دیالە
یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە جەلەولا دووبارە داوا دەکا، بۆ پاراستنی گیانی پێکھاتەکانی ناوچە کێشەلەسەرەکان بە گشتی و شارۆچکەی جەلەولا بە تایبەتی، ھێزی پێشمەرگە رەوانەی ئەو ناوچانە بکرێن.
دوای چەند کاتژمێرێک لەو دوو تەقیینەوەیەی کە یەکێکیان بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک بارەگای یەکێتی لە شارۆچکەی جەلەولا و ئەوەی دیکەش لە رێگای ھێرشێکی خۆشی لە بەردەم بارەگای ھێزەکانی ئاسایش لە نزیک بارەگاکەی یەکێتی لەو شارۆچکەیە روویداو لەدەرنجامدا ١٧ کەس کوژران و ٦٥ کەسی دیکە بریندار بوون.
سەرکردەی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە شاری جەلەولا ئیبراھیم باجەلان لە لێدوانێکدا باسی لە ھۆکاریکردنە ئامانجی بارەگاکانی یەکێتی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کرد و گوتی: "کردنە ئامانجی بارەگاکانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە لایەن ھەندێ کەسەوە کە خاوەن بیری رەشن بۆ ھەڵویستە نیشتمانییەکانی یەکێتی دەگەرێتەوە، وەک ئاشکرایە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان حزبێکی سۆشالیستی جیھانییە."
ئیبراھیم باجەلان گوتیشی: "بارەگاکانی یەکێتی لە خانەقین و سەعدییە و جەلەولا بە بەردەوامی بە ھۆی ھەڵویستە نیشتمانییەکان رووبەڕوویی ھێرش و تەقینەوە دەبنەوە و ئەمە سەرەڕای ئەوەی بە ھەزارن خێزانی کورد ھەر بە ھۆی ھەڕەشەی گروپە تیرۆریستیە شۆڤینییەکانوە مال و حاڵی خۆیان جێھێشتووە و ئاوارەی ناوچەکانی دیکە بوونە."
لە قسەکانیدا ئەو سەرکردەیەی یەکێتیی داوای کرد، ھەر دوو حکومەتی، ھەرێمی کوردستان و عێراق بە پەلە بگەنە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی لەمەودا ھێزەکانی پێشمەرگە بەشداری لە پاراستنی ئاسایش ناوچە کێشەلەسەرەکان بە گشتی و شارۆچکەی جەلەولا بەتایبەتی بکات.