Rawan Subhi Obaiullah
04 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2026
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە، لەپێناو ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ هاووڵاتییان، وادەی ناونووسینی حاجیان درێژکراوەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕە بڕیاری داوە پرۆسەی ناونووسین تاوەکو ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ١٠ی ئابی ٢٠٢٦، کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەو بەردەوام بێت.
ئەم بڕیارە، تایبەتە بەو هاووڵاتییانەی کە بەهۆی نەبوونی پێناسی دیجیتاڵی یان تەواونەبوونی ڕێکارەکانی نوێکردنەوەی پاسپۆرتەکانیان، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن و مامەڵەکانییان ڕایی بکەن.
پار ناونووسین بۆ حەج، لە ١١ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و ٢٦ی هەمان مانگ کۆتایی هات، زیاتر لە ٩٠ هەزار کەس داواکاریان لە ڕێگەی فۆرمی ئەلیكترۆنییەوە پڕکردنەوە، لەو ژمارەیە پێنج هەزار و ١٢٠ کەس بە تیروپشک ناویان دەرچوو، بۆ ئهمساڵیش تاوهكو ئێستا نزیكهی ٥٠ ههزار كهس داواكاریان پێشكهش كردووه.