Zana Natık Kerem
16 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2024
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید بەتوندی ئەو ھێرشە مووشەکییانەى کە شەوی ڕابردوو، شاری ھەولێری کردە ئامانج، سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند کە کێشەکان لە ڕێگای ھێرشە سەربازییەکانەوە چارەسەر ناکرێن.
عەبدولـلەتیف ڕەشید لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی ئەو ھێرشە مووشەکییانەی کە شەوی ڕابردوو، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر شاری ھەولێر نووسیوویەتی: "بە توندی ھێرشە مووشەکییەکانی سەر ھەولێر کە بەھۆیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون سەرکۆنە دەکەم".
سەرکۆماری عێراق، ھێرشەکەی سەر شاری ھەولێری بە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق لە قەڵەمداوە و ڕایگەیاندووە: "ئەو ھێرشانە دەبنە مایەی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری وڵات".
ھەروەھا باسی لەوەش کردووە کە پێویستە کێشەکان لە رێگای گفتوگۆی ھاوبەشی بونیادنەرانەوە چارەسەر بکرێن، نەک لە ڕێگای ھێرشی سەربازییەوە کە ھەڕەشە لە سەقامگیری عێراق و ھەموو ناوچەکە دەکەن.
- ھێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆسەر شاری ھەولێر
شەوی ڕابردوو، ژمارەیەک مووشەکی بالیستی ئاراستەی چەند شوێنێکی ھەولێر و دەوروبەری کران و بەھۆیەوە چەند کەسێک بوونە قوربانی.
لای خۆیەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان-عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا لەبارەی ھێرشە مووشەکییەکەی ئەمشەو بۆ سەر ھەولێر داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد بێدەنگ نەبن بەرامبەر بەو ھێرشە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمدا ھاتووە: "کاتژمێر ١١:٣٠ی شەوی ١٥ لەسەر ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی ھەولێری بوردومان کرد، بەداخەوە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان چوار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و شەش کەسی دیکەش بریندار بوو کە ڕەوشی تەندروستیی ھەندێک لە بریندارەکان ناجێگیرە".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکە ئەوەشخراوەتەڕوو: "سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، ئەم ھێرشە بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە. ئەم بیانووە بێ بنەمایە و ڕەتیدەکەینەوە، بەداخەوە ھەمیشە بیانووی بێ بنەما بۆ ھێرشکردنە سەر ھەولێر بەکار دێنن، ھەولێر وەک دەڤەرێکی سەقامگیر ھیچ کات سەرچاوەی ھەڕەشە نەبووە بۆ سەر ھیچ لایەنێک".
ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات بێدەنگ نەبن و تیایدا ھاتووە: "ئەمە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی ھەرێم و عێراقە و پێویستە حکوومەتی فیدڕال و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو تاوانە بێدەنگ نەبن".
دوای ھێرشەکەش سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتی ھێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و ڕایگەیاند ھێرشەکان لە وەڵامی تاوانەکانی دژ بە ئێرانە و بنکە سیخووڕییەکان بە مووشەکی بالیستی کراونەتە ئامانج.
ھێرشەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەتوندی سەرکۆنە کرا.