ھەولێر
ئەمڕۆ 22 كانوونی یەكەم بەئامادەبونی پارێزگای ھەولێر و وەزیری رۆشنبیری و لاوان و وەزیری كاروباری كومەڵایەتی و چەند پەرلەمانتارێك، مەراسیمی كردنەوەی یەكەم كەناڵی تایبەت بە مندالان بە ناوی زارۆ تیڤی لە ھەولێر بەرێوە چوو.
بەڕێوەبەری زارۆ تیڤی ھەڵگورد جندیانی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو گوتی: "ئێمە ھەر لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٧ وە ھەر لە لەگەڵ وەزارەتی روشنبیری و كاروباری كۆمەلایەتی و پەروەرەتا لە هەوڵدابووین بگەینە بڕیارێك كە ئەو كەناڵە بكرێتەوە و خۆشبەختانە لە ساڵی ٢٠١٢ توانیمان رێپێدانی یاسایی كردنەوەی ئەو كەناڵە وەرگرین."
ھەروەھا گوتی: "زارۆ تیڤی كەناڵێكە بۆ ھەموو منداڵانی كوردستانە و تەنیا تایبەت نیە بە ھەرێمی كوردستان، پەخشمان لە سەرشەپۆلی نایلسات ، توركسات و ھۆتبیرد دەبێ و منداڵانی كورد لە توركیا ، ئێران ،سوریا و ھەموو جیھان دەتوانن سەیری كەن."
ھەروەھا ھەڵگورد گوتی: "نوسینگەكانمان لە ھەولێر ،دھۆك ، سلێمانی،دیاربەكر و سنە ھەیە و بە دوو زاراوەی سورانی و كرمانجی پەخشمان دەبێ، كوردانی زازا بە نوسراوێك نازەزایەتیان ئاراستەی ئێمە كردوە كە ئەو كەناڵە بە زاراوەی زازا ھەبێ ئێمەش لە ھەوڵداین بتوانین بە زاراوەی زازایش پەخشمان ھەبێ."
ھەڵگورد لە بارەی وشەی زارۆ گوتی: "وشەیەكی كوردی رەسەنە لە زاراوەی ھەورامی و زازاكیدا بە واتای منداڵ دێ و بەرهەمەكانمان بە دوو شێواز دەبێ، یەكەمیان لە كۆمپانیاكانی بیانی مافی پەخش و دوبلاژی وەردەگیرێن و شێوازی دیكەش بەرھەمی خۆماڵی خۆمان دەبێ."
ھەروەھا نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر لە گوتەیەكدا وێرای دەستخۆشی لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، گوتی: "منداڵان داھاتی ئەو وڵاتەن و خوشحاڵم كە ئەو كەناڵە دەكرێتەوە ئەوەش وا دەكا منداڵانمان لە رێگای شاشەی ئەو تیڤییەوە فێری داب و نەریت و كلتوری كوردی خۆیان بن نەك سەیری تیڤی بیانی بكەن و تووشی قەیرانی كلتوری و كومەڵایەتی بن."
پارێزگاری ھەولێر گوتی: "ھیواخوازین كە ئەو كەناڵە دامەزرێنەری كلتورێكی باش و كوردی بێ بۆ منداڵانمان و ئەو بوشاییەی لە ناو كۆمەڵگەی كوردی دروست بوە تاڕادەیەكی باش پڕبكاتەوە و ئەو پڕۆژانە دابڕاو نابن و حكومەت و خەڵك ھەمیشە پیشگیری لەو پێشكەوتنانە دەكەن كە دەبنە هۆكاری گەشەپێدانی كۆمەڵگە."