پیشەی جۆڵایی لە دروستکردنی قوماشی کر و مەرەز دا
جۆڵا لە ڕێگای دەزگایەکی تایبەتەوە ڕستن و چنین ئەنجام دەدات کە پێی دەگوترێت "پێ چاڵ" و ئەم دەزگایە لە چەند بەشێک پێکدێت کە ھەر کامێکیان ئەرک و فەرمانێکی جیاوازیان ھەیە.

Arbil
هەولێر - AA هێمن حوسێن
قوماشی کر یان مەرەز، لە کۆنەوە خواستێکی زۆری لەسەرە و پیاوان دەیکەنە جلوبەرگ و لە بۆنە تایبەتەکاندا دەیپۆشن، مەرەز بەهۆی بەرزی کوالێتی و جەوهەری قوماشەکەوە، لە دوورەوە دەناسرێتەوە.
قوماشەکە لە خووری مەرەز دروست دەکرێت، خوورییەکە بەهۆی پتەوی لە جۆر و تێکنەچوونی ڕەنگەکەی، سەرنجی بەکارهێنەرانی ڕاکێشاوە و لە پیشەسازی ڕستن و چنین بەکاردێت و یەکێک لەوانەش بۆ دروستکردنی جلوبەرگی کوردی بە تایبەتی کر یان شاڵ و شەپک خواستێکی زۆری لەسەرە و بە چەند ڕەنگێکی جیاواز دروست دەکرێت.
دروستکردنی کر، بە چەند قۆناغێک تێپەڕ دەبێت، کۆتا قۆناغی بەر لە دوورین، چنینە. ئەم چنینە جۆڵایەک لە ڕێگای دەزگایەکی تایبەت ئەنجامی دەدات کە پێی دەگوترێت "پێ چاڵ"، بۆیەش پێی دەگوترێت پێ چاڵ چونکە جۆڵا لەکاتی کارکردندا قاچی شۆڕدەکاتەوە ناو چاڵێک و لەوێ لە ڕێگای قاچەکانییەوە جووڵە بە دەزگاکە دەکات.
پێ چاڵ لە چەند پارچەیەک پێکدێت، وەک پردەڵە کە دارێکە لەسەر دوو سینگ داکوتراوە و ڕایەڵەکان دەکەونە سەری، هەروەها دەفە، تەختەیەکی پانی دەسکدارە و لەسەر دەزگای جۆڵا هاتوچۆ دەکات، یەکێکی دیکە لە پارچەکان بریتییە لە شە، ئەم پارچەیەش چوارچێوەیەکی دارە، ناو چوارچێوەکە وەک دەنکی شانە بە قامیشی لووس و سەخت پڕکراوەتەوە، بە نێوان هەر ددانێکی شانەدا داوەکان تێپەڕدەبن و دەکوترێتەوە تا سفت و توند دەبێت، هەروەها گورد پارچەیەکی دیکەیە کە بریتییە لە دوو دار و هەردوو سەری شانەکە پێیدا تێپەڕدەبن.
جۆڵایەک ماوەی نزیکەی ٤٠ ساڵە بە پیشەکەیەوە سەرقاڵە و هونەرەکەی لە باوک و باپیرانییەوە بۆ ماوەتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات کە بەهۆی قورسی کارەکە و کەمی داهاتەکەیەوە، پیشەکەیان مەترسی لە ناوچوونی لەسەرە.
مەرەز یان کر، سێ جۆری هەیە، جۆری زاخۆیی، مەرگەیی و هەورامیی، کە هەرکامێکیان پەیوەستە بە ناوچەیەک و لە ڕووی کێش و دیزاینەوە جیاوازی هەیە و، پیشەگەرێک کە خەڵكی گوندی کانی توویی سەر بە دەڤەری مەرگەیە لە پارێزگای سلێمانی، ماوەی نزیکەی ٤٠ ساڵە خەریکی جۆڵاییکردنە و قوماشی کر بۆ داواکارەکانی دروست دەکات.
خدر عەلی حەسەن، دانیشتووی قەزای ڕانیە لە پارێزگای سلێمانی، لە ماڵەکەی خۆیدا، شوێنێکی بۆ پیشەکەی تەرخانکردووە و ڕۆژانە سەرقاڵی کارەکەی خۆیەتی و ئەو لەبارەی مێژووی دەستپێکی پیشەکە و چۆنیەتی بەردەوامیی پێدانی، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "باوک و مامەکانم بەر لە ٧٥ ساڵ خەریکی پیشەی جۆڵایی بوون، منیش لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە دەستم داوەتە ئەم پیشەیە و نزیکەی ٣٧ ساڵە بەردەوامم، بەڵام بە گشتیی پیشەکەمان مەترسی لەناوچوونی لەسەرە بەهۆی سەختی کارەکە و کەمی داهاتەکەی".
خدر عەلی حەسەن گوتیشی: "دروستکردنی قوماشی کر یان مەرەز، بە حەوت قۆناغ تێدەپەڕێت، سەرەتا مووی بزنە مەرزەکە لە وەرزی بەهاردا لێ دەکرێتەوە، پاشان جوان دەشۆردرێت، ئینجا شیتەڵ دەکرێت و لەیەکتری هەڵیدەوەشێننەوە، دواتر خانمانی دەستڕەنگین لە ڕێگای تەشییەوە دەیڕێسن و دەیکەن بە داوی باریک و پاشان دەگاتە بەردەستی ئێمە و دەیچنین، دوای چنین دەیشۆین و لە پرێسی دەدەین، لە کۆتاییدا هەڵیدەخەین تا وشک دەبێتەوە و دەبێتە قوماشێک کە ئامادەیە بۆ دوورین".
لەبارەی جۆر و ڕەنگی مووی مەرزەکە، خدر عەلی حەسەن گوتی: "لای ئێمە جۆری مووەکە زیاتر خۆماڵیی بووە بەپێی ئەوەی لە ناوچەکە ئاژەڵداری زۆر بووە و توانیوومانە بە ئاسانی مووی مەرەزمان دەست بکەوێت، بەڵام بە ویستی خۆمان و موشتەرییەکان ڕەنگەکە دیاریی دەکەین کە ئایا بۆیاخی دەکەین یان بە سرووشتی خۆی دەمێنێتەوە".
خدر عەلی حەسەن گوتیشی: "ئەو مووەی ئێمە بەکاری دەهێنین مووی سرووشتی ناوچەکەیە، بەڵام دواتر کە دەچنرێت و دەدوورێت و دەبێتە جلوبەرگی شاڵ یان کر، ئەوا پۆڵێنی سەر سێ ناوچەی جیاواز دەکرێت، یەکەمیان پێی دەڵێن کری بادینی یان زاخۆیی، هەروەها سۆرانی یان مەرگەیی، سێیەمیشیان کری هەورامی کە خەتی باریکە و موادی کەمتر دەوێت، هەر سێکیان بەکاردێت و خەڵک دەیانپۆشێت".
لەبارەی جیاوازی هەر سێ جۆرەکەی شاڵ، خدر عەلی حەسەن گوتی: "کری بادینی یان زاخۆیی، سێ کیلۆ مەوادی سەرەتایی پێویستە، کری سۆرانی یان مەرگەیی، دوو کیلۆ و نیو مەوادی پێویستە، هەروەها کری ئێرانی یان هەورامی یەک کیلۆ و نیو مەوادی پیویستە، لە هەموو جۆرەکانیشدا ڕێژەی بەکارهێنانی ئەندازەی داوەکان جیاوازە".
خدر عەلی حەسەن گوتیشی: "پارچەیەک قوماشی ئامادەکراو بۆ دروستکردنی ڕانک و چۆغەی کر، لە ڕووی قەبارە و کێشەوە جیاوازی هەیە لە هەر سێ جۆرەکان، ئەوانیش پارچەیەک قوماش بۆ دروستکردنی کر بە دەستووری بادینی یان زاخۆیی پانییەکەی ٣٣ سانتیم و درێژییەکەی ١٤ مەترە، لە دەستووری سۆرانی یان مەرگەیی، پانییەکەی ١٨ سانتیم و درێژییەکەی ٢٥ مەترە، هەروەها لە دەستووری هەورامی پانییەکەی ١٥ سانتیم و درێژییەکەی ٣٢ مەترە".
دروستکردنی شاڵ کاتێکی زۆری دەوێت و بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕدەبێت، لەمبارەیەوە خدر عەلی حەسەن گوتی: "ئەم پڕۆسەیە ئەگەر بمانەوێت لە سەرەتا تا کۆتایی هەژماری بکەین، کر یان شاڵێکی ئێرانی و هەورامی نزیکەی ٥٠ بۆ ٦٠ کاتژمێر کارکردنی پێویستە، هەروەها بۆ سۆرانی یان مەرگە نزیکەی ٧٠ بۆ ٨٠ کاتژمێری پێویستە، بۆ بادینی یان زاخۆیی لانیکەم ٩٥ کاتژمێری کارکردنی بەردەوامی پێویستە تا تەواو دەبێت".
قوماشی کر بە چەند ڕەنگێک لە بازاڕ دەست دەکەوێت، لەوانەش هەندێکیان ڕەنگی سرووشتی و هەندێکیان دەستکردن، لەمبارەیەوە خدر عەلی حەسەن گوتی: "ڕەنگە سرووشتییەکانی کر، بریتییە لە قاوەیی، سووری تۆخ، سپی، ڕەش، تێکەڵکردنی سپی و ڕەش، هەروەها کرێمیی و زەرد، هەروەها ئەوانەی دیکە بۆیاخ دەکرێن بەپێی خواستی داواکار، وەک سەوز، ماڕۆنی، شین، پووشی و ڕەساسی".
لە کۆنەوە، قوماشەکە لە ڕووی نرخەوە گرانە و هەموو خەڵک توانای کڕینی نیە، لەبارەی هۆکاری گرانبوونەکەیەوە، خدر عەلی حەسەن گوتی: " گرانی نرخەکەی مەوادە سەرەتاییەکەیە کە دێتە دەستمان، ئێمە سەرەتا مووەکە دەکڕین، ئەوەی لە دەرەوەی وڵات دێت گرانترە، ئەوەی ناوخۆش ڕێژەکەی کەمە جونکە ئاژەڵ کەم بووەتەوە بەهۆی ئەوەی خەڵک کەمتر شوانیی دەکات، داهاتەکەشی کەمە، بۆ نموونە ئافرەتێک پێنج کاتژمێر کار دەکات ڕەنگە نەکاتە دە هەزار دینار، بۆیە ئامادە نیە کارەکە بکات، هەروەها جۆڵاکانیش ڕۆژ هەیە ١٥ هەزار دیناریان بۆ دەمێنێتەوە، بۆیە ئەم بڕە کەمە داهاتەمان هەیە و ناچارین هەندێک ڕێژەی داهاتەکەمان زیاد بکەین بۆ ئەوەی بتوانین پێی بژین و بەردەوامی پێ بدەین".
لەبارەی خواستی خەڵکەوە، خدر عەلی حەسەن گوتی: "خواستی خەڵک زۆر باشە بە تایبەتی ئەو شێوەی کە بادینییە و شەپۆلی تێدایە، خەڵکی خواپێداو زیاتر بەکاریدەهێنێت، تا ئێستا بازاڕەکەی باشە، هەرچەندە بە گشتی جموجۆڵی بازاڕ باش نیە بەڵام ئێمە تا ئێستا توانیوومانە خۆبژێوی خۆمانی پێ دابین بکەین".
پیشەی جۆڵایی وەک هەر پیشەیەکی دیکە، کاریگەریی لەسەر تەندروستی هەیە، لەبارەی ڕێگاکانی خۆپارێزییەوە، خدر عەلی حەسەن گوتی: "پیشەکەمان زۆرجار زیانمان پێ دەگەیەنێت ئەگەر وریای خۆمان نەبین، چونکە زۆربەی جۆڵاکان کە وازیان هێناوە لە پیشەکەیان بەهۆی فەقەڕاتی پشتەوە بووە، هەروەها دەبێتە هۆی کزبوونی چاو، لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانی بۆیاخ کاریگەری خراپی لەسەر کۆئەندامی هەناسە هەیە، بۆیە دەبێت ئاگاداری تەندروستی خۆمان بین و بە درێژایی کارکردنی ڕۆژانەمان دەبێت پشوو بەخۆمان بدەین.
بەهۆی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنەکانەوە، بەشێکی زۆری کارە دەستییەکان مەترسیی لەناوچوونییان لەسەرە، پیشەی جۆڵاییش یەکێکە لەو پیشانەی زۆر کەم بووەتەوە و مەترسیی ئەوەی هەیە لە داهاتوودا لەناوبچێت، لەمبارەیەوە خدر عەلی حەسەن گوتی: "ئەم کارەی ئێمە بەرەو لەناوچوون دەچێت، لە کۆندا لە بنەماڵەکەی ئێمە و تەنانەت لە گوندەکەی ئێمەدا، هیچ ماڵێک نەبوو کە یەک دەزگای تێدا نەبێت، ئێستا دەزگاکان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، منداڵەکانیشمان لە ئێستادا ئامادەنین ئەم جۆرە کارەی بکەن چونکە زەحمەتێکی زۆر و داهاتێکی کەمی هەیە، بۆیە بەڕاستی زۆرجار خوازیارین خەڵکێکی گەنج ئەم پیشەیە فێربێت بۆ ئەوەی لە مەترسی لەناوچوون بیپارێزین".
https://x.com/aasorani/status/1958453788269809793/photo/1 بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن