Abdulhameed Husseın Karam
11 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "ئەمساڵ جەژنی قیامە لە کاتێکدا دێتەوە کە وەک تەواوی جیھان ھەرێمی کوردستانیش بەھۆی پەتای کۆرۆناوە لە دۆخێکی سەختدایە و بۆ سەلامەتیی ھەموو لایەک دەبێ ھەموومان باپەندی ڕێنمایییە تەندروستییەکان بین و لە ماڵ بمێنینەوە، ھیوادارین جەژن و بۆنەکانی داھاتوومان لە دۆخێکی باشتردا بکەینەوە".
بەگوێرەی ھەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بە بۆنەی جەژنی قیامە بڵاویکردەوە و تیدا ھاتووە: "ھاتنەوەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح سڵاوی خوای لێ بێت لە تەواوی خوشک و برایانی خۆشەویستی مەسیحی لە ھەرێمی کوردستان، عێراق و جیھان پیرۆز دەکەم، ھیوادارم ئەم جەژنە لەگەڵ خۆیدا سەلامەتی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بھێنێت و لە پەتای کۆرۆنا و ھەموو دەرد و نەخۆشییەک دوور و پارێزراو بن".
بەپێی هەواڵەکە لە پەیامەکەدا دەلێت: "ئەمساڵ جەژنی قیامە لە کاتێکدا دێتەوە کە وەک تەواوی جیھان ھەرێمی کوردستانیش بەھۆی پەتای کۆرۆناوە لە دۆخێکی سەختدایە و بۆ سەلامەتیی ھەموو لایەک دەبێ ھەموومان باپەندی ڕێنمایییە تەندروستییەکان بین و لە ماڵ بمێنینەوە، ھیوادارین جەژن و بۆنەکانی داھاتوومان لە دۆخێکی باشتردا بکەینەوە.
لە کۆتاییدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی دەکاتەوە: "لەم جەژنەدا وەک ھەمیشە ھەرێمی کوردستان بۆ ھەموو پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانی بە لانکەی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردن و فرەڕەنگیی ئایینی و نەتەوەیی دەمێنێتەوە و ھەموو پێکەوە کار دەکەین بۆ قووڵکردنەوەی ئەم کولتوورەی جوانەی کوردستان و دەیپارێزین.