17 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2020
دهۆک - AA
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی پارێزگای دھۆک، نزار عسمەت رایگەیاند کە رەوشی تەندروستیی (کۆرۆنا) لە پارێزگاکە لەژێر کۆنترۆڵدایە، دووپاتیشی دەکاتەوە کە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی پارێزگای دھۆک لە ھەوڵی بەھێزکردنی دەزگاکانی دایە و ئاشکرایشی دەکات کە لە سەرجەم قەزاکان سەنتەری راوێژکاری دادەمەزرێنن بۆ ئەوەی ئەو خەڵکەی گومانی ھەیە یان نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی ھەیە، بچنە ئەو سەنتەرانە و پشکنینی خۆیان بکەن.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی پارێزگای دھۆک، نزار عسمەت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسییدا ئامارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی خستە روو و گوتی: "تا ئێستا ١٣٥ حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە دھۆک تۆمارکراون کە ٨٨ لەو حاڵەتانە چارەسەرکراون و ھیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان نەبووە و تا ئێستا ٢٣ هەزار و ٥٨٥ پشکنین لە سنووری پارێزگاکە ئەنجامدراوە و حەوت هەزار و ٥٥٧ کەس کەرەنتین کراون لە ٢٤ شوێنی کەرەنتینکردندا کە ئەمە زۆرترین ژمارەی کەرەنتینکردنە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و ئێستاش ٧١٨ کەس لە کەرەنتینەدان".
نزار عسمەت باسی لەوەیش کرد کە رەوشی تەندروستیی پارێزگای دھۆک لەژێر کونترۆڵدایە و ئەگەر بەم شێوەیە بێت و خەڵک ھاوکارمان بێت ئەوا ئێمە ھەر لەسەر پلانی (A) بەردەوام دەبین و تا پێمان بکرێت پلانی (B) ئەنجام نادەین کە تەرخانکردنی نەخۆشخانە گەورەکانە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام ئەگەر حاڵەتەکان زۆر بن و ڤایرۆسەکە زۆر تەشەنە بکات لەژێر کۆنترۆڵی ئێمە دەردەچێت و ناچار دەبین کە پلانی (B) ئەنجامبدەین، بۆیە داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین کە پابەندی رێنماییەکان بن و ھاوکارمان بن کە چۆن پێشتر ھاوکارمان بوون بە تایبەت ئەو ھاووڵاتییانەی کە لە باشورری عێراق یان پارێزگاکانی دیکەی ھەرێم دێنە سنووری پارێزگای دھۆک و پابەندی ھەموو رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بن بۆ ئەوەی رەوشەکە لە دەست ئێمە دەرنەچێت" .
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی پارێزگای دھۆک گوتیشی: "ئێمە لە ھەوڵی بەھێزکردنی توانا و دەزگاکانمان داین و لە پلانماندایە بۆ ماوەی داھاتوو لە ھەر قەزایەکی پارێزگای دھۆک سەنتەرێکی راوێژکاری دابمەزرێنین بۆ ئەوەی ئەو خەڵکەی کە گومانی ھەیە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە یان نیشانەکانی لەسەر دیاربووە بچنە ئەو سەنتەرانە و پشکنین بکەن کەواتە ئەو پرۆسەیە دەست پێ دەکەین کە خەڵک بێن پشکنین بکەن نەوەک تەنها ئێمە بچین پشکنینیان بۆ بکەین".
نزار عسمەت گوتیشی: "گەڕان بە دوای حاڵەتەکاندا بە تایبەتی لە شوێنە مەترسیدارەکان و ئەو شوێنانەی کە قەرەباڵغی دروست دەبێت بەردەوام دەبێت و لە خاڵە سنووریەکان رێکارەکانی تەندروستیی توندتر دەکەین و توانای دەزگاکانی تەندروستیی وەکو بەڕێوەبەرایەتی خۆپارێزی تەندروستیی و توانای تاقیگای مەڵبەندی بەھێز دەکەین بۆ ئەوەی زۆرترین پشکنین ئەنجامبدەن و ھەوڵدەدەین سەنتەرەکانی چارەسەرکردن بەھێز بکەین و ئەگەر پێویستیشی کرد توانای نەخۆشخانەکانی تریش بەھێز دەکەین".
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی پارێزگای دھۆک، نزار عسمەت باسی لە پێدانی پلازمای خوێنی چارەسەربووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ھەڵگرەکانی ڤایرۆسەکە کرد و گوتی: "بەکارھێنانی پلازما رێکاری تەندروستیی تایبەتی ھەیە و نابێت ھەموو کەسێک پلازما ببەخشێت و نابێت ھەموو نەخۆشێکیش پلازما وەربگرێت. لە پارێزگای دھۆکیش لیژنەیەکی تایبەتمەند دروستکراوە و پلازمای خوێنی چەند چارەسەربووێکیش وەرگیراوە، بەڵام لیژنەکە بڕیاری بەخشینی پلازمای نەداوە، کەواتە لە پارێزگای دھۆک ئەو پرۆسەیە ئەنجام نەدراوە".
ناوبراو لەبارەی ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی پارێزگاکە دێنە سنووری پارێزگای دھۆک گوتی: "ھەرکەسێک کە لە دەرەوەی وڵات بگەڕێتەوە ١٤ رۆژ دەمێنێتە لە کەرەنتینەدا، بەڵام ئەو کەسانەی لە پارێزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و عێراق دەگەرڕێنەوە تەنها دوو رۆژ دەمێننە و ١٢ رۆژەکەی دیکە لە ماڵەوە کەرەنتین دەکرێن، بۆ ئەم مەبەستەیش لیژنە و تیمی تایبەتمان ھەیە کە چاودێری ئەو کەسانە دەکەن، ئەگەر پابەندی ئەو بەڵیننامەیە نەبن کە کاتێک دێنە سنووری پارێزگاکە واژووی دەکەن کە بەرپرسیارەتی دەکەوێتە ئەستۆیانەوە، ئەوا سزا دەدرێن".