Heman Hussein Yaseen
14 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2026
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە ھەرێمی کوردستان بە بەشداری ١١٧ ھەزار و ١٤٢ قوتابی، تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەستیان پێکرد.
وەک ھەموو ساڵێک، ڕێکارەکانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە توندکراون و ١٩ ھەزار و ٤٠٣ مامۆستا و فەرمانبەر وەک چاودێر و سەرپەرشتی پڕۆسەکە لە ھۆڵەکانی تاقیکردنەوەکان ئامادەن و کاردەکەن.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەم ١١٧ ھەزار و ١٤٢ قوتابییە، ٨٨ ھەزار و ١١٦ قوتابی لە بەشی زانستی و ٢٦ ھەزار و ٤٣١ قوتابی لە بەشی وێژەیی و دوو ھەزار و ٥٩٥ قوتابییش لە بەشی پیشەیین.
ھەر بەپێی داتاکانی وەزارەتی پەروەردە، لە پارێزگای ھەولێر ٣٨ ھەزار و ٦٣ قوتابی بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن و دابەشکراون بەسەر ٦٦٥ ھۆڵی تاقیکردنەوە، ھەروەھا لە پارێزگای سلێمانی ٢٦ ھەزار و ٥٦٣ قوتابی بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن و دابەشکراون بەسەر ٤٠٢ ھۆڵی تاقیکردنەوە، لەپارێزگای دھۆکیش ٢٧ ھەزار و ٢٦٦ قوتابی بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن و دابەشکراون بەسەر ٤٧٧ ھۆڵی تاقیکردنەوە و لە پارێزگای ھەڵەبجەش ھەزار و ٥٩٠ قوتابی بەسەر ٣٨ ھۆڵی تاقیکردنەوەدا دابەش کراون.
ھاوکات لە ھەریەک لە ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، شەش ھەزار و ٣٩٨ قوتابی لە ناو ١٢٢ ھۆڵی جیاوازدا و، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، شەش ھەزار و ٩١٨ قوتابی بەسەر ١١٢ ھۆڵ دابەش کراون، ھەروەھا لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێنج ھەزار و ٣٥٦ قوتابی لە ناو ٩٢ ھۆڵدا تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن و لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینیش چوار ھەزار و ٩٨٨ قوتابی بەسەر ٩٥ ھۆڵ دابەش کراون.