ھەولێر - نوێنەر فاتیح
دوای کۆنترۆڵکردنی شاری موسڵ لە لایەن چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش) لە ١٠ی حوزیرانی رابردوو، ھێزەکانی سوپای عێراق لە زۆر ناوچەی ناوەڕاوت وو باکوری عێراق بێ ھیچ بەرگرییەک، وەک ئەوەی لە موسڵ روویدا، کشانەوە. یەکێک لەو ناوچانەش جەلەولا و سەعدییەی پارێزگای دیالە بوون.
لە رۆژی ١٢ی حوزەیراندا سوپای عێراق لە جەلەولا و سەعدییە کشایەوە، ھێزەکانی پێشمەرگەش بۆ رۆژی دواتر سەنگەرەکانی سوپایان پڕکردەوە و لەو ناوچانەدا جێگیر بوون و بە بەردەوامی رووبەڕووی ھێرشی چەکدارانی داعش دەبوونەوە، بە تایبەتی لە رۆژئاوای جەلەولا.
لە دوای ھێرش و پەلامارەکانی چەکدارانی داعش، جگە لە گەڕەکێک بە ناوی (تەجنید) لە جەلەولا، ناحییەکە لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە بوو، ھاوکات زۆرینەی دانیشتووانی ناحییەکە بەرەو سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان ھەڵاتن.
ھەردوو شارۆچکەی جەلەولا و سەعدییە نزیکەی ٨٠ کیلەمەتر لە شاری بەعقووبەی سەر بە پارێزگای دیالە دوورن و زۆربەی دانیشتووانەکانیشی کوردن.
جەلەولا ناحییەیەکی سەر بە قەزای خانەقینە لە پارێزگای دیالە، بە دووری ١٨٥ کیلۆمەتر لە باکووری رۆژھەڵاتی شاری بەغدای پایتەختی عێراقە، لە ناحییەکەدا پێکھاتەکانی کورد و عەرەب و تورکمان دەژین.
دواتر چەکدارانی داعش ھێرش و پەلامارەکانیان بۆ سەر ناحییەکە چڕ کردەوە لە رێگەی تۆپ و دۆشکە و قەناسەوە، ھەروەھا لە رێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە پردی سەر رێگەی جەلەولا - کەلار تەقێنرایەوە.
لەو ماوەیەدا فەرماندەکانی پێشمەرگە ئاماژەیان بەوە دەکرد کە چەکدارانی داعش بە تەقاندنەوەی پردەکە و چڕکردنەوەی ھێرشەکانیان، نیازی پەلاماردان و کۆنترۆڵکردنی ناو جەلەولایان ھەیە، جەختیشیان دەکردەوە کە پێشمەرگە بەرگری تەواو دەکات و ئامادە نییە ئەو ناحییەیە چۆڵ بکات.
رۆژی ٧ی تەمووز، بەڕێوەبەری ناحییەی جەلەولا ئەنوەر حوسێن بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناحییەکە، پێویستیان بە ژمارەیەکی زیاتری ھێزی پێشمەرگە ھەیە.
ئەنوەر حوسێن گوتی: "چەکدارانی داعش لە گەڕەکی تەجنید ماونەتەوە و بە قەناس تەقە لە ھێزەکانی پێشمەرگە دەکەن، ھەروەھا ناوبەناو تەقینەوە ئەنجام دەدەن. بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناحییەکە ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا پێویستیان بە ھەماھەنگی ھەیە، ھەروەھا پێویستە ژمارەیەکی زیاتری ھێزی پێشمەرگە کە لە دوو لیوا کەمتر نەبن، رەوانەی ناحییەکە بکرێن."
بەپێی ئامارێکی ئیدارەی ناحییەی جەلەولا لە مانگی تەمووزی ٨٠%ی دانیشتووانی جەلەولا بەرەو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ھەڵاتبوون، کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ٨١ ھەزار کەس دەبوو.
رەوشی نائارامی جەلەولا و شەڕی کۆڵان لە نێوان پێشمەرگە و چەکدارانی داعش بەردەوام بوو تا رۆژی ١٠ی ئاب، کە داعش ھێرشێکی فراوانی دەستپێکرد و پێشمەرگە ناحییەکەی چۆڵ کرد و کشایەوە و جەلەولا بە تەواوی کەتە دەستی داعش.
دوای کشانەوە ھێزەکانی پێشمەرگە سەنگەرەکانی خۆیان لە دەرەوەی جەلەولا جێگیر کرد.
دوای ئەو رووداوانە، سەرپەرشتیاری ھێزکانی پێشمەرگەی لە سنووری گەرمەسێر، مەحمود سەنگاوی، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، کشانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناحییەی جەلەولا تاکتیک بووە.
لەو کاتەدا مەحمود سەنگاوی گوتی: "لە دەرەوەی جەلەولا ھێزەکانی پێشمەرگە دەستیان بە لێدانی سەنگەر کردووە و لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرگریکردن و ھێزی تەواو و پیوێست ھەن بۆ بەرنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش."
لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کە ئایە پێشمەرگە لەو ناوچەیە بەرگری دەکات یاخود ھێرش دەکاتەوە سەر چەکداران بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی جەلەولا، سەنگاوی گوتی: "ھیچ پلانێک ئاشکرا ناکرێت، تەنیا ئەوە نەبێت پێشمەرگەی کوردستان بەرگری دەکات و رێگا نادات ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتێتی لە لایەن داعشەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت."
ژمارەیەک لەو پێشمەرگانەی لە جەلەولا بوون و دوای شەڕەکە کشانەوە، باسیان لەوە کرد سەرەتا چەکدارانی داعش ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگریان لەناو شارۆچکەکە تەقاندووەتەوە و چەند پێشمەرگەیەک بەوھۆیەوە بوونەتە قوربانی، دواتر ھێرشەکانیان دەستپێکردووە و پێشمەرگەش بە زوویی کشاوەتەوە.
ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد کە نزیکەی ٢٥ پێشمەرگە لەو ھێرش و پەلامارانەی ١٠ی تەمووزی چەکدارانی داعش بوونەتە قوربانی، تەنانەت چەند پێشمەرگەیەک بە برینداری لەناو شارۆچکەکەدا ماونەتەوە و نەتوانراوە رزگار بکرێن، تا دواتر لە لایەن چەکدارانی داعشەوە کوژراون.
لە ١٠ی تەمووزەوە تا ئەمڕۆ، پێشمەرگە بە دووری چەند کیلۆمەترێک لە دەرەوەی جەلەولا بوو و بازگەی نەقشبەندی دوایین سنووری ھێزەکانی پێشمەرگە بوو، چەکدارانی داعشیش لە بەرامبەردا لە گرد و بەرزاییەکانەوە چاودێری جوڵەی ھێزەکانی پێشمەرگەیان دەکرد.
دۆخی جەلەولا دوای کشانەوەی پێشمەرگە
دوای کشانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە جەلەولا، دۆخێکی نوێ لەناو شارۆچکەکەدا ھاتە ئاراوە.
دوای کۆنترۆڵکردنی جەلەولا چەکدارانی داعش دەستیان بە تەقاندنەوەی باڵەخانە حکومییەکان و پردەکان کرد. ھاوکات باس لەوە دەکرا کە ھێزی پێشمەرگە پڕچەک نییە.
لەو کاتەدا جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان دلێر ماوەتی رایگەیاند، ھیچ جۆرە چەکێکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش نەگەیشتووەتە دەست پێشمەرگە و بەو چەکە کۆنانە شەڕ دەکەن کە لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراقەوە ماوەتەوە.
ماوەتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە شەڕی ئێستای پێشمەرگە دژ بە داعش، بەو چەکانە شەڕ دەکەن کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی پێشووی عێراقە و لە ساڵی ٢٠٠٣ دوای رووخانی رژێمەکە کەوتە دەست ھێزەکانی پێشمەرگە، بەشێکیشیان چەکی سەردەمی شاخی دەست ھێزەکانی پێشمەرگەیە".
ئەو لێدوانە پێش ئەوە بوو کە وڵاتانی جیھان چەک رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکەن، وەک ھاوکاریکردنی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا.
جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد کە لە شەڕی نێوان پێشمەرگە و چەکدارانی داعش لە گەڕەکی وەحدەی شارۆچکەی جەلەولا، بەھۆی کۆنییەوە یەکێک لە تانکەکانی پێشمەرگە لەکارکەوتووە و لە شەڕەکەدا بەجێماوە.
دواتر لە ١٨ی ئاب، ھەواڵی ئەوە بڵاو بووەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ھاوکاری سەربازیی ھێزەکانی پێشمەرگەی کردووە و یەکەم کاروانی ئەو چەکانەش گەیشتووەتە بەرەکانی جەنگ لە ناحییەی جەلەولا.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئێران لە رێگەی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە لە سنووری قەزای خانەقین ھاوکاری زەمینی و ئاسمانیی ھێزەکانی پێشمەرگەی کردبوو جەلەولا.
ھەروەھا بەھۆی ئەوەی خانەقین کەمتر لە ٥ کیلۆمەتر دوورە لە سنوورەکانی ئێرانەوە، بۆ ئەگەری ھەرچەشنە بەرپرچدانەوەیەک، ئێران ھێزەکانی یەکەی ٨١ی زرێپۆشی سوپای پاسدارانی لەسەر سنوورەکانی خۆی لەگەڵ عێراق کۆکردبووەوە.
لەو ماوەیەشدا، ناوە ناوە ھێرشی ئاسمانیی دەکرایە سەر بنکەکانی چەکدارانی داعش لە جەلەولا.
سەرلەبەیانی یەکشەممە ھێزی پێشمەرگە، بە ھەماھەنگی لەگەڵ سوپای عێراق و ھێزی جەماوەریی شیعە، ھێرشیان کردە سەر ھەردوو ناحییەی جەلەولا و سەعدییە، بۆ ئەوەی لە دەستی چەکدارانی داعش دەریبێنن. لە ئاکامدا پێشمەرگە جەلەولا ھێزە شیعەکان و سوپای عێراق سەعدییەیان کۆنترۆڵ کرد.
سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد لەو شەڕەدا ھەماھەنگی تەواو لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەبووە و لە پێنج قۆڵەوە ھێرشیان کردووە و توانیویانە بچنە نێو ھەردوو ناحییەی جەلەولا و سەعدییە و لە ھەردوو ناحییەدا جێگیر بن.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، شەڕەکەی میحوەری جەلەولا راستەوخۆ لە لایەن جێگری سەرۆکی ھەرێم کۆسرەت رەسوڵەوە سەرپەرشتی کراوە، بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەریەک لە مەلا بەختیار و مەحمود سەنگاوی وەکو بەرپرسانی میحوەرەکە.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە دەڤەرەکە ئەوەی خستەڕوو کە ھێزەکانی پێشمەرگە توانیویانە سەربازگەیەکی گرنگ لە نێوان ھەردوو ناحییەی جەلەولا و سەعدییە کۆنترۆڵ بکەن، کە پێشتر ناوی سەربازگەی کۆبرا بووە.
لە کاتی نیوەڕۆدا، بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان د. حەسەن رەمەزان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرای کرد بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرای کرد لە شەڕکانی ئەمڕۆی کۆنترۆڵکردنەوەی ھەردوو ناحییەی جەلەولا و سەعدییە، ١٠ پێشمەرگە کوژراون و ٤٩ی دیکەش بریندار بوونە.
حەسەن رەمەزان گوتی: "لە شەڕەکانی ئەمڕۆدا ١٥ کەس کوژران، ١٠یان پێشمەرگە بوون و پێنجیشیان لە ھێزە شیعەکان، ھەروەھا ٦٠ برینداریشمان پێگەیشتووە کە زۆرینەی ھەرە زۆری ئەوانە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی خانەقین، لە نێو ئەو ژمارەیە ٤٩یان پێشمەرگەن، ١١شیان لە ھێزە شیعەکانن".
بەڵام بەپێَی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، تا ئەم ئێواریە ژمارەی کوژراوانی پێشمەرگە لە ئۆپەڕاسیۆنەکی ئەمڕۆدا گەیشتووەتە ٢٥ پێشمەرگە، ھاوکات نزیکەی ٨٠ برینداریش گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکان.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆربەی قوربانیانی پێشمەرگە بەھۆی بۆمبەوە کوژراون و بریندار بوونە.
news_share_descriptionsubscription_contact

