ھەولێر
پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە کەسێکی خۆکوژ بەئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لەبەردەم بینای پارێزگای ھەولێر خۆی تەقاندەوە و ٣٣ کەس بریندار و کوژراوی لێ کەوتەوە.
بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئۆتۆمبێلی خۆکوژەکە تایبەت - خسوسی بووە کە ویستوویەتی بچێتە نێو تەلاری پارێزگای ھەولێر بەڵام پاسەوانی پارێزگا رووبەڕووی بوونەتەوە و دواتر خۆکوژەکە لەبەردەم دەرگای چوونە ژورەوە، ئۆتۆمبیلەکەی دەتەقێنێتەوە.
بەپێی ئەو ئامارەی وەزارەتی تەندروستی داویەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، چوار کەس کوژراون و ٢٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.
پاش گەیاندنی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی رۆژئاوای ھەولێر بەشێک لە بریندارەکان برینیان سووک بووە و رەوانەی ماڵەوە کراوەنەتەوە.
لە نێو بریندارەکاندا، یەک ھاووڵاتی بیانیش ھەیە کە ئەویش ناوی ئەردال دالگای خەڵکی تورکیایە و لە ئیستەنبوڵ دادەنیشێ و بۆ کارکردن رووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە. ئەردال لە کۆمپانیای بەند کار دەکات و تەندرووستییەکەی روو لە باشییە.
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ئایدین مەعروف کە برایەکی بریندار بووە لەوبارەوە بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئەو رووداوە، رووداوەێکی زۆر دڵتەزێنە و کەس لە ھەولێر چاوەڕێی وەها رووداوێکی نەدەکرد".
ئەندام پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە سەر فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی، زیاتر گوتی: "وەک تورکمان ئیدانەی ئەو جۆرە خۆکوژیانە دەکەین کە خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانجی سیاسەتەکانی خۆیان و ئەوان خزمەت بە برایەتی و ئاشتی جیھانی ناکەن و ئەوانەی ئەو کارە دەکەن یەکەم جار زەرەر بە خۆیان دەگەیەنن".
ژمارەیەک لە کەسوکاری بریندارەکان و بەرپرسانی حکوومی و حزبی و پەرلەمانتارانی کوردستان سەردانی نەخۆشخانە دەکەن بۆ دیتنی بریندارەکان.
لە سەردانێکی بۆ نەخۆشخانەی رۆژئاوا لە پارێزگاری ھەولێر نەوزاد ھادی گوتی: "کردەوەکە خۆکوژی تیرۆریستی بووە، ئامانجی ئەوە بووە کە پارێزگای ھەولێر و کارمەندانی ئەو پارێزگایە بکاتە ئامانج بەداخەوە چوار کەس لە پۆلیس و پاسەوان و ھاوڵاتییانی ئاسایی شەھید بوون و ژمارەیەک بریندار ھەیە".
پارێزگاری ھەولێر گویتشی: "تیرۆریستان ئامانجیان تێکدانی بارودۆخی ئاسایشی ھەرێمە و پاشگەزبوونەوەی ھەرێمی کوردستانە لە دژ کاری تیرۆریستی و رووبەڕوو بوونەوانەی ھێزەکانی پێشمەرگە کە ئێستا لە دژی داعش و گرووپە توندڕەوەکان شەڕ دەکەن بەڵام ھەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە، ئەنجامی ئەم کردەوەی ئەمڕۆ ئاشکرا دەکرێت و تیرۆریستان دەدرێنە دادگا".
پارێزگاری ھەولێر ئەوەشی گوت: "راستە داعش لە ھەندێ ماڵپەڕی ئینتەرنێتی باسی ئەو تەقینەوەیان کردووە بەڵام هەتا ئێستا سەرەداوێکی ئەوتۆ ئاشکرا نەبووە".