هونەر و كلتوور, عێراق

هەولێر هەڵمەتی بووژاندنەوەی کتێبخانەی چەمچەماڵی دەستپێکرد

Heman Hussein Yaseen  | 22.12.2025 - نوێکردنەوە : 23.12.2025
هەولێر هەڵمەتی بووژاندنەوەی کتێبخانەی چەمچەماڵی دەستپێکرد

Arbil

هەولێر - AA

ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە، بەھۆی بارانبارینەوە لافاو لە قەزای چەمچەماڵ (سنووری پارێزگای سلێمانی) دروست بوو کە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە و وێرای زیانگەیشتن بە زیاتر لە ھەزار و ٥٠٠ خانووی ھاووڵاتییان لە سنووری قەزاکە، یەکێک لەو شوێنانەی کە بە تەواوی لەناوچوو، کتێبخانەی چەمچەماڵ بوو کە بە گوتەی بەرپرسانی کتێبخانە گشتییەکان سەرووی ٣٠ ھەزار کتێب لەناوچوون، ھەر بۆیەش بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان و بەرێوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتی ھەولێر، ھەڵمەتێکی کۆکردنەوەی کتێبیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کتێبخانەی چەمچەماڵ زیندووبکەنەوە و لەم چوارچێوەیەشدا تا ئێستا ١٠ ھەزار کتێب کۆکراوەتەوە و ھەڵمەتەکەش بەردەوامە.

بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانە گشتییەکان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، لافاوەکەی ئەم دواییەی چەمچەماڵی بە کارەساتێکی گەورەی ڕۆشنبیری وەسف کرد و ڕایگەیاند کە کتێبخانەی چەمچەماڵ زیانی وێرانکەری بەرکەوتووە. دووپاتی کردەوە لە کارەساتەکەدا زیاتر لە ٣٠ ھەزار کتێب لەناوچوون.

بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانە گشتییەکان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری دیاری وەستا عەزیز لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی: " بەداخەوە لەم کارەساتەی چەمچەماڵ، وێرای زەرەر و زیانە گیانی و ماددییەکان، زیانێکی دیکەی کولتووریی و ڕۆشنبیریی بەر ناوچەکە کەوت، ئەویش لەدەستدانی کتێبخانەی چەمچەماڵە، بۆیە بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی ئەم کارەساتە گەورەیە ببینەوە، ھەڵمەتێکمان دەستپێکردووە بە پشتیوانی ھەموولایەک و بە پشتیوانی ھەر ھەشت بەڕێوەبەرایەتییەکەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کتێبخانە گشتییەکان، تا بتوانین ئەم کتێیخانەیە جارێکی دیکە زیندوو بکەینەوە".

دیاری وەستا عەزیز گوتیشی: "لەم کارەساتەدا، سەرووی ٣٠ ھەزار کتێبی جۆراوجۆر فەوتاوە، من لەگەڵ ئەوەم کتێبخانەیەک بۆ چەمچەماڵ بونیادبندرێتەوە نەک نۆژەنبکرێتەوە چونکە کاتێک سەردانی ناوچەکەم کرد و زیانەکانم بەچاوی خۆم بینی، ئەم کتێبخانەیە بونیادبندرێتەوە باشترە لە نۆژەنکردنەوە چونکە کارەساتەکە گەورەیە، بۆیە لە ئەمڕۆیەوە ھەڵمەتەکە بەردەوامە و چاوەڕوانی ھاوکاری و پشتیوانی ھەموولایەک دەکەین".

ھاوکات بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی ھەولێر ڕایگەیاند کە لافاوەکە یەکێک لە بەنرخترین شوێنەوارە کولتوورییەکانی چەمچەماڵی لەناوبردووە کە کتێبخانەیەکی کۆن و دێرینی ناوچەکەیە و تێیدا چەندین کتێبی دەگمەن و سەرچاوەی ئەکادیمی تێدابووە، جەختیشی لە بەردەوامی ھەڵمەتەکە کردەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی کتێبخانەی چەمچەماڵ.

بەڕێوەبەری کتێبخانە گشتییەکانی ھەولێر، ناز فەلەکەین کاکەیی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "کارەساتی گەورەی لافاو لە چەمچەماڵ بووە ھۆی لەناوچوونی سەروەتێکی گەورەی ڕۆشنبیریی، ئەویش کتێبخانەی دێرینی چەمچەماڵ بوو کە چەندین کتێبی بە نرخ و سەرچاوەی ئەکادیمیای لەخۆ گرتبوو، ھەر بۆیە وەک کتێبخانەی گشتی ھەولێر و دەوروبەری ھەڵمەتێکمان ڕاگەیاندووە بۆ کۆکردنەوەی کتێب و لەم چواڕچێوەیەشدا داوا لە ئەدیب و ھونەرمەند و کتێبدۆستان دەکەین کە بەشداریی ئەم ھەڵمەتە بکەن بۆ ئەوەی بتوانین لە ماوەیەکی کورتدا جارێکی دیکە کتێبخانەکە زیندوو بکەینەوە".

ناز فەلەکەدین کاکەیی گوتیشی: "ئێستا وەکو کەمپەینێکی ڕۆژانە دەستمان پێیکردووە و بەردەوامیش دەبین، ڕۆژانە بە سەدان کتێب پێشکەشی ھەڵمەتەکە دەکرێت و لەم چوارچێوەیەشدا ئێستا نزیکەی ١٠ ھەزار کتێب کۆکراوەتەوە و داوا دەکەین ھاوکاران بەردەوام بن لە پشتیوانییەکان بۆ ئەوەی بتوانین کتێبخانەی چەمچەماڵ ئاوەدان بکەینەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن