Heman Hussein Yaseen
29 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، نەبەز عەبدولحەمید ئاماری کار و چالاکییەکانی ئەمساڵی خستەڕوو کە تیایدا ئاشکرایکرد لە میانی ئەمساڵدا، ٩٠٠ مۆلیدە لە ٥٠٠ شوێنی جیاواز لە سنووری قەزای ناوەندی هەولێر و سەدا ٩٥ی ئەو مۆلیدانە بێدەنگکراون، ٨١ لەو ژمارەیەش بەهۆی کەموکوڕییەوە کاردانەوەی یاساییان بەرامبەر کراوە، پێنج خاوەن مۆلیدەش رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە و ٣٤ خاوەن مۆلیدەش پێبژاردنییان پێ کراوە، ٤٢ خاوەن مۆلیدەش بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە.
نەبەز عەبدولحەمید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لیژنەی پشکنین و چاودێری بازاڕ لە ساڵی ٢٠٢٠دا کە نوێنەری ھەموو لایەنەکانی تێدایە ٥٠٣ سەردانی مەیدانی ئەنجامداوە و تیایدا ٤٤١ سەرپێچی تۆمارکراون، ١٢٠ شوێن داخراون، ٦٢ شوێنیش دەستخۆشیان لێکراوە، ھەر لەو ساڵەدا بڕی ٢٤٢ تۆن خۆراکی ماوە بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە و دواتر لەنێوبراون".
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید لەبارەی لیژنەکانی بەدواداچوونی دەرمان گوتی: "لە میانی ئەمساڵدا، ١٨٤ دەرمانخانە و نۆرینگە داخراون، ٤٥ تۆن دەرمانی نەشیاو و ماوە بەسەرچووش دەستی بەسەرداگیراوە و دواتر لەنێو براون، ٣٧١ کەس بەھۆی سەرپێچییەوە ئاگادارکراونەتەوە و بەڵێننامەیان لێوەرگیراوە، ٢٩٤ کەسیش بەھۆی فرۆشتنی خۆراکی بەسەرچوو دەستگیرکراون و ٤٩ شوێنی فرۆشتنی ماسکیش داخراون".
ئەوەشی خستەتەڕوو کە ٦١٣منداڵ ٥٠٧ کەسی سەرووی ١٨ ساڵیش لە چوارڕیان و شەقامەکان دەستگیرکراون و رەوانەی بەردەم دادگاکراون.
نەبەز عەبدولحەمید لەبارەی زيدەڕۆییەکان گوتی: "لەناو شاری ھەولێر، ١١٩ خانوو و شورەی زێدەڕۆیی تێکدراون و لە دەوروبەری ھەولێریش ٢٢٦ خانووی زێدەڕۆیی و ٢٦ شوێنی مانەوە، ٢٤ کۆگای گەورە تێکدراون، هەروەها ١٣ ئامێری لێدانی بیری سووری دەستی بەسەرداگیراوە".
لەبارەی خواردنگە و کافتریا و ھۆتێلەکانی شاری ھەولێریش رایگەیاند کە ٢٩١ شوێن مۆڵەتی تازەیان پێدراوە و ٧٧٠ شوێنیش مۆڵەتەکانیان تازەکردووەتەوە.
نەبەز عەبدولحەمید لەبارەی بەیاننامەکەی ئەم داوییەی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم سەبارەت بە کۆرۆنا گوتی: "ھێشتا مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ماون بۆیە تا ١٥/١/٢٠٢١ ھەموو کۆبوونەوە و ئاھەنگێکی سەری ساڵ قەدەغەیە، بۆیە ھەرکەسێک سەرپێچی بکات پێنج ملیۆن دینار سزا دەدرێت".
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار گوتی: "لە سەرەتای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە چەند لیژنەیەکمان پێکھێناوە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ نرخەکان بکەن و پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی دابینکردنی خۆراکەوە کراوە بۆ ئەوەی نرخەکان قۆرخ نەکرێن، ھەر بەھۆی قۆرخکارییشەوە ٢٠ شوێنی فرۆشتنی کاڵا سزادراون و داخراون".