هەولێر
لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ چەكدارانی داعش توانیان قەزای شنگالی ئێزیدی نشین كۆنترۆڵ بكەن. ئەوەش بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار هاوڵاتی ناوچەكە و چەكدارەكان ژمارەیەكی زۆر گەنج و ژنانیانی ئێزیدیان لە شنگال دەستگیركرد. هەرچەندە تا ئێستا ئامارێكی دروست بەردەست نییە، كورد ئەو رووداوە بە "ئەنفال و جینۆساید" دادەنێن.
وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان، مەحمود حاجی ساڵح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێ: "رووداوی شنگال یەكێكە لە مەترسیدارترین رووداوەكان كەلە دونیا روویداوە. ئەو كارەساتەش بەپێی هەموو پێوەرەكان دووجار بە جینۆساید دادەنرێ لەرووی ئاینی هەم لە رووی ئینسانیشەوە."
وتیشی "تا ئێستا ئاماری دروستمان لەبەردەست نییە بۆ زانینی ژمارەی شەهید و قوربانییەكان. بەڵام وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەجددی مەسەلەكەمان وەرگرتوە. بۆ ئەو كەیسەش حكومەت لیژنەیەكی پێكهێناوە. كە بە فیعلی كار لەسەر رووداوی شنگال بكات بۆ بەجینۆساید ناساندنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. لێژنەكەش پێكهاتووە لە نوێنەرانی وەزارەتی شەهیدان و پەیوەندیەكانی دەرەوە و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و بەشی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران. دەمانەوێ كەیسەكە بەجینۆساید بناسێنین".
سەبارەت بەهەڵوێستی حكومەتی عێراق، وەزیری شەهیدانی هەرێمی كوردستان گوتی: "تا ئێستا بەغدا هەڵوێستی نییە بەڵام پێویستە حكومەت و پەرلەمانی عێراق، لەسەر كەیسی ئێزیدیەكان بێنە وەڵام و ئەو كەیسە بە جینۆساید بناسێنن. لەبەرئەوەی بەغدا خۆی رێكەوتننامەی دژە جینۆسایدی واژۆكردوە".
وەزیری شەهیدانی هەرێمی كوردستان، مەحمود حاجی ساڵح لەو دیدارەی ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێ: "لە ساڵی 1936 كە نەتەوەییەكان لەسەر دەسەڵات بوون، لە بەغدا جینۆساید بەرامبەر گەلی كورد ئەنجامدرا، پاش هاتنی بەعس بە هەشت قۆناغی تر جینۆساید بەرامبەر كورد كراوە".بەپێی رێكەوتنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان، لە ساڵی 1951 كە ئەگەر هاتوو لەسەر بنەمای جیاوازی رەگەز، ئاین، نەتەوە بە ئەنقەست هەوڵی لەناوبردنیان بدرێت، ئەو تاوانە دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە.
وەزیری كاروباری شەهیدان. حاجی ساڵح دەڵێ: "كورد لە مێژوودا بەشێوازی جیاجیا جینۆساید كراوە. بۆنموونە خاپوركردنی خانوبەرە، كیماباران، راگواستن، ئەنفال، بۆردومانكردن، كوشتنی بەكۆمەڵ، كەیسی كوردە فەیلی و بارزانییەكان و كۆڕەو هەموو ئەمانە جینۆسایدن.
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد "جگەلە كەیسی شنگال، تا ئێستا 16 كەیسی جینۆساید هەیە بیناسێنن، پێویستە قەرەبوو بكرێنەوە. چوار وڵات كەیسەكەیان ناساندوە. بەریتانیا، سوێد، نەرویج و كۆریای باشور و ئەوەی كاری لەسەركراوە ئەمریكا و كەنەدا و یەكێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێكی ترن".
وەزیرەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان. گوتیشی "ئەو كەسانەی لە رووداوی شنگال بوونەتە قوربانی بەپێی یاسایی وەزارەت وەك شەهیدی راستەقینەی ئەم میللەتە قبووڵ دەكرێن و هەموو ئیمتیازێك دەیانگرێتەوە".
لە میانەی ئەو دیدارەی ئاژانسی ئانادۆڵو وەزیری شەهیدانی هەرێم. باسی لەو نەهامەتیانە كرد بەسەر گەلی كوردا هاتوون. گوتی "ئێمە نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتین، لە هەر چوار پارچەی كوردستان، زیاتر لە 40 ملیۆن كەسین مافی سەرەتایی ژیانمان بەڕەوا نابینن. ئەوەی لە باشوری كوردستانیش بەدەستهاتووە، لە ئەنجامی خەباتێكی درژێرخایەنە."مەحمود حاجی ساڵح گوتیشی "دوای راپەڕینی 1991 ئیدارەیەكی خۆ بەڕێوەبردن هەیە بەداخەوە ئەوانەی كوردستانیان داگیركردوە، دڵخۆشنین خۆمان بەڕێوەببەین. سەردەمانێك بەعس دەیویست، ئەم هەرێمەش ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت تائەمڕۆش رق و قینە ماوە. كە بەناوی نەتەوەیی و توندڕەوی ئایینی خۆیان دەناسێنن، ئێستاش كە داعش هاتووە شەڕمان پێ دەفرۆشێ بێگومان ئەوانیش مەرامی وڵاتانی نەیاری كورد جێبەجێ دەكەن".
هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد "بەردەوام ترسمان هەیە جینۆساید بەسەر كوردابێت. بەداخەوە رووداوی شنگال و ئەو شەڕەی ئێستا بەناوی داعش بەرۆكی كوردی گرتووە. جۆرێكە لە جینۆساید دەكرێ بە ئەنفالی 9 ناو بنێین. چونكە پێشتر بەعس بەهەشت قۆناغ، كوردی ئەنفال كرد."