Eşber Ayaydın
06 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2021
ئورفا- AA
ژنانی پارێزگای ئورفا، لەڕێی کارکردن لە خانووە پلاستیکییەکانی دەشتی حەڕان خزمەت بە گەشەکردنی کەرتی کشتوکاڵ دەکەن و لە هەمان کاتدا بەشێکی بژێوی خێزانەکانیشیان دابین دەکەن.
ئەو بەروبوومانەی لێرە بەرهەمدەهێندرێن، تام و چێژێکی جیاوازیان هەیە و لە کارکردنی خانووە پلاستیکییەکاندا بەزۆری بایەخ بە رەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان دەدرێت.
لە خانووە پلاستیکییەکاندا، نزیکەی ٣٥٠ ژن کار دەکەن کە تەمەنیان لەنێوان ١٨-٢٥ ساڵیدایە.
یەکێک لە خاوەن کارەکانی ناوچەکە، بەناوی یاسین دەمیر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە کرێکاری خانووە پلاستیکییەکان زۆرینەیان لە رەگەزی مێن و گوتی: "لە خانووە پلاستیکییەکەماندا، ٤٥ کرێکارمان هەیە کە ٤٠یان ژنن. رووەکەکانمان زۆر ناسکن و لەبەرئەوەی ژنان بەوریایی و لەسەرخۆ کاردەکەن پێمان باشە زۆربەی کارمەندەکانمان لە رەگەزی مێ بن".
یەکێک لەو کرێکارانەی کە لە خانووە پلاستیکییەکاندا کار دەکات، بەناوی کوبرا فیدان باسی لەوەکرد، بەیانیان کە دێنە ئێرە هەتا ئێوارە، لەگەڵ هاوڕێکانی کاتێکی خۆش بەسەردەبەن و کارکردن هیچ زەحمەتییەکیان بۆ دروست ناکات و گوتی: "تەماتەی دەستی ئێمە بەتامترە، چونکە زۆر بەوریایی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین و وەک مندالێک بەخێوی دەکەین تا پێدەگات".
کرێکارێکی دیکە، بەناوی زەینەب ئۆزدان دەربارەی کارکردن لە خانووە پلاستیکییەکان گوتی: "پێشتر لە کێڵگەکاندا وەک وەرزێر کارمان دەکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی خانووە پلاستیکییەکان شوێنی داخراون دەتوانین باشتر کار بکەین. وەک منداڵی ساوا خزمەتی بەروبوومی تەماتە دەکەین".