ھەولێر - حەمید حوسێن
ئەمڕۆ بەئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و زانکۆی سەلاحەدین پێشانگایەک بۆ پاڵپشتی پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە. لەو پێشانگایەدا نزیکەی پێنج ھەزار کتێب دانراوە و داھاتی ئەو کتێبانە، ھەمووی بۆ پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەبێت.
نرخی کتێبەکانی پێش ساڵی ٢٠٠٢ لە پێنج ھەزار دینارەوە هەتا دە ھەزار دینار بوون بەڵام نرخی کتێبە چاپ کراوەکانی لە ساڵی ٢٠٠٣ بەولاوە هەتا ٥٠٠ ھەزار دیناریش هەبوون کە کتێبی زۆر بەنرخ لەبواری جیاوازدا بوون.
ھەڵگورد حیکمەت بەرپرسی ھوشیاری و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگە بەئامادە بوونی لەو پێشانگایە گوتی: "ئەم ھەنگاوە بەھەنگاوێکی ئەرێنی دادەنرێ کە لە کاتێکدا ھێزی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕدان لەبیر ناکرێن و ھەموو چین و توێژێک بەشیوازێ پاڵپشتی خۆی بۆ ئەم ھێزە دەردەبرێت و بێگومان خوێندکارانی زانکۆیش لە رێی کتێب توانیویانە پەیامی پاڵپشتی بگەیەنن و ھیوا خوازین ھەموولایەک بەجۆرێ پاڵپشتی خۆی بۆ پێشمەرگە دەرببڕێت".
ناوبراو ھەروەھا لە کۆتاییدا گوتی: "پێشانگایەک وەک پاڵپشتی بۆ پێشمەرگە دانراوە لە وانەیە بڕی ئەو پارەیە زۆر نەبێ بەڵام جێی دەستخۆشییە کە ئەوانیش دەزانن ئەگەر خاک و وڵات لە مەترسیدا بێت، ئەوە درێژەدانی زانستیش تووشی مەترسی دەبێت".