Zana Natık Kerem
06 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن راگەیاند كە داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا كارەسات دەخوڵقێنێت و ئاشكراشی دەكات کە ژمارەیەك لەو كەسانەی تۆمەتبارن بە هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەكان، نێردەكانی دیپلۆماتی و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، دەستگیركراون.
فوئاد حوسێن لە هەڤپەڤینێكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعێراقییە گوتی: "وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ نیگەرانی ئیدارەی ئەمریكای لە هەمبەر زیادبوونی هێرشە مووشەكییەكان بۆسەر ناوچەی سەوز و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە سەركۆماری عێراق راگەیاندووە".
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن گوتیشی: "ئیدارەی ئەمریكا هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا نەكردووە، بەڵام بەهۆی ئەو هێرشانەی كە دەكرێنە سەر نێردەكانی دیپلۆماتی و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، ئیدارەی ئەمریكا بیری لە داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا كردووەتەوە".
فوئاد حوسێن هەروەها رایگەیاند "هێرشە مووشەكییەكان تەنها دژبە بە باڵیۆزخانەكان و نێردەكانی دیپلۆمەتی لە بەغدا نییە، بەڵكو دژبە گەلی عێراقیشە، جگە لەوەیش داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئەمریكا، هەروەها زۆرێك لە نێردەكانی وڵاتانی ئەورووپا و عەرەبیش دەبێت".
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ئەوەشی ئاشكراكرد كە ژمارەیەك وڵات هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی هانی ئەمریكا بدەن تا باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا دانەخات، سەرجەم وڵاتانی ئەورووپا و عەرەب هەست بە نیگەرانی دەكەن بەرامبەر بە بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن راشیگەیاندووە كە داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا كارەسات دەخوڵقێنێت و باسی لەوەشكردووە، ژمارەیەك لەو كەسانەی كە تۆمەتبارن بە هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەكان، نێردەكانی دیپلۆماتی و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، دەستگیركراون.
لە مانگی تەمووزی رابردووەوە تا ئێستا چەندینجار هێرشی مووشەكیی بۆسەر ئەو ئامانجانە لە عێراق ئەنجامدراون كە دیپلۆماتكاران و سەربازانی ئەمریكای تیادان.
واشنتۆن كەتائیبەكانی "حزبوڵڵا" عێراق و گرووپە چەكدارەكانی دیكەی نزیك لە ئێران بە ئەنجامدانی هێرشە مووشەكییەكان بۆسەر ئامانجەكانی ئەمریكا لە عێراق تۆمەتبار دەكات.
پێشتر گرووپە چەكدارە شیعەكان لەنێویاندا كەتائیبەكانی حزبوڵڵا عێراق هەڕەشەیان بە ئامانجكردنی هێزەكان و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا-یان كردبوو، ئەگەر لە عێراق نەكشێتەوە.
لە پێنجی كانوونی دووەمی رابردوودا، ئەنجوومەنی نوێنەران بە زۆرینە، دەنگی دا لەسەر كۆتاییهێنان بە بوونی سەربازی بیانی لە عێراق، ئەویش دوای ئەوەی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندس لە بۆردومانێكی ئەمریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا كوژران.