ئورفا
دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، بەرھەمھێنانی فیلمە زنجیرەییەکان لە ناوچە کوردیەکان لە رۆژھەلات و رۆژھەلاتی باشووری تورکیا زیادی کردووە.
پێشتر بەھۆی بوونی شەر لە م ناوچەیە، بەبەراورد بە ناوچەکانیتری تورکیا گەشەپێدان لە ھەموو بوارەکانی ژیان زۆر خاو بوو بە تایبەتیش لە کەرتی گەشتوگوزاریدا، بەڵام دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی، گەشەپێدان ھەموو بوارەکانی ژیانی ئەو ناوچەیەی گرتۆتەوە، وەک ئەوەی ھەندێ دەرھێنەری فیلمە زنجیرەییە تورکیەکان بەمەبەستی وێنەگرتنی ھەندێ بەشی بەرھەمەکانیان سەردانی شارەکانی ئورفا، غەزی عەنتەب و دیاربەکر دەکەن.
بە گوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسی ئانادۆلو زیاتر لە ١٥ فیلم لەو ناوچەیە بەرھەم دێن.
حەسەن ئاسلان یەکێک لەو دەرھێنەرانەیە کە فیلمێکی زنجیرەیی لە پارێزگای ئورفا بە ناونیشانی (جان جیگەر) بەرھەم دێنێ، باس لە گەشەپێدانی کەرتی سینەما لە نەوچە کوردیەکان دەکا و دەڵێ "پێشتر بەھۆی بوونی شەر لەم ناوچەیەدا، ھیچ دەرھێنەرێک نەیدەتوانی جوانیی ئێرە پیشان بدا، بەڵام دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی، زۆر کەس لێرە سەرقالی بەرھەمھێنانی فیلمن، خۆم بۆ سالی داھاتوو حەوت پرۆژەم ھەیە و بێجگە لە من، زۆر کەسیتریش دەیەوێ بۆ ھەمان مەبەست بێتە ئێرە. لەوبڕوایەدام لە ماوەیەکی کورتدا گەشەپێدانێکی گەورە لە کەرتی سینەما لم دەڤەرە روو دەدا".
لەلایەکیدیکەوە عەبدولقادر کرجی دەرھێنەری گشتی شانۆیی شار لە شارەوانیی ئورفا، لەبارەی زیادبوونی بەرھەمھێنانی زنجیرە فیلم لە ناوچەکە گوتی، لەم دواییدا بەرھەمھێنانی زنجیرە فیلم لە پارێزگای ئورفا زیاد دەبێ. ١٤ ئەکتەری شانۆمان ئێستا لە زنجیرە فیلمدا لە پارێزگاکانی ماردین، دیاربەکر، ئەرزۆرم، وان، قەرس و مەلەتی رۆل دەگێڕن.