Heman Hussein Yaseen Yaseen
18 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2019
هەولێر - AA
ماوەی مانگێک دەبێت بە بڕیارێکی حکوومەتی عێراق، هاوردەکردنی هێلکەی لە دەروازە سنوورییەکان قەدەغەکرا و پاساوی ئەم بڕیارەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرهەمی ناوخۆیی بەشی پێداویستی هاووڵاتییان دەکات، بەڵام دوای ئەم بڕیارە نرخی هێلکە لە بازاڕەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایی خەڵک و کاسبکاران.
شوکری محەمەد ماوەی ٢٥ ساڵە کاری فرۆشتنی هێلکە دەکات لە بازاڕی شێخەڵڵای شاری هەولێر و ئاماژە بەوە دەکات بە هۆی گرانی نرخی هێلکە و کەمی هێلکە لە بازاڕدا، ماوەی سێ رۆژ دوکانی داخستووە و ئەمڕۆش وەک خۆی دەڵێت بە ناچاری چەند کارتۆن هێلکەیەکی بە نرخێکی گران کڕیووە و دوکانەکەی کردووەتەوە، ئاشکرایشی دەکات کە بریاری هاوردەنەکردنی هێلکە تەنها لە بەرژەوەندی چەند بازرگانێکدایە.
شوکری محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ناوەڕاستی مانگی رەمەزان، حکوومەتی عێراق هاوردەکردنی هێلکەی راگرت و ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر نرخی هێلکە لە بازاڕەکان دروستکرد بە جۆرێک لە مانگی رەمەزاندا نرخی کارتۆنێک هێلکەی تورکی ٢٦ هەزار دینار بوو کەچی ئەمڕۆ بە ٥١ هەزار دینار هێناومانە، حکوومەتی عێراق دەڵێت بەرهەمی ناوخۆییمان هەیە کەچی ئەوە بەرهەمە ناوخۆییەکەیە کە لە مانگی رەمەزاندا بە ٢٦ هەزار دینار کڕیوومانە و ئەمڕۆ بووەتە ٥١ هەزار دینار، من ٢٥ ساڵە کاری هێکلە فرۆشتن دەکەم، ئەوە سێ رۆژە لەماڵەوە دانیشتووم و هیچ کارمان نییە چونکە هێلکە گران بووە و ناتوانین بیکڕین و خەڵکیش بەم نرخە رازی نییە، ئەمڕۆ بەناچاری هێلکەم بە گران کڕیووە و دوکانم کردووەتەوە".
شوکری محەمەد گوتیشی: "پێشتر یەک تەبەقە هێلکەمان بە دوو هەزار و ٥٠٠ دینار دەفرۆشت، ئێستا بە چوار هەزار و ٢٥٠ دینار دەیکڕین و بە چوار هەزار و ٥٠٠ دینار دەیفرۆشین کەچی هەر موشتەری نییە، چونکە پەیوەندی بە باروگوزەرانی خەڵکیشەوە هەیە".
شوکری محەمەد گلەیی لە نەبوونی چاودێری بازاڕ و قۆرخکردنی بازاڕ لە لایەن چەند بازرگانێک کرد و گوتی: "نرخی کارتۆنێک هێلکە لە تورکیا بە ١٢ دۆلارە و دەگاتە سنووری ئیبراهیم خەلیل بە ١٦ دۆلار، کەچی من ئەمڕۆ کارتۆنی هێلکەم بە ٤٣ دۆلار کڕیووە، هەموو هۆکارەکەش دوو بازرگانن کە رێگانادەن خەڵک هێلکە هاوردە بکات بوونەتە هۆکاری دەرچوونی وەها بڕیارێک، ئەوان بۆخۆیان بە رێگای دیکەدا هێلکە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن و بە نرخێکی گرانتر ساغی دەکەنەوە".
شوکری محەمەد گوتیشی: "بۆیە ناکرێت پینج ملیۆن کەس لە هەرێمی کوردستان ببێتە قوربانی چوار دەواجن، هیچ چاودێرییەکیش بۆ نرخەکان نییە، خەڵک توانای کڕینی هێلکەی بەم نرخە نییە لە کاتێکدا خەڵک خواستێکی زۆری لەسەر خواردنی هێلکە هەیە".
کاسبکارێکی دیکە بەناوی بەکر مەحمود کە ماوەیەکی زۆرە کاری فرۆشتنی هێلکە دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە پاساوەکەی حکوومەتی عێراقی بۆ ئەم بڕیارە لاوازە و بەرهەمی ناوخۆیی بەشی پێداویستیی هاووڵاتییان ناکات.
بەکر مەحمود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هۆکارەی راگرتنی هاوردەکردنی هێلکە، حکوومەتی عێراقە و پاساوەکەش ئەوەیە کە هێلکەی ناوخۆیی هەیە، بەڵام ئێستا هاوردەکردنی هێلکە راگیراوە و بەم هۆیەوەش کارتۆنی هێلکە لە ٢٥ هەزار دینارەوە بووەتە ٤٥ هەزار دینار لە کاتێکدا خەڵک خواستێکی زۆری لەسەر هێلکەی تورکی هەیە، بەڵام بە هۆی خراپی باری دارایی هاووڵاتییان ناتواندرێت هێلکەکان لە بازاڕ ساغ بکرێتەوە و پێشبینی دەکەم ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بێت ئەوا نرخی تەبەقەی هێلکەی بەرزبێتەوە تا حەوت بۆ هەشت هەزار دینار".
کڕیارێک ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە رێگا بە هارودەکردنی هێلکە بدرێت و لە هەمانکاتدا چاودێری نرخەکانیش لە بازاڕدا بکرێت و خواردنی هێلکەی وەک پێداویستییەکی سەرەکی رۆژانە وەسفکرد.
هاووڵاتیی بەشیر عەبدوڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێم سەیرە، نرخی هێلکە لە پڕ بەرزبووەوە، پێشتر تەبەقەی هێلکە بە دوو هەزار دینار بوو، کەچی ئێستا بووەتە چوار هەزار و ٥٠٠ دینار ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر بازاڕ دروستکردووە لە هەمانکاتدا هێلکە پێداویستیەکی رۆژانەی هاووڵاتییانەوە و بەشێکی زۆریش لە هاووڵاتییان مووچەخۆرن و بڕیارێکی بەم شێوەیەمان پێ رەوانییە و پێویستە رێگا بە هاوردەکردنی هێلکە بدرێت و چاودێری نرخەکانیش بکرێت".
ماوەی مانگێک دەبێت بە بڕیارێکی حکوومەتی عێراقی، هاوردەی هێلکە بۆ عێراق راگیراوە و هەرێمی کوردستانیش پابەندی بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق بووە و ئەمەش نرخی هێلکەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەرزکردووەتەوە و بووەتە جێی رەخنە و گلەیی هاووڵاتییان.
لە ھەرێمی کوردستان ١٠ پڕۆژە بۆ بەرھەمھێنانی ھێلکە هەیە، یەک دانەی لە شاری دھۆکە و ئەوانی دیکە لە شاری ھەولێرن، ساڵانە نزیکەی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن ھێلکە بەرھەم دەھێنین، بەڵام بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی ڤێتێرنەری ھەرێمی کوردستان، جەمال ئاکرەیی کە پێشتر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو لەسەدا ٩٥ی ھێلکەی بەرھەمھاتوو رەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت و بەم جۆرەش هێلکە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کەمی کردووە و نرخیشی بەرزبووەتەوە.