، دوای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی سووریا لە ١٥ی ئاداری ٢٠١١ەوە لە کۆی ٢٠ ملیۆن هاووڵاتیی تورکیا ١٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس پێویستیان بە هاوکارییە. چوار ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەسیش لەپێناو پاراستنی گیانیان پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی دراوسێ.
سەرۆکایەتی باری لەناکاو لەناو کەمپەکان دەرفەتی خوێندن و پەروەردەی بۆ ٨٢ هەزار منداڵی سووری رەخساندووە. بەهەماهەنگیش لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دەرفەتی هێنانەوە بەرخوێندنی بۆ ٥١٠ هەزار منداڵ لە قۆناغی باخچەی ساوایانەوە تاکو قۆناغی ئامادەیی رەخساندووە کە ٢٤٥ هەزاریان لە قوتابخانە گەڕۆکەکان و ١٨٣ هەزاریشیان لە قوتابخانەکانی دەوڵەت دەخوێنن.
لەلایەکی دیکەوە لەمیانی ئەو بەرنامە جیاوازانەی لە کەمپەکان رێک دەخرێن بڕوانامەی پیشەیی دراوە بە ١٥٠ هەزار پەنابەری سووری کە پێشبینی دەکرێت رۆڵی بەرچاو بگێڕن لە بونیاتنانەوەی سووریا.
لەرێگەی هەڵبژاردنی موختاری گەڕەکەکانی ناو کەمپەکان پڕۆسەیەکی دیموکراسی ئەزموون دەکرێت. لە کەمپەکاندا ژنانیش رۆڵی گرنگ دەگێڕن و لەبارەی هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەبارەی هاوسەرگیری پێشوەخت و فرەژنی پەروەردە دەکرێن.
لەمیانی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیدا بۆ پەنابەرانی سووری و عێراقی ٨٤٠ هەزار نەشتەرگەری ئەنجام دراوە. هەروەها یەک ملیۆن پەنابەر لە نەخۆشخانەکان خەوێنراون هەروەها ٢٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار نۆڕینگە خزمەتگوزاری پێشکەشی پەنابەران دەکەن.
٢٠٠ هەزار منداڵی سووری لە تورکیا لەدایکبوون. لە کەمپەکان لە بواری تەندروستی دایک و منداڵ خواردنی تایبەت بۆ ژنانی دووگیان و شیردەر ئامادە دەکرێت.
لە بواری خۆراک و پێداویستییەکان و داو و دەرمان بە بەهای یەک ملیار و ٧٥ ملیۆن لیرە هاوکاری لە رێگەی ٣١ هەزار و ٦٦ ئۆتۆمبێل گەیەنراوەتە لێقەوماوان لە سووریا.
بەپێی ستانداردی نەتەوە یەکگرتووەکان تورکیا بۆ ساڕێژکردنی برینی پەنابەران و هیوابەخشین پێیان زیاتر لە بڕی ١٢ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلاری خەرج کردووە.
هاوکاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بۆ پەنابەرانی سووری لە تورکیا تەنها ٥٢٦ ملیۆن دۆلار بووە. رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هاووڵاتییانەوە بە بڕی ٢٥ ملیار دۆلار پێداویستییەکانی پەنابەرانی سووری پڕکردووەتەوە.
تورکیا بەتەنها باوەشی کردووەتەوە بۆ زیاتر لە نیوەی پەنابەرانی سووریا لە سەرانسەری جیهاندا، کۆمیسەری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان تورکیای بە "وڵاتی لەباوەشگرتنی زۆرترین پەنابەر لەسەر ئاستی جیهان" و یونسێفیش بە "وڵاتی لەباوەشگرتنی زۆرترین منداڵ لەسەر ئاستی جیهان"ی لەقەڵەم داوە.