Hemn Osman
11 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2015
لە چوارچێوەی خوێندنی وانەكانی "زمان و شێوەزارەكانی زیندوودا"، لە قوتابخانەكانی ناوەندی و خوێندنی قۆناغی ناوەندی ئیمامەتی و گوتاربێژی سەربە وەزارەتی پەروەردەی توركیا، چوار هەزار و 39 قوتابی، كە قوتابی غەیرە كوردیشیان تیدایە، وانەی خوێندنی شێوەزاری كرمانجیان هەڵبژاردووە، 77 قوتابی دیكەش خوێندنی وانەی زمانی ئەپخازییان هەڵبژاردووە.
لە روونكردنەوەیەكیدا بۆ ئانادۆڵو، بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگای سێرت فەتجی سوای رایگەیاند "لە سێرت قوتابیان بەشێوەیەكی بەرچاو خوێندنی وانەكانی شیوەزاری كرمانجی و ئەپخازییان هەڵبژاردووە. بە بەراورد بە ساڵی رابردووش، هەڵبژاردنی وانەی شێوەزاری كرمانجی رووی لە زیادبوون كردووە".
سوای، ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە دانیشتوانی سێرت بە زمانەكانی كوردی، توركی و عەرەبی دەدوێن و گوتی: "سێرت، شارێكە كە بە سێ زمان قسەی تیادا دەكرێت. هەمووانیش زمانی یەكتر تێدەگەن. بەهۆی خوێندنی وانەی بژاردەوە نەوەی نوێ باشتر لە یەكتری تێدەگەن".
میاددین دەمیر، كە مامۆستای وانەی زمانی كوردیە لە قوتابخانەی ناوەندی حورییەت، منداڵانی كورد بۆ ئەوەی فێری زمانی دایك ببن ئەم وانەیەیان هەڵبژاردووە.
دەمیر، باسی لەوە كرد كە وانەی زمانی كوردی یەكێكە لە وانە بژاردەكان، بەڵام لە كتێبخانەكاندا بەپێی پێویست سەرچاوەی نییە و گوتی: "بەهۆی خوێندنی زمانی كوردی لە قوتابخانە حكوومیەكاندا بەشێوەی بژاردە، زمانی كوردی، وانەیەكە بەتایبەتی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی باشووری ئانادۆڵو (ناوچەكانی كوردنشین) لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆتە وانەیەكی گرنگ. لەبەرئەوە دەبێت ژمارەی مامۆستاكانی زیاد بكرێت و كتێبەكانیشی بەرەو پێش ببرێن".
دەمیر، ئەوەشی خستەڕوو كە لە ئاستی بنەڕەتیدا وانەی كوردی بە قوتابیان دەوترێتەوە و گوتی: "هەندێك لە قوتابیان، سەرەڕای ئەوەی كە كوردن، بەڵام ناتوانن بە زمانی دایك قسە بكەن. هەرچەندە كەمیش بێت، قوتابیان بەهۆی ئەم وانانەوە دەتوانن لەگەڵ خێزانەكەیاندا پەیوەندی دروست بكەن و قسەی پێ بكەن".
یەكێك لە قوتابیەكان بەناوی شیلان كورگوتاتا، باس لەوە دەكات كە بەهۆی ئەو وانەیەی لە قوتابخانە وەری گرتووە، دەستی كردووە بە فێربوونی زمانی دایك و دەڵێت: "شتێكی باشە ئەم وانەیە هەیە، بەهۆیەوە فێری زمانی دایك بووم. دەتوانم بە كوردی لەگەل هاوڕێكانمدا قسە بكەم. سوپاسی هەموو ئەو مامۆستایانە دەكەم كە فێری زمانی كوردیان كردم".