پارکی سامی عەبدورحمان دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی شاری ھەولێر و بەرامبەر پەرلەمانی ھەرێمی کوردستانە. ئەو پارکە لە شوێنی سەربازگەی کۆنی رژێمی بەعس دروستکراوە كه ناوی سهربازگهی رهشید بوو. بە یەکێک لە پارکە گەورەکانی ناوچەکە دادەنرێ بە شێوەیەکی سەردەمیانە و بە پێی نەخشەیەکی ئەندازەیی گونجاو و رێك و پێك درووستكراوه.
ئەو پارکە لە ١٤-٠٣-٢٠٠٠ لە رۆژی لەدایک بوونی سەرکردەی کورد مەلا مستەفای بارزانی و سەرەتای وەرزی بەھار دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی کراوە.
ئەو پارکە رووبهرهكهی ٨٠٠ دۆنم زەویه کە دەکاتە دوو ملیۆن مەتری چوارگوشە. سهرهتا ناوی پاركهكه پارکی ھەولێر بوو، بهڵام لهبهر ئهوهی سامی عەبدولرەحمان لە سەرتای دەستپێکردنی پرۆژەکانی ئەو پارکە رۆلێکی سەرەکی ھەبووە و خۆی سەرپەرشتیاری کارەکانی کردووە و پاڵپشتیەکی زۆری بۆ جێبەجێ کردنی كردووه و پاش رووداوی تەقینەوەی یەکی شوباتی ٢٠٠٤و شەھید بوونی، لە سەر داوای ئەنجومەنی شارەوانی ھەولێر پارک بە ناوی سامی عەبدولرەحمانهوه کرا.
پارکی سامی عەبدولرەحمان لە باخچەکان، دەریاچەی دەستکردی گەشتیاری، دارستان، مەلەوانگە، شەقام و ڕێرەوەکان، گەراجی تایبەت، خواردنگە، کۆشک، پەرتووکخانە، کۆتەڵی شەھیدانی یەکی شوبات، شوێنی شانۆی کراوە، پەیکەرەکان، پێشانگای نێودەولەتی ھەلێر، شوێنی یاری منداڵان، تۆڕی کارەبا، تۆڕی ئاو، نافورەکان و شوێنی بوک و زاوا، یاریگەی یاریە جیاوازهكان، گورەپانی راكردن پێکھاتووە و هەشت دەرگای ھەیە. به جۆرێك دهتوانین پێكهاتهكانی پاركی سامی عهبدولرهحمان بهم شێوهیهی خوارهكه پۆلیێن بكهین:
باخچەکان چوارسەدو پەنجا دۆنم دەبێ.
نزیکەی سەدو پەنجا ھەزار داری تیدایە.
دەریاچەیەکی دەستکردی گەشتیاری لە سەر رووبەری ٣٢٠٠ مەتری دووجا.
مەلەوانگەیەک لە سەر رووبەری٦٠٠٠ مەتری دووجایە کە سێ شوێنی مەلەكردنی تیدایە.
شوێنی وەستانی ئوتۆمبێلی گەشتیاری ٣٥٠٠٠ مەتری دووجایە.
رووبەری شەقام بەگشتی ٩٧٠٠٠ مەتری دووجایە
ڕێڕەوەکان بە گشتی دەگاتە ٩٠٠٠٠ مەتری دووجا.
دوو خواردنگەو ١٤ کۆشکی تیدایە.
کتێبخانە لە سەر رووبەری٣٠٠٠٠ مەتری دووجا لە لایەن تیپی زەیتونی سوپای کۆریای باشوور دروستکراوه.
کۆتالی شەھیدان و پەیکەری چەند شاعیر و نوسەر لە ناو پارک دروستکراوە.
دوو شانۆی کراوە کە یەکێکیان ٥٢٠ کەس و ئەوی دیکە ٣٢٥ کەس لەخوە دەگرێ.
پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر لە پارکی سامی لە سەر رووبەری ٢٠٠٠٠ مەتری دووجایە.
شوێنی یاری منداڵان لە سەر رووبەری ٦٠٠٠٠ مەتری دووجایە و ھەروەھا بۆ منداڵان شەمەندەفەرێکی کارەبایی لە پارک دانراوە.
ھەروەھا تۆڕی کارەبا لە شەش بگۆڕ و لە ئەستونەکانەی جۆری (٥،٢،٩،١٢،١٦،١٨،٢٦) مەتری و گڵوپەکانی (٦٠،١٥٠،٢٥٠،٤٠٠،١٠٠٠) وات پێکھاتوون.
تۆڕی ئاو لە دوو بهش پێكدێ یەکەمیان لە رێگای شەش بیر و سێ حەوزی کۆنکرێتی كه بە قەبارەی ١٥٠٠مەتری سێ جا ئاو دەگرێ و دووەمیشیان لە ١٤ بیر و پێنج حەوز لە خۆی دەگرێ و ھەروەھا هەشت نافورەی جۆراوجۆری تیدایە.
ھەروەھا لەبەر ئەوەی ئەو پارکە شوێنێکی گەشتیاری و نمونەییە بۆ مەراسیمەکان، زۆربەی ئاھەنگ و بۆنەکان لە شوێنی تایبەت بە ئاھەنگەکان تیایدا ئەنجام دەدرێ و شوێنی تایبەت بە خواردانیشی تێدایه.
بەرێوەبەری پارکی سامی عەبدولرەحمان فەھمی کەمال محەممەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو پارکە وەک وەلامێک بۆ رژێمی بەعسی روخاو دروستکرا کەپێشتر شوێنی ئەو پارکە جێگای ئەشکەنجەدان و کوشتنی کورد بووە و خەڵکی ئەو ناوچەیە بەهیچ شێوهیهك لهو شوێنه نزیك نهدهبوونهوه، بهڵام ئێستا وەک بەھەشتێک وایە ونزیکەی ملیۆنێک دار و گۆڵی تێدایه."
ھەروەھا فەھمی گوتی: "ئەو پارکە ئەو شوێنە بوو کە زبل و خاشاکی زۆری تیدابوو، ئێستا بۆته کۆگای ئۆکسیجنی شاری ھەولێر و دەوروبەری ھەروەھا لە رووی شارستانی کاریگەری باشی بە سەر خەلک و دیمەنی شارهوه ھەبووە. خەڵکێکی زۆریش لەو پارکە دامەزراون و کار دەکەن بە جۆری لە ھاوینان کارمەندی پیشەیی دەگاتە ١٠٠٠ کەس لە ناو پارک کاری باخەوانی و پاککردنەوە دەکەن."
لە بارەی ئاماری سەردانی گەشتیاران بهڕێوهبهری پاركی سامی عهبدولرهحمان گوتی: "ھەرچەندە ئامارێکمان لە بەردەستدا نییە و دەتوانین بڵێین رۆژانی جەژن و بۆنهكان ھەندی جار ٢٠ تا ٢٥ ھەزار کەس روو لە پارک دەکهن و لە رۆژانی ئاسایی سێ تا پێنج ھەزار کەس روو لەو پارک دەکەن."