Rawan Subhi Obaiullah
12 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2026
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ھەفتەی داھاتوەوە پلەکانی گەرما، ٤ بۆ ٧ پلە دادەبەزن، بارستە ھەوایەکی فێنک ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژە بەوەشکردووە کە، بەھۆی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا، بەرزترین پلەی گەرما ٤٠ پلە و نزمترین پلەی گەرما ٣٢ پلەی سیلیزیی لە هەرێم تۆمار دەکرێت.
بەپێی پێشبینییەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە، پلەکانی گەرما بۆ شارەکانی ھەرێم بۆ ھەفتەی ئایندە بەمجۆرە دەبێت، پارێزگای ھەولێر و ھەڵەبجە ٣٧ پلە، سلێمانی ٣٥ پلە، پارێزگای دھۆک ٣٦ پلە، کەلار ٣٩ پلە، ڕانیە ٣٦ پلە، سۆران ٣٥ پلە و، زاخۆ ٣٧ پلەی سیلیزی تۆمار دەکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆدا بەرزترین پلەکانی گەرمی لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان تۆمار کران. لەم نێوەندەدا قەزاکانی خەبات و ئاکرێ بە ٤٢ پلەی سیلیزی بەرزترین پلەی گەرمییان تۆمار کردووە.
ھەروەھا لە ھەولێر، زاخۆ، دەربەندیخان، چەمچەماڵ و سۆران پلەی گەرما گەیشتووەتە ٤١ پلە، هاوکات ناوەندەکانی دھۆک، ھەڵەبجە و بارزان ٤٠ پلەی سیلیزییان تۆمار کردووە و لە بازیانیش پلەی گەرما ٣٩ پلە بووە. لە ناوچە شاخاوییەکان و ھاوینە ھەوارەکانیش پلەکانی گەرما نزمتر بوون؛ بە جۆرێک لە سلێمانی ٣٧ پلە، پیرمام و بامەڕنێ ٣٦ پلە، ھەڵشۆ ٣٣ پلە و نزمترین پلەی گەرماش لە ناحیەی حاجی ئۆمەران تۆمار کراوە کە ٢٩ پلەی سیلیزی بووە.