دیاربەكر
ھاوسەرۆكی ھەدەپە و پاڵێوراوی ئەو پارتە بۆ پۆستی سەركۆماری توركیا سەلاحەدین دەمیرتاش، لەگەڵ ھاوسەرەكەی لە گەڕەكی قایاپناری دیاربەكر دەنگیاندا.
دەمیرتاش دوای دەنگدانی لە سندوقی ژمارە ١٢٢١ ، لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: "ھەر لە ئیستاوە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان لە ھەموو لایەك پیرۆز بێ، ئەمڕۆ چ ئەنجامێك دەردەكەوێ با دەركەوێ چونكە ھێشتا تێكۆشانی دیموكراسی لە توركیا بە كۆتایی نەھاتووە، ئەگەر ئێمە سەركەوین ئەوا ئەو تێكۆشانە ھەر بەردەوام دەبێ و ئەگەر پاڵێوراوەكانی دیكەش سەركەون ئەوا تێكۆشانی ئازادی و دیموكراسی ھەر بەردەوام دەبێ و ھەڵبژاردنی ئەمڕۆیش سەرەتایەكی نوێیە."
دەمیرتاش گوتی: "لەسەر ناوی چەوساوەكان، لە خۆ دوورخراوەكان، ئەوانەی بە عەرەقی نێوچاوانیان كار دەكەن و كرێكارەكان دەڵێم كە ئەمە سەرەتایە بێگۆمان ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانیش كاریگەری دەبێ و سیاسەتی توركیا گۆڕانكارییەكی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە و ئەم ھەڵبژادنەش بەشێكی گرنگی ئەو گۆڕانكارییەن.
لە وەڵامی پرسیارێك لە بارەی ئایا بەربەستی سەدا١٠ تێپەڕی دەكەی؟ دەمیرتاش گوتی: "زۆر بە ئاسانی ئەو بەربەستە تێپەڕدەكەم."
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا كە دەنگت بە كێ دا؟ دەمیرتاش گوتی: "دەنگم بەو كەسەداوە لەگەڵ خەڵكە، لەگەڵ چەوساوەكانە، زۆر پێویست ناكا بیر لەوە بكەینەوە كە لەگەڵ خەڵك و چەوساوەكانە، لەو بارەوە بژاردەی زۆرمان نییە."
دەمیرتاش جەختی لەوە كردەوە كە لە رێگای دوو ناوەندەوە كە یەكیان لەدیاربەكر و ئەوی دیكەشیان لە ئیستەنبوڵە چاودێری لەسەر پڕۆسەی دەنگدان دەكەن.
دەنگدەران لەگەڵ ھاتنی دەمیرتاش بۆ شوێنی دەنگدان خۆپێشاندانی خۆشەویستییان بۆ دەمیرتاش ئەنجامدا.