Rawan Subhi Obaiullah
10 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 10 نیسان 2026
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی تێبینی و نیگەرانیی خۆی لەسەر ھەوڵەکانی ھەندێک لایەنی ناو "چوارچێوەی ھەماھەنگی" دەربڕی و ڕایگەیاند: "پێداگرتنی ھەندێک لایەنی چوارچێوەی ھەماھەنگیی لەسەر بەردەوامبوون لە ھەڵبژاردنی سەرکۆمار، کە ھاوکات ھەندێکی تر بەردەوامن لە دواخستنی ھەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران، جێگەی قبوڵکردن نییە".
مەسعود بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی هەڵبژاردنی سەرکۆمار رایگەیاند: "ھیچ بەرکەوتە و ئیستحقاقێکی دەستووری یەکلا ناکرێتەوە تا ئەو پرسە ھاوکات چارەسەر نەکرێت، بە شێوەیەک کە ھەموو لایەنەکان لە دانیشتنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادە بن".
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمی فەرمانگەی کاروباری پەرلەمانی، بڕیارە ڕۆژی شەممە، ١١ نیسانی ٢٠٢٦، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دانیشتنی ژمارە ١٧ خۆی ئەنجام بدات.
لە کارنامەی دانیشتنەکەدا ھاتووە، کە بڕگەی سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتی دەبێت لە "ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق" و دانیشتنەکەش لە کاتژمێر١١:٠٠پێشنیوەڕۆ دەستپێدەکات.