Heman Hussein Yaseen
11 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
ئەمرۆ چوارشەممە لە شاری ھەولێر پرۆگرامی راھێنانی رۆژنامەنووسانی پێکھاتەکانی کوردستان دەستیپێکرد کە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
کۆنسولی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، ستیڤن فیگن رایگەیاند کە ھانی حکوومەت و کۆمەڵگای مەدەنی دەدەن بۆ ھەڵگرتنی ھەنگاوی گرنگ لە پێناو پەرەپێدانی ژینگەیەک کە رۆژنامەنووسان بتوانن تیایدا ئازادانە کاری خۆیان بکەن.
ستیڤن فیگن گوتی: "حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە خۆشحاڵییەوە کۆمەکی دارایی ٩٤ ھەزار دۆلاری پێشکەشکردووە بۆ ئەم پرۆگرامە کە ١٠٠ رۆژنامەنووس تیایدا بەشدار دەبن، ئەم کۆمەککردنە یارمەتیدەرە لە دڵنیابوونەوەی ئەوەی کە رۆژنامەنووسانی پێکھاتەکان دەوڵەمەند دەکرێن بە بنەما سەرەکییەکانی رۆژنامەگەری و کەرستەی بونیادنانی پردی پتەوی پەیوەندیی لە نێوان خەڵک و کۆمەڵگا و حکوومەتیان دەخاتە بەردەست و ئەمەش ئەرکی حکوومەتی ئەمریکایە و پابەند دەبین بە ھاوکاری ھەموو لایەک تاوەکو دەنگیان بیستراوبێت".
کۆنسولی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، ستیڤن فیگن لەبارەی دۆخی رۆژنامەنووسان گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باوەڕی وایە کە ئازادی راگەیاندن یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی ھەر کۆمەڵگایەکی دیموکراسی بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسان لە کۆمەڵگای دیموکراسییدا بتوانن بەبی سانسۆر کار بکەن و ترسیان لە تۆقاندن و ھەراسانکردن و ھەڕەشەکردن نەبێت".
ستیڤن فیگن گوتیشی: "ھەموو رۆژنامەنووسان مافی ئەوەیان ھەیە بۆچوونەکانیان ئازادانە دەرببڕن بەبێ بوونی ترسی ھەڕەشە و تۆقاندن و ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەریان یاخود تۆڵەسەندنەوە و سزادانیان، جا ئەگەر کاری رۆژنامەنووسان رەخنەگرتن بێت لە حکوومەت یان بۆچوونێکیان دەربڕیووە کە لە ئەنجامدا دەبێتە ھۆی ھێنانەکایەی کۆمەڵگایەکی شەفافتر".
کۆنسولی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، ستیڤن فیگن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەیەکی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بە نموونە هێنایەوە کە گوتبووی 'بە پەرەپێدانی راگەیاندنی ئازاد، ھاووڵاتییان ئازادتر دەبن و چالاکتر و زیاتر تێکھەڵکێشی پرۆسەی دروستکردنی بڕیار دەبن و دەتوانن باشتر لە کاری حکوومەتەکانیان بپێچنەوە'.
هاوکات وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف رایگەیاند کە پشتیوانی و پێشوازی لەم هەنگاوە دەکەن کە یەکەم پڕۆژەیە تایبەت بێت بۆ پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستاندا، هەموولایەک دەزانێت کە میدیا و راگەیاندن فاکتەرێکی گرنگە لە کۆمەڵگا و پێویستە زیاتر هەوڵ بدرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک بۆ ئەوەی سیمای پێکەوەژیان جوانتر لە هەرێم بکرێت و گوتی:
"لە هەرێمی کوردستان پێکەوەژیان زۆر بە رێکوپێکی و سیمایەکی جوان بەڕێوەدەچێت و دروستکردنی وەزارەتێک تایبەت بە کاروباری پێکهاتەکان لەم کابینەیەدا کارێکی جوانتر بوو کە ئەم دەزگایە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان دەکات بەبێ جیاوازی".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف ئاماژەی بە یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان کرد و گوتی: "دەمەوێت باسی یاسایەک بکەین کە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و باس لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان دەکات و پێناسەکراوە کە پێکهاتەی نەتەوەیی لە هەرێمی کودستاندا، پێکهاتەکانی کورد، تورکمان، سریانی، ئاشووری و ئەرمەنە، هەروەها پێکهاتەکانی ئایینی بریتیین لە موسڵمان، مەسیحی، کریستیان، شەبەک، کاکەیی، زەردەشتی، فەیلی و بەهائییەکان، کە ئەم یاسایە پێویست بەوە دەکات لە پڕاکتیکدا رەنگدانەوەی هەبێت و لە هەمانکاتدا پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی سەردەمییانە دەستکاری بکرێت کە جێگای رەزامەندی هەموو لایەک بێت".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف گوتیشی: "یاسای هەڵبژاردن زۆر گرنگە بۆ پێکهاتەکان، هەروەها یاسای زمانە فەرمییەکان، یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان، یاسای کۆمیسیۆنی باڵا بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی هەبێت، پڕۆژەیاسای دەستوورە کە زامنی مافی هەموو پێکهاتەکان دەکات و پێویستە هەموو ئەو یاسایانە لە پڕاکتیکدا رەنگدانەوەی هەبێت و کاری پێ بکرێت".
دواتر نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئازاد حەمەد ئەمین رایگەیاند کە بوونی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان بۆخۆی بەشێکە لە ئازادی بیروڕا، سەندیکای رۆژنامەنووسان لە یاسادا هیچ مەرجێکی دانەناوە لەسەر بابەتی جیاوازی رەگەزی، ئایینی و نەتەوەیی، بەڵکو خەڵکی تورکیا، ئێران و سووریاش ئەندامی سەندیکان و هیچ جیاوازییەک ناکەین و گوتی:
"سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان خاوەنی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ ە، ئەم یاسایە دەڵێت نەقیبی سەندیکا لە هەموو قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە ئامادەبێت، دەبێت هەموو ماڵپەڕەکانی رۆژنامەگەری لە سەندیکا تۆمار بکرێن، ئێمە سوورین لەسەر داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان، بەداخەوە خەڵکێک ئێستا داوا دەکەن کە ئەم یاسایە جێبەجێ بکرێت، ئەوکات دژی یاساکە بوون".
سەرۆکی دەزگای میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان، رەحمان غەریب گوتی: "ژنانی رۆژنامەنووس لەناو دامەزراوەکانی میدیا ئاڵنگارییەکی گەورەیە و رووبەڕووی دەزگاکانی میدیا و رێکخراوەکانی داکۆیکار دەبنەوە، بەهۆی هەستیاری بابەتەکە کەسیەکانی هەراسانکردنی کچان و ژنانی میدیاکار بێدەنگی لێ کراوە، بەڵام هەوڵ هەیە بۆ شکاندنی ئەم بێدەنگییە، گفتوگۆی بەردەوام هەیە بۆ پەردەلادان لەسەر ئەو پێشێلکارییەی کە لەسەر بنەمای سێکسی و جێندەری بەرامبەر بە میدیاکاران و هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان و هاوکاریکردنی قوربانییان، مایەی نیگەرانییە کە سەرباری بوونی کچان و ژنانی رۆژنامەنووسی بەتوانا لە زۆربەی دامەزراوەکانی میدیا لە دەستەکانی سەرکردایەتیکردن و بڕیاردان سوود لە تواناکانییان وەرناگرن و بە ئەنقەست رۆڵیان فەرامۆش دەکرێت".
رەحمان غەریب گوتیشی: "لەماوەی رابردوودا بەدواداچوونمان بۆ چەند دۆسیەیەکی رۆژانامەگەریی کردووە سەرنجمانداوە هەندێک لە کەسیەکان یاسای رۆژنامەنووسی فەرامۆش دەکەن و بە یاسایەکی دیکە لێکۆڵینەوە لە رۆژنامەنووسان دەکرێت و بە فەرمانی دادوەران دەستبەسەر دەکرێن، ئێمە لە کوردستان پابەندین بە یاسای گشتی، بەڵام کە یاسای تایبەت هەبوو بۆ توێژێکی دیاریکراو ئەوکات دادگاکان پەنا بۆ یاسای تایبەتەکە دەبەن، لەیاسای کاری رۆژنامەگەرییدا باس لە دەستەبەسەرکردن و زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان نەکراوە، بۆیە جەخت لەوە دەکەینەوە کە بەپێی یاساکانی رۆژنامەگەریی مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسان بکرێت و دەستبەسەرداگرتن و راگرتن لە بنکەکانی پۆلیس جۆرێکە لە تۆڵەکردنەوە لە رۆژنامەنووسان و ئێمە بە تەواوی رەتی دەکەینەوە".
پرۆژەی راھێنانی رۆژنامەنووسانی پێکھاتەکان لە هەریەک لە شارەکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، کەرکووک و نەینەوا بەڕێوەدەچێت کە پێنج خول دەبێت و لە ھەر خولێک بیست رۆژنامەنووس بەشدار دەبن و بە کۆی گشتیش ١٠٠ رۆژنامەنووس رادەھێنرێن و دواتر تۆڕێک دروست دەکرێت بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان.