Heman Hussein Yaseen
11 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2020
هەولێر - AA
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف رایگەیاند کە پێشنیازێکیان پێشکەش بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە سەبارەت بە جێکردنەوەی مێژووی پێکهاتەکان لە پرۆگرامی خوێندندا و بە ئەرێنی وەڵامەکەیان بۆ هاتووەتەوە.
ئایدن مەعروف بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "مانگی رابردوو پێشنیازێکمان پێشکەش بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد سەبارەت بە مێژووی پێکهاتەکان و جێکردنەوەیان لەناو پڕۆگرامی خوێندندا، بەخۆشحاڵییەوە وەزارەتی پەروەردە بە ئەرێنی وەڵامەکەی ناردووەتەوە و ئەمەش زیاتر گرنگیدانە بە مافی پێکهاتەکان و پەرەپێدانە بە کولتووری پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف لەبارەی هۆکاری پێشکەشکردنی پێشنیازەکەیان گوتی: "بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان پاڵپشتییە بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی، ریزگرتنە لە دەسەڵاتی سیاسیی و بایەخدانە بە پێکەوەژیان، ئێمەش وەکو وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە نزیکەوە چاودێری و ئاگاداری داواکارییەکانی پێکهاتەکانین و بەبێ جیاوازی کاری لەسەر دەکەین".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "داوامان کردبوو کورتەیەک لە مێژووی پێکهاتەکان، مێژووی نەتەوەیی و ئایینی بخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندنەوە و بە سوپاسەوە وەزارەتی پەروەردە بە ئەرێنیی وەڵامی داوەتەوە و کار لەسەر بابەتەکە دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت لە داهاتوودا کورتەیەک لە مێژووی پێکهاتەکان بخاتە ناو پرۆگرامی خوێندنەوە، ئەمەش بۆ هەموو قوتابخانەکانی هەرێمە".
ئایدن مەعروف لەبارەی میکانیزمی نووسینەوەی مێژووی پێکهاتەکان و داڕشتنەوەی لەناو پڕۆگرامی خوێندندا گوتی: "ئەمە پێویست بەوە دەکات کە کۆنگرە و کۆنفڕانسی تایبەت ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بەشێوەی جوانتر و رێکتر کورتەیەک لە مێژووی پێکهاتەی نەتەوەیی وەک تورکمان و کلد-ئاشووری و سریانی و دواتر پێکهاتەی ئاینزاکان بنووسرێتەوە و گرنگە قوتابی لەسەرەتای دەستپێکی خوێندنیەوە مێژووی وڵاتەکەی بزانێت".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف راشیگەیاند کە پێشنیازەکە مێژووی، سیاسیی و ئابووری و کولتووری لەخۆ دەگرێت و ئەمەیشی بە پەرەپێدانی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیانی لە هەرێمی کوردستاندا وەسفکرد.
هاوکات بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان، گەلاوێژ عوبێد ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە هەموو قوتابییەک لەسەرەتاوە شارەزای مێژووی نەتەوەی خۆی بێت بۆ ئەوەی جیاوازی نێوان نەتەوەی خۆی و نەتەوەکانی دیکە بزانێت.
لەمبارەیەوە گەلاوێژ عوبێد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "قوتابییان پێویستە هەر لەسەرەتاوە شارەزای هەموو مێژوویەک بن، قوتابییانی هەرێمی کوردستانیش پێویستە بزانن کە میللەتی کورد چۆنە و پێکهاتەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بناسن، بەمەیش قوتابییان لە رووی زانیارییەوە زیرەکتر دەبن و دەزانن جیاوازی نێوان نەتەوەی خۆیان و نەتەوەکانی دیکە چۆنە و ئەمەی بەکارێکی باش دەبینین".
پێکھاتە نەتەوەییەکان لە ھەرێمی کوردستان بریتین لە؛ کورد، تورکمان، کلد- ئاشووریی و سریانیی، ھەروەھا پێکھاتە ئایینییەکانیش بریتیین لە مەسیحی، ئێزدی، شەبەک، کاکەیی، فەیلی، زەردەشتی، بەھائی و سابیئەکان.