لەندەن
منداڵی میراتگرانی ریزی دووەمی تەختی پاشایەتی بەریتانیا (دوکو ویلیەم )و (کاتێ) چاوی بە دونیا ھەڵھێنا.
کاتژمێر (٦)ی بەیانی بەکاتی لەندەنخاتوو (کاتێ) بۆمەبەستی منداڵبوون گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی ماری. لە کاتێکدا لەندەنی پایتەخت بە ٣٣ پلەی سیلۆزیدا تێپەڕدەبوو کە یەکێک بوو لە گەرمترین رۆژەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی, سەدان رۆژنامەوان و پەیامنێر و وێنەگر لەبەر دەرگای نەخۆشخانەکەدا لە چاوەڕوانیدا بوون.
مێدیاکان دوو ھەفتەیان بە چاوەروانی بەرێکرد لە نەخۆشخانەی ماری. رەگەزی کۆرپە پاشاییەکە و ناوەکەی و بگرە رەنگی چاو و قژیشی بوو بە بنێشتەخۆشەی سەر زار.
شایەنی وەبیرھێنانەوەیە کاتێ و ویلیەم لە بەرواری ٢٩ی نیسانی ٢٠١١دا لە ئاھەنگێکی ناوازەدا ھاوسەرگیریان کرد.
بەپێی نەریتی پاشایەتی دوای لەدایکبوونی کۆرپەکە نوسراوی فەرمی لە دەرگای کۆشکی بوکینگھام ھەڵواسرا. روونکردنەوە سەبارەت بە رەگەزی کۆرپەکە درا کە کوڕە, جگە لەوەش سەلامەتی باری تەندروستی دایک و کۆرپەکە پشتڕاستکرایەوە.
دکتۆرەکەی (کاتێ) وتی"پێویستە دایکی کۆرپەکە ئەمشەو لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە". ئەوە لەکاتێکدایە کە بە مەبەستی وێنەگرتنی کۆرپە پاشاییەکە سەدان وێنەگر لەبەردەم دەرگای نەخۆشخانەکەدا لە چاوەروانیدان.
سەرۆک وەزیرانی وڵات لەسەر تۆری تویتەردا و لە لاپەرەکەی خۆیدا نووسی "زۆر دڵخۆشم بە لەدایکبوونی کوڕەکەی کاتێ و ویلیەم, ھەموو وڵات ئەم یادە پێرۆز رادەگرێت. ھیوای ئاسوودەترین دایک و باوکیان بۆ دەخوازم"
سەرۆکی پارتی کرێکاران کە ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەیە (ئێدمیلیباند) لەسەر ھەمان تۆری کۆمەڵایەتیدا نووسی"پێرۆزبایی لە ھەردووکیان دەکەم و ھیوای تەندروستیێکی باش بۆ خۆیان و کوڕەکەیان دەخوازم.
سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (باراک ئۆباما) و خێزانەکەی (میشێل ئۆباما) پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی ویلیەم و کاتێ کرد. لە نامەیەکی ھاوبەشی خێزانی ئۆباماکاندا نووسراوە "زۆر بەختەوەرین کە پێرۆزبایی ھاتنە دونیای کوڕەکەتان لێدەکەین وە ھیوادارین لەگەڵ خۆیدا خێر و خۆشی ھێنابێت بۆ دایک و باوکی"
لە روونکردنەوەیەکدا ھاتووە کە منداڵە لەدایک بووەکە بۆتە ئومێدی دوو وڵات کە ئەوانیش بەریتانیاو ئەمریکان. لە لێدوانێکدا بەم شێوەیە وەسفی ئەم رەوشەکرا "بوونی پەیوەندی تۆکمە و تایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا وایکردووە کە لەپاڵ خەڵکی بەریتانیا ئەمریکییەکانیش پیرۆزبایی و دڵخۆشی خۆیان رابگەیەنن".