عێراق

وشکەساڵیی کاریگەریی کردووەتە سەر بەنداوی دوکان

بەهۆی گۆڕانی ئاو و هەوا و کەمبارانییەوە، لە کۆی حەوت ملیار مەتر سێجا، تەنیا یەک ملیار و ٧٥٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دوکان گلدراوەتەوە.

Heman Hussein Yaseen  | 16.07.2025 - نوێکردنەوە : 18.07.2025
وشکەساڵیی کاریگەریی کردووەتە سەر بەنداوی دوکان

Arbil

هەولێر - AA

بەھۆی گۆڕانی ئاو و ھەوا و کەمبارانییەوە، ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان کە گەورەترین بەنداوی ھەرێمی کوردستانە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە و ئەمەش مەترسی کەمئاویی دروستکردووە.

بەپێی زانیارییەکان بەھۆی کەمبارانییەوە تەنیا ٢٤٠ ملیمەتر ئاو چووەتە ناو بەنداوی دوکان و بەھۆیەوە ئاوی بەنداوەکە بۆ نزیکەی ٢٠ مەتر دابەزیووە و ئەمەش وایکردووە کە بەشێکی زۆری لێواری بەنداوەکە وشک ببێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێستا لە کۆی حەوت ملیار مەتر سێجا تەنیا یەک ملیار و ٧٥٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دوکان گلدراوەتەوە، بەشێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی دروستکردنی بەنداو لە دیووی ئێران و کەمی بارانبارینەوە، سەدا ٧٥ی ئاو لە بەنداوی دوکان کەمیی کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە ئاوی بەنداوەکە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێڕاق بەردەرێتەوە بەجۆرێک سەرەتا لە ڕێگای شارەدێی تەقتەق لە سنووری قەزای کۆیەی سەر بە پارێزگای ھەولێر درێژدەبێتەوە بۆ قەزای دوبز لە پارێزگای کەرکووک و لەوێشەوە تێکەڵ بە ڕووباری زێی گەورە دەبێت و دەڕژێتە ڕووباڕی دیجلە.

ھاوکات لە پێنجی ئایاری ئەمساڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی خولی لیژنەی باڵای ئاوی کرد و تێیدا پاکێجێکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاو ھەوا راگەیاند، لەوانەش پابەندکردنی ئیدارەی بەنداوی دوکان بە بەرنامەی بەردانەوەی ئاو، بەپێی پلانی ناوەندیی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو.

بەنداوی دوکان ٧٠ ساڵ لەمەوبەر لەسەر ڕووباری زێی بچووک لە قەزای دوکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی دروستکراوە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی ھەیە و یەکێکە لەو بەنداوانەی کە وزەی کارەبا لە ڕێگای ئاوەوە بەرھەم دەھێنێت و سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی چەندین شار و گوندی ناوچەکەیە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın