Zana Natık Kerem
30 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھاوپەیمانی ھێزەکانی دەوڵەت، عەممار حەکیم رایگەیاند کە گۆڕەپانی ناوخۆی عێراق بە رەوشێکی نەگونجاودا تێپەڕدەبێت کە ئەوەیش وا دەخوازێت ھەمووان بەسەر زمانی عەقڵ، لۆژێک، گفتوگۆ، سازشکردن لەپێناو عێراق و گەلەکەیدا زاڵبن و داوایشی لە رەوتی سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگی کرد کە دەست بە گفتوگۆی راستەوخۆ بکەن.
عەممار حەکیم کە یەکێکە لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیەندراوێکی لەبارەی پێشھاتەکانی رەوشی عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "گۆڕەپانی ناوخۆی عێراق بە رەوشێکی نەگونجاودا تێپەڕدەبێت کە ئەوەیش وا دەخوازێت ھەمووان بەسەر زمانی عەقڵ، لۆژێک، گفتوگۆ، سازشکردن لەپێناو عێراق و گەلەکەیدا، زاڵبین".
راشیگەیاندووە "لێرەوە داوا لە برایانی رەوتی سەدر و ھێزەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەکەم لەژێر چەتری نیشتمان، بەرژەوەندی نیشتمانیی و پاراستنی خوێنی عێراقییەکان، دەست بە گفتوگۆی راستەوخۆ و بنیاتنەرانە بکەن".
عەممار حەکیم ئاماژەی بەوەیشداوە دەبێت گفتوگۆیەک ئەنجام بدرێت کە تیایدا ھەر لایەنێک دڵنیایی بداتە لایەنی بەرامبەر کە نیازی ھەڵوەشاندنەوەی یەکێکیان لەسەر حیسابی ئەوی دیکە نییە و راشیگەیاندووە "ھانی ھەموو لایەنەکان دەدەین کە دان بەخۆیاندا بگرن، ئەوپەڕی ژیری نیشان بدەن بۆ ئەوەی رێگریی بکەن لە لەدەستدانی نیشتمان کە قەرەبووی ناکرێتەوە".