ھەولێر
سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن (بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی) یەک بڕیارن لەسەر بەشداریی کردن لە حکومەتدا ئەویش بەشدارێکی راستەقینەی دەسەڵاتداربێ نەک بەشدارێکی بێ رۆڵ، پارتی دیموکراتی کوردستان (براوەی یەکەم) تیاماوە ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێز ھەڵبژێرێ یان ھاوپەیمانێکی تەقلیدی لاوازبووی وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
دابەشکاریی ماتماتیکییانەی ژمارەی کورسییەکانی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکەی ٢٩ی ئەیلولی رابردوو، پێچەوانەی حەوت کابینەی پێشخۆی ئەرکێکی قورسە، دوو حیزبی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان(یەکێتی و پارتی) لەساڵی ١٩٩٢ ئەمجارە بێ منەت نین لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کە ٤٠ کورسیی پەرلەمانیان ھەیە.
پارتی ٣٨ کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان ٢٤، یەکێتی ١٨ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی١٠، کۆمەڵی ئیسلامی ٦ کورسی، بزووتنەوە ٢، ئەمە ژمارەی کورسییەکانی دیارترین حیزبەکانی ھەرێمە لە بۆرسەی پەرلەمانی داھاتوو.
ئەوەی ھەڵبژاردنی ئەمجارەی ھەرێمی لەوانی پێش خۆی جیاکردەوە کشانەوەی یەکێتی رکابەری سەرەکیی چەندین ساڵەی پارتی کە لە ٢٩ کورسییەوە بۆ ١٨ کورسی کەمیکرد، ئەم"شکستە"ی یەکێتی وەک بەشێک لەسەرکردایەتیی حیزبەکە ناوی دەبەن ئەوی لە حیزبی دووەمەوە کردە سێیەم، چیتر رکابەرە سەرسەختەکەی پارتیش نەما.
یەکێتی و پارتی لەساڵی ١٩٩٤ەوە چوونە شەڕێکی قورسی چەکدارییەوە و چوار ساڵ بەردەوام بوو، دواتر بە ھەوڵی ئەمریکییەکان پاش کوشتنی زیاتر لە سێ ھەزار کەس رێککەوتننامەیەک کە بەستراتیژیی ناسرا لەنێوان سەرۆکی ھەردوو حیزب (مام جەلال و کاک مەسعود) ئیمزاکرا، ئامانجی سەرەکیی رێککەوتنەکە دابەشکردنی پۆست و دارایی ھەرێمە بەسیستمی ٥٠% بە ٥٠% بۆ ھەر یەکێکیان.
پێدەچێ ئەنجامی ھەڵبژاردنی ئەیلولی رابردوو رێککەوتنە ستراتیژییەکەش بخاتە بەر نەشتەریی ھەڵوەشانەوە یان ھیچ نەبێ ھەموارکردنەوە، بیانووەکەیش ئەوەیە پارتی و یەکێتی چیتر رکابەر و ھاوشانی یەکتر نین.
نیعمەت عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان پێیوایە چارەسەر بۆ بارودۆخی ئێستای کوردستان و ھێشتنەوەی ئاسایش و بەرقەراریی ھەرێم، دروستکردنی حکومەتی بنکە فراوانە، پێشیوایە پێکھێنانی حکومەت لەلایەن یەکێتی و پارتی و چەند حیزبێکی بچووکی دیکە" دووبارەکردنەوەی ئەزموونێکی تاڵ و نا سەرکەوتووە، نابێ جارێکی دیکە ئەو ئەزموونە دوو بارە بکەینەوە" نیعمەت وا دەڵێ.
بەپێی رێ وشوێنە یاساییەکان سەرۆکی حکومەت تەنیا یەک مانگی بەدەستەوەیە پاش راسپاردنی لەلایەن سەرۆکی ھەرێم بۆ پێکھێنانی حکومەت، ئەوەش پاش راگەیاندنی کۆتایی ئەنجامی ھەڵبژاردن لە ماوەی ١٠ رۆژدا سەرۆک داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکات و پاشان کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت رادەسپێردرێت.
- پارتی دیموکراتی کوردستان:
پارتی بە ٣٨ کورسی بژاردەی یەکەمە لە پێکھێنانی حکومەت، تاکە کاندیدیشی بۆ ئەوە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی ئێستایە، لەنێو پارتی و لەلای خودی نێچیرڤانیش ترسێکی گەورە ھەیە لە رێوشوێنەکانی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم.
نێچیرڤان بارزانی رووبەرووی دوو ئەگەری یەک لەیەک تاڵتر دەبێتەوە، گۆڕان و ئۆپۆزسیۆنە لەلایەک و باڵی ھەڵۆکانی حیزبەکەی لەلایەکی دیکەوە. پێدەچێ لەو دۆخەشدا یەکێکیان بکاتە قوربانی بەو پێیەی رازیکردنی ھەر دوولا ئاسان نابێ.
بەپێی زانیارییەکانی ئانادۆلۆ نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەشداریی پێکردنی ھێزە براوەکانە بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە لە کابینەکەیدا، پێچەوانەی باڵی ھەڵۆکانی حیزبەکەی، لەگەڵ ئەوەشدا نێچیرڤان لەو بژاردەیەیدا دوو دڵە لە ئۆپۆزسیۆن و ترسی ھەیە لە نیوەی رێگە ئۆپۆزسیۆن بە ھەڵوێست وەرگرتن جێی بێڵن و بەرەو شکستی بەرن. لەوانە کشانەوە یان ھەڵپەساردنی بەشدراییان لە کابینەکەدا.
بەگشتی لەنێو پارتیدا ترسی دووبارەکردنەوەی ئەزموونی لیستی عێراقییە(لیستی سوننەکانی عێراق) لە بەغدا لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بەزەقی باس دەکرێ. وەک ئەوەی فازڵ میرانی لەبارەی بەشداریی یەکگرتوی ئیسلامی لە کابینەی پێشووتردا کە رەخنەشی لە ئەدای حکومەت دەگرت سەرباری بەشدارییەکەشی گوتی" نابێ پێیەکتان لەنێو حکومەت و پێیەکتان لەنێو ئۆپۆزسیۆن بێ".
باڵی ھەڵۆکانی پارتی پێیان وایە بەشداریی پێکردنی ئۆپۆزسیۆن لە کابینەی حکومەتدا بەزیانی پارتی کۆتایی دێ، ئەمەش بە "ناچار" بوونی پارتی بۆ گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن دەزانن، جگە لە تۆکمەتربوونی ئۆپۆزسیۆن لە بەشداریکردنیدا لەحکومەت و فراوانکردنی جەماوەرەکەی.
بەپێی زانیارییەکان ھەرسێ لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن لەبارەی بەشداریی لەحکومەت یەک بڕیاریان دەبێ، ئەم ھەڵوێستە نوێیەی ئۆپۆزسیۆن ھەڵوێستی نێچیرڤان و پارتی لاواز دەکات، بەو پێیە تەنیا دوو بژاردەی سەرەکیی لەبەردەمدا دەمێنێتەوە، رێگەی یەکەم بەشداریی پێنەکردنی ئۆپۆزسیۆنە بەوەش حکومەت قاڵبە کۆنەکەی دەگرێتەوە و یەکێتی و پارتی ھەر بە دوو پاڵەوانەکەی دەمێننەوە کە لەگەڵ چەند حیزبێکی بچووک و کۆتاکاندا دەتوانن ٦٥ کورسی مسۆگەربکەن، ئەمەش بەسە بۆ پێکھێنانی حکومەت.
بژاردەی دووەم بەشداریی پێکردنی سێ لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆنە لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا کە کۆی کورسییەکانیان دەگاتە ٩٦ کورسی جگە لە کورسیی کۆتا و حیزبە بچووکەکانیش، ئەم حکومەتە لەوەی یەکەم بەھێزتریش دەبێ بەو پێیەی بنکە فراوانە و دەرفەتی چارەسەرکردنی کێشەکان و پەسەندکردنی یاساکانیش ئاسانترە و کارەکانی حکومەتیش ساناتر دەڕوات.
عەبدولوەھاب عەلی، وتەبێژ بەناوی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمانی لەلێدوانێکدا بۆ AA دەڵێ چەند رۆژی داھاتوو پارتی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی دەبەستێ بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ھەرێم و ھەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و پێکھێنانی حکومەت. ئەو دەشڵێ نێچیرڤان بارزانی بە زۆرینە کاندیدی پارتەکەی دەبێ بۆ سەرۆکایەتی کابینەی داھاتوو.
لەبارەی ھەڵوێستی فەرمیی پارتیش دەڵێ پارتی لەگەڵ پێکھێنانی حکومەتی بنکە فراواندایە" پارتی مەرج و ھێڵی سووری نییە بۆ بەشداریی پێکردنی ھیچ لایەنێک لە حکومەتدا، بەڵام ئەوەش نابێ کەس مەرجمان لەسەر بسەپێنێ".
- یەکێتی نیشتمانی کوردستان:
یەکێتی لەم ھەڵبژاردنەدا ١١ کورسی لەدەستدا، نەخۆشییەکەی تاڵەبانی سکرتێری و فرە سەرکردایەتیی و ناکۆکییەکانی نێوخۆی یەکێتی و ملدانانی بۆ سیاسەتەکانی پارتی، بە ھۆی سەرەکیی شکستەکەی کە لە ھێزی دووەمەوە بۆ سێیەم دادەنرێ لەلایەن چاودێرانی سیاسی ھەرێمی کوردستان.
زانیارییەکانی بەردەستی ئانادۆلۆ باس لەوە دەکەن دوو بۆچوون لەنێو یەکێتیدا ھەیە بۆ بەشداریی کردن لە حکومەتدا، یەکەمیان د.بەرھەم ساڵح جێگری دووەمی سکرتێر ئاراستەی دەکات و نایەوێ یەکێتی بەبێ ئۆپۆزسیۆن بەشداریی بکات.
بۆچوونی دووەمیش کە بەھێزترە کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری حیزب و ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، خێزانی تاڵەبانی و ئەرسەڵان بایز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رێبەرایەتیی دەکەن، بەشدارییکردنی یەکێتی بەرامبەر بە ھەموو مەرجێکی پارتی پێ قەبوڵە بە بیانووی ئەوەی یەکێتی لە حکومەتدا بووە ١٨ کورسیی بەدەستھێناوە ئەگەر بچێتە ئۆپۆزسیۆن ئەو خەڵکەیشی لەکیس دەچێ و ١٨ کورسییەکەیشی زۆر کەمتر دەبێتەوە.
بەرژەوەندییە بازرگانییەکان رێگری سەرەکیی بەردەم یەکێتین بۆ بوونی بە ئۆپۆزسیۆن، لە سنووری زۆنی سلێمانی کە یەکێتی دەسەڵاتدارێتی دەکات ٢٠ کێڵگەی نەوتی ھەیە، کۆمپانیای (نۆکان)یش کە سەر بە یەکێتییە زیاتر لە ٥٩ کۆمپانیای ھەیە ھەموویان بۆ بەرژەوەندیی ئەو حیزبە کاردەکەن. بۆیە بەشدارییکردنی یەکێتی کە یەکلایی بووەتەوە دەکرێ بگوترێت بە ناچارییە. لەلایەکی دیکەوە ئێران ھاوپەیمانەکەی یەکێتی لەگەڵ بەشداریکردنی ئەمەی دوایی دایە لە حکومەت.
ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ AA پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێم بە" زەحمەتتر" لە کابینەکانی پێش خۆی دەزانێ و پێیوایە مشتومڕی زیاتر ھەڵدەگرێ. ھۆکاری ئەوەیش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی "لایەنێک بەتەنیا ناتوانێ حکومەت پێکبھێنێ، بارودۆخی یەکێتیش بەشێوەیەکە پێویستی بە ھەڵوەستەیە بۆ ئەوەی بەشداریی حکومەت بکات".
ئارێز عەبدوڵڵا پێیوایە ئەگەرچی یەکێتی و پارتی دەتوانن لەگەڵ چەند حیزبێکی بچووک حکومەت دروست بکەن، بەڵام ئەو حکومەتە " بەھێز نابێ" چونکە "ئۆپۆزسیۆن ژمارەی کورسییەکانیان زیاترە لە جاران".
لەبارەی بارودۆخی یەکێتییەوە دەڵێَ " لەنێو یەکێتی دوو بۆچوون و دوو پرسیار ھەیە بەشداریی لە حکومەت بکات یان نا، ئەگەر بیکات بەتەنیا بێ یان حکومەتی بنکە فراوان، زۆرینەی بۆچوونی باو لە ناو یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە حکومەتی بنکە فراوان دروست بکرێ و ئۆپۆزسیۆنیش بەشداریی تێدا بکەن".
- بزووتنەوەی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن:
بزووتنەوەی گۆڕان لە یەکەم بەشداریکردنیدا لە ھەڵبژاردنی مانگی تەمموزی ٢٠٠٩ توانی ٢٥ کورسی بەدەست بێنێ کە دواتر بەھۆی جیابوونەوەی دوو ئەندامی بوو بە ٢٣ "بەرەو دەسەڵاتێکی نوێ" کردبووە دروشمی خۆی بۆ بانگەشە لەھەڵبژاردنی مانگی ئەیلول.
بزووتنەوەی گۆڕان ئێستا ٢٤ کورسیی بەدەست ھێناوە، لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی ١٠ کورسی و کۆمەڵی ئیسلامی ٦ کورسی دەتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێزتر لە خولی پێشووتر، بەو پێیەی ٤٠ کورسییان ھەیە. ئەمە بێجگە لەوەی چاوەڕوان دەکرێ بە بەشداریی کردنی چەند حیزبێکی بچووک ئەم کورسییانە بەرەو زیاتر ھەڵبکشێن.
جەلال جەوھەر، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان دەڵێ" ئێمە ھێشتا بابەتی بەشداریی کردن و نەکردنمان لە حکومەت یەکلایی نەکردووەتەوە، دوای جەژن ھەم خۆمان یەکلایی دەکەینەوە و ھەم لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و لەگەڵ یەکێتی و پارتیش یەکلایی دەکەینەوە کە چۆن بەشداریی دەکەین".
گۆڕان بەپێی زانیارییەکانی AA دەیەوێ بەشدارییەکی کردەیی بکات لە حکومەت و شەریکایەتیی دەوێ نەک بەشداریی پێکردن، واتە بەشداریی گۆڕان لەسەر سێ رەھەند دەبێ، بەشداریکردنی کردەیی، واتە بە وەزارەت بەشداریی بکات نەک وەزیر، نایەوێ ئەزموونی یەکێتی دووبارە بکاتەوە لەوەی بەڕێوەبەرێکی گشتی نووسراوی وەزیر رەت بکاتەوە، یان فەرمانبەرێک دەسەڵاتی بەڕێوەبەرێکی گشتیی ھەبێ، ئەمەش بە نانبڕاوکردنی کەس نابێ، رەھەندی دووەم ھاوبەشیکردنە لە داڕشتنی سیاسەتی حکومەت و ئاگاداربوون لە زانیارییەکانی حکومەت و رێوشوێنەکانی، واتە بەتەنیا سەرۆکی حکومەت خۆی سیاسەتی حکومەتەکەی دانەنێ، بێجگە لەمە گۆڕان دەیەوێ پشکی لە وەزارەتی سیادیی ھەبێ کە نەوت، ناوخۆ، دارایی، پەیوەندییەکانی دەرەوەن.
بێجگە لەوانەش ئۆپۆزسیۆن دەیەوێ پۆستی سەرۆکی ھەرێم کە لە ٣٠ی حوەزیرانی ئەمساڵدا لەپەرلەمان بۆ دوو ساڵی دیکە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی درێژکرایەوە و ئۆپۆزسیۆن بە" ناشەرعی" ناوییان برد. قەبوڵکردنی ئەم مەرجانەش لەلایەن پارتییەوە بەتایبەت ئاسان نابێ. ھەموو ئەمانەش جێ پەنجەی نەوشیروان مستەفایان پێوەدیارە و بۆچوونی سەرەکیی ئەون لەسەر حکومەت.
لەبەرامبەریشدا ئۆپۆزسیۆن بەتایبەت گۆڕان پێناچێ سازش لەسەر ئەو خاڵانە بکەن، لەبەرامبەریشدا ئەو سێ لایەنە ئامادەن ببنەوە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئۆپۆزسیۆن بوونیان ئەم جارە وێڕای ئەزموونی زیاتر پێدەچێ توندتربێ لەپەرلەمان و ئەمەش حکومەتەکەی یەکێتی و پارتی دەخاتە مەترسییەوە لەکاتی پێکھێنانی بێ ئۆپۆزسیۆن.
بۆیە پێشبینییەکان بەرەو ئەوە دەچن پێکھێنانی کابینەی نوێ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن کاتی زۆری دەوێ و مشتومڕ و گفتوگۆی زۆری پێویستە، بە پێچەوانەوە پێدەچێ لەمانگی دیاریکراوی خۆیدا نێچیرڤان بارزانی بتوانێ حکومەت لەگەڵ یەکێتی دروست بکات، حکومەتێک کە ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێز لەبەردەمیدا قوت دەبێتەوە.
news_share_descriptionsubscription_contact

