ھەولێر
دوێنی لە شاری ھەولێر بە ئامادەبوونی عیسمەت محەمەد وەزیری پەروەردە و نوێنەری رێکخراوە مەدەنییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان، کەمپینی گەڕانەوەی قوتابیانی سوریا بۆ قوتابخانە بەڕێوە چوو.
وەزیری پەروەردە دکتۆر عیسمەت محەممەد بۆ AA گوتی: "ئەو چالاکییە لە رێگای وەزارەتی پەروەردە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێ بۆ ھاندانی خوێندکاران کە لە خوێندن دابڕاون تا بگەڕێنەوە خوێندنگەکان و ئێمە ھەموو یارمەتیەکیان پێشکەش دەکەین."
ھەروەھا گوتی: "کێشەی ئێمە تەنیا کەمپ نییە، ئێمە دوو جۆر قوتابیمان لە ناو ئاوارەکانی سوریا ھەن، یەکەم ئەوانەی خێزانەکانیان لە ناو کەمپ دەژین کە حکومەتی ھەرێم لە کەمپ خوێندنگەی بۆ دابین کردوون، ئەوانەی دیکە ئەوانەن لە ناو شارن و ون بوون و ئاماری روون لەبەردەستمان نییە لەبارەیانەوە."
وەزیری پەروەردە گوتی ئێمە لەڕێی ئەم ھەڵمەتەوە دەنگی خۆمان دەگەیەنینە ئەوان کە ئێمە بە ھەموو شێوەیەک یارمەتییان دەدەین تا بگەڕێنەوە قوتابخانەکان، ھیوادام دایکان و باوکان منداڵانیان بۆ کارکردن رەوانەی ناو شار نەکەن تا لە خوێندن دانەبرێن.
ھەروەھا سکور کوندی نوێنەری نەتەوە یەکگرت ووەکان گوتی: "ئێمە سوپاسی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین بۆ ھەموو ئەو یارمەتیانەی پێشکەشی خەڵکی سوریایان دەکا، من ئەو ھەڵمەتە بۆ گەڕانەوەی منداڵانی سوریا بۆ خوێندنگەکان بەرز دەنرخێنم."
ھەروەھا گوتی: "خوێندن مافی ھەموو منداڵێکە و ناکرێ ئەو مافە لە منداڵانی پەنابەری سوریا بسێنرێ ھەرچەندە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ناوی ھەموو خوێندکارانی سوریا تۆمار دەکات تا بەبێ جیاوازی لەنێوان کچ و کوڕ و تەمەن لە خوێندنگەکان بخوێنن."
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ھەروەھا گوتی: "بەپێی ئەو ئامارەی لەبەردەستماندایە نیوەی پەنابەران تەمەن خوێندنیانە و لەو منداڵانی لە ھەرێمی کورستانن لە ھەر ١٠ منداڵ حەوتیان ئێستا لە خوێندن دابڕاون، ئەمەش خەمی ئێمەیە کە ئەو مندڵانە بگەڕێنینەوە خوێندنگەکان."