گردبونەوەکە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر گٶڕی بێکەس لەناو (پارکی ئازادی) دەیان کەس لەڕۆشنبیرو نوسەرو ڕۆژنامەنووس، ھونەرمەندو پەرلەمانتاران بەشدارییان تێدا کرد.
بەشداربووان بە دەربڕینی ناڕەزایی سەرکۆنەی ئەو کارەیان کرد.
ئاسۆس ھەردی، یەکێ لەڕێخەرانی گردبونەوەکە لێدوانێکی چاپەمەنیی بەناوی بەشداربووان و سازدەرانی گردبوونەوەکە خوێندەوەو تێیدا شکاندنی کێلی گٶڕی شێرکۆ بێکەسی وەکو دەسدرێژیی کردنە سەر "رەمزە پیرۆزەکان" ناوبرد.
ئاسۆس گوتی "ئەوەی لێرە کۆیکردووینەتەوە روبەروبونەوەی دەسدرێژییو سوکایەتییکردنە بەرەمزەکانی جوانی ئازادییەکانمان لەلایەن کەسانێکی دڵڕەش و دڵڕەقەوە کە پێدەچێ تەنانەت لەمەزاری شاعیری جوانیو ئازادیو پەیکەری خۆشەویستیش بترسن، ئەوەی ئەوان پەلاماریاندا بێکەس نەبوو، بەڵکو ھێمای ئازادی و جوانی بوو، سەرەڕای ئەوەی بەتوندی ئیدانەی ئەو کارە دەکەین ، داوا لەلایەنە ئەمنییەکانیش دەکەین بەرپرسیارێتی خۆیان بگرنە ئەستۆو ئەنجامدەرانی ئەو کردەوەیە بدۆزنەوەو دادگاییان بکەن".
سەرۆکی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم(ڕەئوف بێگەرد) بەرپرسیارێتی دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی شکاندنی کێلی سەر گٶڕی شێر بێکەسن خستە ئەستۆی دامەزراوە ئاسایشپارێزەکانی سلێمانی.
بێگەرد گوتی"ئەوەی ڕوویداوە بەرامبەر ئەدەب و ھونەر کراوە لەلایەن کەسانێکی داخ لەدڵەوە ئەنجام دراوە، داوا لەلایەنە بەرپرسەکان دەکەین سنوورێک بۆئەو جۆرە کردەوانە دابنێن".
بەشدارانی گردبوونەوەکە پێکەوە خوازیاربوون ئەنجامدەرانی ئەو رووداوە دەسگیر بکرێن و بخرێنە بەردەم لێپرسینەوە.
ھونەرمەندی سینەماکار (شوان عەتوف) پێشنیارێکی خستە بەردەم رۆشنبیرانی ھەرێمی کوردستانداوای کرد بۆردێکی عاقڵانەی ڕۆشنبیریی گەورە لەسلێمانی دابمەزرێ بۆ بەرەو پێشبردنی زیاتری رەوتی ڕۆشنبیریی لەشارەکەدا. عەتوف گوتی " ھەمووان با پاسەوانی لەگۆڕەکەی بێکەس بکەین".
شەوی سێشەمەی ڕابردوو(١٥ی تشرینی یەکەم) لەپارکی ئازادی سلێمانی لەلایەن کەسانی نەناسراو ھێرشکرایە سەر گۆڕی شاعیری کۆچکردوو(شێرکۆ بێکەس)و کێلی گۆڕەکەی شکێنرا، ھێشتا ھیچ کەسێک لەسەر ئەو رووداوە دەستگیر نەکراوە.
شێرکۆ بێکەس، کوڕی شاعیر فایەق بێکەسە، یەکێکە لە شاعیرە ناودارەکانی کورد، لە ساڵی ١٩٤٠ لە سلێمانی لە دایکبووە، یەکەم دیوانە شیعری خۆی لە ساڵی ١٩٦٨ بڵاوکردووەتەوە، بێجگە لە کۆ بەرھەمی شیعریی کە دوو ساڵ لەمەوبەر چاپیکرد تا ئێستە نزیکەی ٢٥ دیوانە شیعریی ھەیە.
بێکەسی شاعیر ڕۆژی ٤/٨/٢٠١٣ دوای نزیکەی چوار مانگ مانەوەی لەنەخۆشخانەیەکی وڵاتی سوێد، بەنەخۆشیی شێرپەنجەی سییەکان گیانی لەدەستدا.
دوای ھەشت ڕۆژ تەرمەکەی گەیەنرایەوە شاری سلێمانی و لەسەر وەسێتی خۆی لەپارکی ئازادی بەخاک سپێردرا.