Heman Hussein Yaseen
14 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2026
هەولێر - AA
شاندێکی سەربازیی عێڕاق کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئەمنی کۆمپانیا نەوتییەکان سەردانی ھەرێمی کوردستان کردووە، لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێڕاق نێچیرڤان بارزانی پێشوازییان لێکرا.
سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق بە سەرۆکایەتی سوپاسالاری عێڕاق، فەریقی یەکەمی ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا کرد.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە کۆبوونەوەکدا، شاندەکە مەبەستی سەردانیان بۆ ھەرێمی کوردستان ڕوونکردەوە کە لەسەر ڕاسپاردەی، سەرۆکوەزیرانی عێڕاق و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان عەلی زەیدی ھاتوون و ئامانجیانە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئەمنی کۆمپانیا نەوتییەکان لە ھەرێمی کوردستان بکەن بە ھاوبەشی لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لەپێناو دابینکردنی گەرەنتی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنەوەی نەوت.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە "نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشی لە سەرکەوتنەکانی سوپای عێراق بەسەر تیرۆردا کرد، کە بە ھەماھەنگی و ھاریکاری لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق، بەدەستیانھێناوە و ھیوای بەردەوامی ھەماھەنگی و ھاریکاری لەنێوانیاندا خواست، لەپێناو نەھێشتنی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانەدا کە جموجۆڵی تیرۆریستانی تێدایە؛ ھەر لەو ڕووەوە، ستایشی ھەڵوێستی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی و پەیوەندی و ھەماھەنگیی نێوان ھەولێر ـ بەغدای کرد".
سەبارەت بە ھەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت و ھەناردەکردنەوەی، ئاماژە بەوەکراوە کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی ئەو ھەوڵانە کردەوە و بە ھەنگاوێکی کاریگەر بۆ بووژانەوەی ئابووریی وڵات، لە قەڵەمی دان.
بەو پێی ئەم ڕاگەیاندراوە لە کۆبوونەوەکەدا کە سوپاسالاری پێشمەرگە عیسا عوزێر ئامادە بووە، پێویستی پلانی ھاوبەش و ھاریکاریی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکان گفتوگۆی لەسەر کراوە.