ھەولێر
زانایەكی ئاینی كە پێدەچوو سەرپەرشتی زیاتر لە دە هەڤاڵی خۆی دەكات، بەورەیەكی بەرزەوە گوتی:" كوژران لە شەڕی دژ بە داعش شەھادەتە و ئەو شەڕە واجیبە لەسەر ھاوڵاتیان."
لەنزیك خاڵی پێش كۆتایی ھێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری دەروازەی خازر كە نزیكەی ٣٠ كیلۆمەتر لە ھەولێرەوە دوور دەبێ لە ئۆتۆمبیلەكەیان بەچەك و ئامادەكاریی تەواو و جلوبەرگی كوردییەوە دابەزین و پرسیاری چەند زانایەكی ئاینیی ھاوڕێیان كرد، ئەوان چەند زانایەكی ئاینی بوون، خۆیان ئامادەكردبوو تا لەگەڵ ھاوڕێیەكانیاندا لە دوایین خاڵی رووبەرووبونەوەی پێشمەرگە و چەكدارانی رێكخراوی "داعش" جێگیرببن و شەڕ بكەن.
مامۆستا خالیس كاوانیان كە پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی سێوەكەی نزیك لە بەستۆرە لە سنووری ھەولێرە، ھاوشان لەگەڵ ژمارەیەك مامۆستای گوندەكانی دەوروبەری و دەشتی زرارەتی لە ھەولێر تەواو لە ئامادەباشی دابوون بچن بۆ شەڕ و ورەیەكی بەرزیشیان پێوەدیار بوو.
لەوبارەیەوە مامۆستا خالیس بۆ ئانادۆڵو گوتی:" ھەرچەندە ھێزی پێشمەرگە پێویستی بە ئێمە نییە و خۆیان تەواو بارودۆخیان كۆنتڕۆڵكردووە، بەڵام ئێمە نزیكەی ١٥ مامۆستای ئاینیین، بڕیارمان داوە بچینە بەرەی جەنگ لەگەڵ چەكدارانی داعش و چەندین مامۆستای ئاینیی دیكەش بەڕێگەوەن بۆ شەڕكردن."
مامۆستا خالیس كە لەپاڵییەوە چەندین مامۆستا و پیاوی ئاینی دەبینران و ئەوانیش وەكوو ئەو بەرەو بەرەكانی جەنگ خۆیان ئامادە كردبوو باسی لەوەش كرد كە چوونی ئەوان بۆ بەرەكانی جەنگ بۆ راوەستانە لە دژی "وەحشیگەرایی" داعش و روونیشی كردەوە" ئێمە ئامادەی گیان فیدایین لەپێناو خاك و شەرەف و نیشتمانی خۆمان و ئەوەش بە ئەركێكی پیرۆزی ئاینی دەزانین، بەڵكوو بەپێی ئایەتی خوا و فەرموودەی پێغەمبەریشمان شەڕكردن لەدژی چەكدارانی رێكخراوی داعش واجیبە لەسەر ھەموو موسوڵمانێك لەخۆی رادەببینێ. "
گوتیشی:" ئەوانەی لەبەرەی داعش دەكوژرێن خوا لێیان خۆش نابێ، چونكە ئەو چەكدارانە بەناوی ئیسلامەوە و لەپاڵ ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا خەڵك سەردەبڕن و دەچەوسێننەوە و شوێنەكان وێران دەكەن، بۆیە دەبێ پارێزگاریی لە وڵاتی خۆمان بكەین."
جگە لە ھێزەكانی پێشمەرگە لە ھەرێمی كوردستان چەندین توێژی جیا دەستیان داوەتە چەك و رۆژانە دیاردەی خۆبەخشەكان لە بەرەكانی جەنگ دەبینرێن، ئەوان بە ئارەزووی خۆیان ئامادەییان بۆ بەرگریكردن لە كوردستان دەربڕیوە و ئەوەش بە ئەركی نیشتمانی و ئاینی خۆیان دەزانن، ھێزەكانی پێشمەرگەش بوونی ئەوان بە ورەبەرزی بۆ خۆیان دەزانن.