Zana Natık Kerem
03 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2026
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئەرکی حکوومەتی عێراقی فیدراڵە ئاسایش و ئاوەدانی بۆ شنگال بگێڕێتەوە، ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکات و ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە ھێزە نایاسایییەکان قەزای شنگال جێبھێڵن، تا ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
نێچیرڤان بارزانی لە ١٢ھەمین ساڵیادی تاوانی جینۆساید و کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان پەیامێکی بڵاوی کردەوە و تیایدا ھاتووە: "ئەمڕۆ بە خەم و ئازارێکی قووڵەوە، یادی دوازدە ساڵەی تاوانی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی ھاووڵاتییانی ئێزدیمان دەکەینەوە، لەم یادە بەئازارەدا، سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاکی شەھیداندا دادەنوێنین و بەوپەڕی ڕێز و وەفادارییەوە بەبیریان دەھێنینەوە.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاندووە: "تاوانی جینۆسایدی ئێزدییان و بەسەرکردنی کچ و ژنانیان و تێکدانی ماڵ و پەرستگەکانیان، برینێکی کراوەی دڵ و دەروونی گەلی کوردستانە، بەداخەوە ھاووڵاتییانی ئێزدیمان پاش دوازدە ساڵ، ھێشتا باجی ناکۆکییە سیاسییەکان و ئامادەییی ھێزە چەکدارە نایاسایییەکان دەدەن".
ھەروەھا لە پەیامەکەدا، ھاتووە: "لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە ئەرکی حکوومەتی عێراقی فیدراڵە ئاسایش و ئاوەدانی بۆ شنگال بگێڕێتەوە، ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکات، کار بۆ بەپارێزگاکردنی بکات و ھێزە نایاسایییەکان ناوچەکە جێبھێڵن، تا ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان".
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە: "ھاووڵاتییانی ئێزدیمان دڵنیا دەکەینەوە تا تاقە ڕفێندراوێک مابێت، تیمی نووسینگەکەمان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی بۆ ڕزگارکردن و ئاشکراکردنی چارەنووسیان، ھەروەھا بەردەوام دەبین لە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکانمان تا تاوانەکانی داعش لەسەر ئاستی جیھاندا بە تەواوی وەک جینۆساید بناسرێن".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی خەڵکی دھۆک و بادینان کردووە کە لە ساتە سەختەکاندا دەرگای ماڵ و قوتابخانە و مزگەوتەکانیان بۆ ئاوارە ئێزدییەکان کردەوە، ھەروەھا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ئەو وڵاتانە کردووە کە ئەو تاوانەیان بە جێنۆساید ناساندووە.