Dilşad Seyfeddin Ahmet
14 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2016
رێوڕەسمەكە لە ژێر ناوی چلە و ئەندێشەی زەڵمی بە ئامادەبونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبی و مامۆستایانی زانكۆ و نووسەران و رۆژنامەنوسان و بنەماڵەكەی بەڕێوە چوو، تێیدا گوتاری لیژنەی ئامادەكار و گوتاری سەركۆماری عێراق پێشكەش كران، دواتر چوار توێژینەوە دەربارەی لۆژیك و فەلسەفە لە هزری زەڵمی و جیاوازی بەرهەمەكانی و گەورەیی نووسین و بەرهەمی ئەو زانایە پێشكەش كران.
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی سەڵاحەدین سەعید لە گوتاری لیژنەی ئامادەكاریی چلەكەدا گوتی: "جێگەی خۆیەتی شانازی بە كەسایەتی و زانست و زانیاری و بەرهەمەكانی مامۆستا مستەفا زەڵمییەوە بكرێت، ئەم پیاوە مەزنە هەمو تەمەنی خۆی بۆ فێربوون و خوێندن و گەشەپێدانی تواناكانی بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی تەرخان كردووە، لە جیهانی ئیسلامیشدا پیاوێكی سەنگین و زانایەكی متمانەپێكراو و خاوەنی چەندین بۆچونی تایبەت و فتوای بوێرانە و گرنگ بووە".
ئەو گوتی: "جێگای شانازییە بۆ ئێمەی ئەكادیمیستیانی كورد كە هاوپیشە و هاوزمانێكی خۆمان بەرهەم و نوسین و توێژینەوەو بەخششە زانستی و ئەكادیمییەكانی لە بەشێكی زۆری زانكۆ و ناوەندە باڵا ئیسلامییەكانی وڵاتانی ئیسلامی دەخوێندرێت و بەكار دەهێنرێت".
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی جەختی كردەوە لەسەر پێویستی گرنگیدانی زیاتر بە بەرهەم و نوسینەكانی زەڵمی و ئەنجامدانی كۆنفراسی گەورەی ساڵانەی زانستی بۆ ئەو زانایە، ئامادەیی زانكۆكەشی نیشان دا بۆ هەر ناوەند و دەزگایەك كە كار لەسەر بەرهەم و نووسینەكانی بكەن.
گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق خالید شوانی گوتاری سەركۆماری عێراق فوئاد مەعسوومی خوێندەوە، لە بەشێكی گوتارەكەدا سەركۆماری عێراق باسی بەشێك لە ژیان و دۆستایەتی خۆی كردووە لەگەڵ مستەفا زەڵمی و ئاماژەی بە لێهاتوویی و خزمەتەكانی ئەو لە ماوەی ژیانیدا كردووە.
پ.د.مستەفا زەڵمی لە ساڵی 1924 لە گوندی زەڵم لە ناوچەی هەورامان (پارێزگای هەڵەبجە) لە دایك بووە. لە ساڵی 1946دا خوێندنی زانستی ئیسلامی تەواو كردوە، لە ساڵی 1965 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە بواری یاسادا لە زانكۆی بەغدا بەدەست هێناوە، بڕوانامەی ماستەری لە شەریعەی ئیسلامی و فیقهی بەراوردكاری لە زانكۆی بەغدا و قاهیرە بەدەست هێناوە، لەساڵی 1975 دا دكتۆرای لە فیقهی بەراورد لە زانكۆی ئەزهەر لە میسر بەدەست هێناوەتەوە.
د.مستەفا زەڵمی لە ژیانیدا نزیكەی 70 كتێبی نووسیوە و سەرپەرشتی دەیان نامەی ماستەر و تێزی دكتۆرای كردووە.
ناوبراو رۆژی 4/6/2016 لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد و لە رێوڕەسمێكی گەورەدا لە شارۆچكەی خورماڵ لە ناوچەی هەورامان بەخاك سپێردرا.