ھەولێر
لە پێشانگاکەدا کۆماری ئیسلامی ئیران زیاتر لە ١٥٠ کۆمپانیای بەرهەمهێنانی خواردن، خواردنەوە، پیشەسازیی و رازاندنەوە و کاری دەستیی بەرهەمەکانی خۆیان نمایش کردبوو.
لە کاتی کردنەوەی پێشانگاکە، کونسوڵی ئێران لە هەولێر عەبدولعەزیم حوسێنی گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا گوتی: "خۆشحاڵین بە کردنەوەی پێشانگاکانمان لە ھەرێمی کوردستان، ئەمە نیشانی دەدا رۆژ بە رۆژ پەیوەندیی سیاسی و ئابوورییمان لەگەڵ ئەم هەرێمە قوڵتر دەبنەوە. بە جۆرێ ئێستا زیاتر لە ٣٠ بریکارمان لە ھەرێمدا ھەیە و زیاتر لە ٤٥ کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئێرانیی لە سەرتاسەری عێراقدا ھەیە و ھەشتیان لە ھەرێمی کوردستاندان."
حوسێنی گوتی: "سەفەری عێراقییەکان لە نەوروزی ساڵی رابردوو تا نەورۆزی ئەمساڵ بۆ ئێران، نزیکەی دوو ملیۆن کەس بووە، سەدا پەنجای ئەو گەشتیارانە خەڵکی ھەرێمی کوردستان بوون. ھەروەھا زیاتر لە دوو ملیون ئێرانیی روویان لە عێراق کردووە و زیاتر لە نیوەی هاتوونەتە ھەرێمی کوردستان. بێجگە لەمانە ٣٠ ھەزار ئەندازیار و کرێکاری وڵاتی ئێمە لەم هەرێمە کار دەکەن. ئەمانە هەموو نیشاندانی پەویوەندییەکی مەزنە."
بەگوێرەی قسەی کونسوڵی ئێران لە هەولیر، پار بایی ١٣ ملیار دۆلار کەلوپەل ئاڵووێری پێکراوە لە نێوان عێراق و ئێراندا کە لە سەدا ٤٥ی ئاڵوگوری ئابووری لە گەڵ ھەرێمی کوردستان بووە.
مستەفا عەبدولڕەحمان سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی ھەرێمی کوردستان گوتی: "لەو پێشانگایەدا زیاتر کۆمپانیاکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەشدارییان کردووە و ئەو کاڵا و کۆمپانیانانە تائێستا نەهێنراونتە ھەرێم، لەو پێشانگایەدا بەشداریانکردووە."
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەیدا بە قەیرانی هەرێمی کوردستان و گوتی: "ئەو قەیرانە سستی خستۆتە نێو بازاڕەکان و ئەوەیش بە فروشتنی نەوتی ھەرێم دەتوانرێ چارەسەر بکرێ."