Zana Natık Kerem
08 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2024
ھەولێر ــ AA
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسوڵ ھێرشەکەی شەوی ڕابردووی ئەمریکای بۆسەر فەرماندەکانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق لە بەغدا، بە نابەرپرسانە لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند، ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە، دەبێتە مایەی تێکدانی لێکتێگەیشتنەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی دووقۆڵی.
لیوا یەحیا ڕەسوڵ ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ھێرشەکەی شەوی ڕابردووی بۆ سەر فەرماندەکانی حزبوڵڵای عێراق لە بەغدا بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوێکدا ھاتووە: "ئەمە چەندین جارە ھێزەکانی ئەمریکا، کاری نابەرپرسانە ئەنجام دەدەن کە ئەگەری ھەیە ئەو کارانە، ببنە ھۆی تێکدانی لێکتێگەیشتنەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی دووقۆڵی".
ڕاشیگەیاندووە: "شەوی ڕابردوو، ھێزەکانی ئەمریکا لە ڕێگای ھێرشێکی ئاسمانییدا، کردەیەکی تیرۆرکردنیان لە ناوەڕاستی گەڕەکێکی شاری بەغدا ئەنجامدا، بێ ئەوەی گرنگی بە ژیانی خەڵکی مەدەنی و یاسا نێودەوڵەتییەکان بدەن".
باسی لەوەش کردووە: "ھێزەکانی ئەمریکا بەم ھێرشە، سەروەریی عێراقیان پێشێل کردووە و سەرکێشییان بە ژیانی خەڵک و گەل کردووە، لە ھەموو ترسناکتر ئەوەیە، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەتەواوەتی زێدەڕۆیی لە ھۆکار و ئەو ئامانجانەدا دەکات کە بەھۆیانەوە لەسەر خاکەکەمانن."
ئەوەشی خستووەتەڕوو: "ئێستا بەھۆی زێدەڕۆییەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، وای کردووە لە ھەرکاتێک زیاتر، حکوومەتی عێراق ھەوڵی کۆتاییھێنان بە ئەرکی ئەو ھاوپەیمانییە بدات کە بووەتە ھۆکاری ناسەقامگیریی عێراق و ھەڕەشە بۆ پەلکێشکردنی عێراق بەرەو بازانەی ململانێییەکان لە ناوچەکە".
شەوی ڕابردوو لە ئاکامی ھێرشیکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی مەشتەلی ڕۆژھەڵاتی بەغدا، دوو فەرماندەی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، بە ناوەکانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی کوژران.
دواتر فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا، بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ھیرشەکە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە ئەبو باقر ساعید-یان بەھۆی ئەوە کوشتووە، چونکە بەرپرس بوو لە پلاندانانی ھێرشکردنە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.