Hemin Othman Mohammed
15 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2024
سلێمانی – AA
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هاووڵاتیان ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکان، بەتايبەتیش ئەو ناوچانە دەکەن کە سەرچاوی ئاوی لێیە.
بۆ خۆ پاراستن لە گەرمای هاوین و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، هاووڵاتیان لە تاو گەرمای پڕوکێنەر ڕوو لە چەم و ڕووبارەکان دەکەن و کاتەکانیان بە مەلەکردن بەسەر دەبەن.
بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرما توندەی ڕووی لە عێراق و هەرێم کردووە، سەیرانگا و چەم و ڕووبارەکان جمەیان دێت.
بەشێک لە هاووڵاتیان کە خاوەنی باخ و شوێنی تایبەت بە خۆیانن، ڕۆژە گەرمەکان و ڕۆژانی پشوو لە دەرەوەی شار و دوور لە جەنجاڵی و گەرمای ناو شارەکان بەسەر دەبەن، ژمارەیەکیشیان چەم و ڕووبارەکانیان کردووەتە مەنزڵگەیەک بۆ ڕزگار بوون لە گەرمای تاقەت پڕوکێنەر.
ئەو هاوینەهەوار و گوندانەی لە نزیک شارەکانن و خاوەنی ئاوی سازگارن بوونەتە جێی سەرنجی هاووڵاتیان و بە لێشاو ڕووی تێدەکەن.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانی سەیرانگای هاوینەهەواری سەراوی سوبحان ئاغایە کرد و دیمەنی مەلەکردن و کەیف خۆشی هاووڵاتیانی وێنە گرت.
گۆران عەبدول (٤٠ ساڵ) کە دانیشتووی شاری سلێمانیە، لەگەڵ خانەوادەکەی سەردانی سەیرانگای هاوینەهەواری سەراوی سوبحان ئاغایە کردووە لە نزیک سەیدسادق، کە نزیکەی ٤٥ کیلۆمەتر لە پارێزگای سلێمانیەوە دوورە.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گۆران عەبدول ڕایگەیاند: "وەک دەزانن ئەم دوو سێ ڕۆژە زۆر گەرمە، ئێمەش بۆ ئەوە هاتووین تۆزێک خۆمان فێنک بکەینەوە، بەڕاستی ئاوەکەی ساردە و جەوەکەی خۆشە بە بەراورد بە ناو شار. پلەی گەرما ٤٦ بۆ ٤٧ە. لەگەڵ ماڵەوە بڕیارماندا بێینە دەرەوە و کاتێکی خۆش بەسەر بەرین".
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شەش پارێزگای عێراق پشوو فەڕمی ڕاگەیەندرا و، فەرمانگەی کەشناسی هۆشداریدا لەوەی لە چەند پارێزگایەک پلەکانی گەرما دەگاتە ٥٠ پلەی سەدی.