Rawan Subhi Obaiullah
03 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2024
دھۆک - AA
دوای ئەوەی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێم بکەرانی سووتاندنی بازاڕی قەیسەری و بازاڕە میللیەکانی دیکەی عێراق و ھەرێمیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد کە سەر بە ڕێکخراوی تیرۆريستيی پەکەکەن، سەرۆکی لقی دھۆکی سەندیکای کرێکارانی ھەرێم، وڵات ئۆزمانی بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی ڕايگەیاند: "بەداخەوە پەکەکە دەستی بۆ بڕینی قووتی خەڵک و کرێکاران بردووە، لە ساڵی ١٩٩١ وە ئێمە زەرەرمەندی دەستی پەکەکەین، ئەو ڕێکخراوە ناهێڵیت خەڵک بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، ئەو ئابوورییەی کە ئێمە لە گوندەکان پێشکەشی شاڕەکانمان دەکرد، ئابوورییەکی گەورە بوو، بەڵام پەکەکە ئابووری ھەرێمی کوردستانى تێکداوە و گوندەکان ڕووبەڕووی چۆلبوون و وێرانیی بوونەتەوە، ئێمە نازانین بۆچی پەکەکە هاووڵاتییانی مەدەنی تێکەڵی پرسی سیاسی دەکات".
ڕۆژی ١ی نیسانی ٢٠٢٤ ئاگر لە بازاڕێکی میللیی شاری دھۆک ( بازاڕی چەلێ) کەوتەوە، بەھۆیەوە نزیکەی ٢٦٠ دووکان و کۆگا سووتان.
سەرۆکی لقی دھۆکی سەندیکای کرێکارانی ھەرێم، وڵات ئۆزمانی ئاماژەی بەوەکرد کە لە بەر بوونی پەکەکە لە شنگال، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ڕێککەوتنی ئاسایکردنەوەی دۆخی شنگال کە لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و بەغدا واژووکراوە، جێبەجێ بکرێت، ئەوەیش کاریگەری لەسەر دۆخی کرێکارانی ناو شاری دھۆک هەیە، چونکە ئەگەر ئاوارەکان بگەڕێنەوە نزیکەی ١٥ ھەزار ھەلیکار بۆ کرێکارانی دھۆک فەراهەم دەبێت.
ڕۆژی دووشەممە، ١ی تەمووزی ٢٠٢٤ هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ھەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە ڕێکخراوی تیرۆريستيی پەکەکە لە پشت سووتاندنی بازاڕەکانی ھەولێر، کەرکووک و دھۆک بووە و، پلانیان ھەبووە تاوانی دیکەش لەدژی بەرژەوەندیی خەڵک ئەنجام بدەن".
سەرۆکی لقی دھۆکی سەندیکای کرێکارانی ھەرێمی کوردستان، وڵات ئۆزمانی ئاماژە بەوەشدا کە کاسبکارانی ٢٦٠ دووکانداری بازاڕی چەلێی شاری دھۆک دەچنە سەندیکا و سکاڵای یاسایی لەسەر تاوانباران تۆمار دەکەن، چونکە بە کۆژمەی ٩ ملیار دینار زیانییان بەرکەوتووە و گوتیشی: "ئێمە داواکارییەکانیان لە ڕێگای حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فێدڕاڵ دەکەین و ئەگەر پێویستی کرد ئەوا سکاڵا و دۆسییەکان دەگەیەنینە پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپول)".