سلێمانی
بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له كوردستان پێیوایه ده‌رفه‌ت نه‌درا به حكوومه‌تی محه‌مه‌د موڕسی تا ئه‌و پڕۆژانه‌ی هه‌یبوو جێبه‌جێیان بكات. له‌هه‌مان كات ره‌خنه له شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ئیخوانه‌كان ده‌گرێت كه پێیانوایه به قسه‌ی خۆی ده‌توانن ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ببه‌ن.
شوان قه‌ڵادزه‌یی گوته‌بێژی فه‌رمی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له كوردستانی عێراق له لێدوانێكی تایبه‌تی بۆ AA دورخستنه‌وه‌ی محه‌مه‌د موڕسی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته به‌كوده‌تا ناوده‌بات و پێیوایه ده‌رفه‌ت به حكوومه‌تی دكتۆر مورسی نه‌درا پڕۆژه‌كانی جێبه‌جێ بكات:" حكوومه‌تی دكتۆر موڕسی كه ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر متمانه‌ی ده‌نگده‌رانی وڵاته‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ نه‌ڕه‌خسا تاوه‌كو میسڕ بگه‌ڕێنێته‌وه ریزی ده‌وڵه‌تانی موسڵمان و بتوانێ پڕۆژه‌كانی جێبه‌جێ بكات". گوته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ئاماژه به‌و لایه‌نانه ده‌كات كه له‌پشت دژایه‌تیكردنی حكوومه‌تی موڕسی وه‌ستاون:" پارتی نیشتمانی پارتی (حوسنی موباڕهك) سه‌رۆكی پێشووی میسڕ به‌هاوكاری ئه‌مریكا و ئیسڕائیل و چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی له‌پشت ئه‌و كوده‌تایه ده‌وه‌ستن".
ئه‌و گوته‌بێژه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له كۆتایی قسه‌كانیدا ره‌خنه له ئسلوبی ئیخوانیه‌كان له به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات ده‌گرێت و ده‌ڵێ:" به قسه‌ی خۆش ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ناچێت، ده‌بێت تۆ بهێزی خۆت نیشان بده‌یت و هه‌وڵبده‌یت ركابه‌ر و هه‌موو به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگا بكه‌یته پاڵپشتێك بۆ خۆت. له‌وباره‌یه‌وه نموونه‌ی AKP له توركیا هه‌یه، سه‌یركه‌ن پاڵشتی و هاوكاری ئه‌رمه‌ن و هه‌موو ئایینه‌كانی تریش به‌ده‌ست دێنێ".
یه‌كگرتووی ئیسلامی
به‌رپرسێكی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگه‌یاند لادانی سه‌رۆكی میسری و ڕوداوه‌كانی ڕۆژی ڕابردووی ئه‌و ووڵاته، كودهتاو پلانێكی نێوده‌وڵه‌تی بوو ، هۆكاری ئه‌و ڕوداوه‌ش بۆ نه‌بونی كۆده‌نگی هێزو لایه‌نه سیاسییه‌كانی ئه‌و ووڵاته ده‌گێڕێته‌وه.
شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی له‌ووڵاتی میسردا ڕویدا به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی و میسر به‌تایبه‌تی شتێك نییه به‌ناوی پاراستنی شه‌رعییه‌ت و سه‌روه‌ری یاسا پارێزراو نییه.
جه‌وده‌ت گوتی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تێبینیمان له‌سه‌ر ئه‌دائی حكومه‌ت هه‌بوو، به‌ڵام ئێمه بهكودهتاو پلانێكی نێوده‌وڵه‌تی ده‌زانین كهسوپاو ڕاگه‌یاندنی ئه‌و وولاته به‌پاڵپشتی دارایی گه‌وره‌ی ده‌ره‌كی بۆ هاندانی نه‌یاران و ڕێكخستنی كوده‌تا ڕێكخرابوو.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، میسر ووڵاتێكی ماندووی چه‌ند ده‌یه‌ی سه‌رده‌می موباره‌كه‌و به‌ده‌ست چه‌ندین قه‌یرانه‌وه ده‌ناڵێنێ، ده‌بوو سیستمی حوكمڕانی له‌و وولاته‌دا لانی كه‌م كۆده‌نگی له‌سه‌ر بوایه‌و خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوان كۆی هێزو لایه‌نه‌كاندا هه‌بوایه، به‌ڵام ئه‌وه نه‌كراو حوكمی زۆرینه ده‌سه‌ڵاتی كرد كه‌ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌ك بوو ئه‌نجامه‌كه‌شی به‌ده‌ستی ده‌ره‌كی وبه‌و شێوه‌یه‌و كه‌وته‌وه.
له‌لای خۆیه‌وه موسه‌نا ئه‌مین ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی هه‌مان حزب گوتی، ڕوداوه‌كانی ئێستای میسر‌و ئه‌و كوده‌تایه‌ی ڕویدا هاوشێوه‌ی هه‌مان كودهتاو ئه‌و ڕوداوانه‌یه كه‌ساڵی هه‌شتاكان له‌توركیا ڕویدا‌و كۆتاییه‌كه‌شی به‌سه‌ركه‌وتنی ئیسلامییه‌كان ده‌شكێته‌وه.