بەغدا
ئێستا شەقامی (کازمیە) لە بەغدا چۆڵیەکی زۆری پێوەدیارە و بەحەسرەتی ڕۆژانی رابردوو خوازیاری قەرباڵغبوونەوەیە، شەوق و شۆری پیاسەی ئێواران لەبیرکراون بەھۆی ترس و دڵەڕاوکێ لەتەقینەوە.
ئەبو حوسێن شێخمانی، خاوەنی ڕێستورانتی (بەک) ە لەسەر ئەو شەقامە دەڵێ تەقینەوەکان کاریگەریی زۆر خراپی کردووەتە سەر داھاتی کافێ و ڕێستۆرانتەکانی کازمیە. مشتەرییەکان وەکو جاران نەماون.
شێخمانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "وا بڕوات ناچارم دەرگای رێستورانتەکەم داخەم، ھەر ئەوەی من نییە کە بێ بازاڕی رووی لێکردووە، بەڵکو زۆر ئاستەمە بتوانی ڕێستۆرانتێک بدۆزیتەوە کە کراوەبێ، تیرۆریستان جۆری ئەنجامدانی تەقینەوەکانیان گۆڕیوەو ئەم شوێنانەیان کردووەتە ئامانج".
رەنگبێ ئەوە ستراتیژیی تازەی ئەو کەسانەبێ کاری توندوتیژیی و تەقینەوە ئەنجام دەدەن، دەچنە بەردەم کافێ و رێستورانتەکان و تەقینەوە ئەنجام دەدەن. لەچوار مانگی رابردوو لەشاری کەرکوک و بەغدا تەقینەوەی زۆر لەو شوێنانە روویاندا.
حەیدەر رابیع، یەکێ:ە لەکاسبکارانی شاری بەغدا گوتی " ھەر کاتێ تەقینەوەیەک روو دەدا ھاوشارییەکانمان بەرەو ماڵەکانیان ھەڵدێن و دوکان و بازاڕ دادەخرێن، بەڕاستی تەقینەوەکان لەکافێ و رێستورانتەکان کاریگەریەکی زۆر خراپی کردووەتە سەر بازاڕ ٧٥% بازار ڕووی لە کزی کردووە".
مەحموود عەقیلی خوێندکاری زانکۆیە ئاماژە بوە دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ ھاوڕیکانیدا قسەو گفتوگۆ بکەن، دەچن نێرگەلە پێدەکەن لەسەر شەقامەکان دادەنیشن، مەحموود گوتی " ماڵەوە ڕازی نابن بچینە کافێکان و شوێنە قەرەباڵخەکان، لەبەر ئەوەی زۆرترین تەقینەوە لەو شوێنە قەرەباڵخانەدا روو دەدەن".
تەقینەوەکان لەعێراق بە بێ جیاوازی پۆلیس و سەرباز، کەسانی مەدەنی دەکاتە ئامانج. بە پێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی ٩ مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە ٢٠ ھەزار کەس لەئاکامی تەقینەوەو توندوتیژییەکان کوژران، تەنیا لە مانگی ئەیلولدا سێ ھەزار و ٣٣٠ کەس ژیانیان لەدەستداوە.