Heman Hussein Yaseen
30 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2022
ھەولێر - AA
لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی لە رووفاتی ١٠٠ ئەنفالکراوی بارزانی کرا.
لە رێوڕەسمەکەدا کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوەتی ھەولێر بەڕێوەچوو، ھەریەکە لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رێواز فایەق، جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی و، ژمارەیەک لە نوێنەر و کۆنسوڵخانەی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان ئامادەبوون.
ھەروەھا نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق جێنین پلاسخارت، وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی فالح فەیاز، نوێنەری وڵاتان و ھەروەھا پارت و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئامادەی رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە رووفاتی ١٠٠ جینۆساید کراوە بارزانییەکە بوون.
لە رێوڕەسمەکەدا، نێردەی تایبەتی ستکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق، جنین پلاسخارت گوتارێکی پێشکەشکرد و تیشکی خستەسەر پڕۆسەی ئەنفال و گوتی: ''پرۆسەی ئەنفال جینۆسایدە، ھەوڵێک بوو بۆ لەناوبردنی خەڵکی کورد، بۆ رێزگرتنی ئەو قوربانیانە ئێمە لێرە ئامادەین، بۆ ئەوەی ئەو رووداوانە دووبارە نەبنەوە. ھەمیشە دەبێت تێگەیشتنمان بۆ دۆخی خراپی خانەوادەی ئەنفالکراواندا ھەبێت''.
جنین پلاسخارت گوتیشی: ''لە ئێستادا عێراق و ھەرێمی کوردستان بە چرکەسات و دووڕیانی گرنگدا تێدەپەڕن، لە رۆژی یادکردنەوەی ئەنفالکراواندا، ھاوخەمی خۆم دەردەبڕم، ئەمە ھەنگاوێکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت ھەمیشە ئەم ھەڵسوکەوتانەیان بەرامبەر مرۆڤاندا ھەبێت".
ھەر لە رێوڕەسمەکەدا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی گوتارێکی پێشکەشکرد و تیاییدا ئاماژەی بەوەکرد کە، تا رووفاتی یەک شەھید مابێت، لە ھەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەیان، ھەروەھا لەبارەی دۆخی عێراقەوە رایگەیاند: '' لەم رەوشەی ئێستای عێراق زۆر نیگەرانین و خەڵکی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانەوە زۆر ئازاریان چەشتووە و شایستەی ئەو ژیانە نین، ئێستا تیاییدان''.
لە رێوڕەسمەکەدا، مەسعود بارزانی گوتی: "راستە کێشە ھەیە، بوونی کێشە شتێکی سرووشتییە، ھیچ کێشەیەک نییە کە چارەسەری نەبێت ئەگەر نیازی باش ھەبێت بۆ چارەسەرکردن، کێشەی نەوت و غاز و بوودجە و کێشەکانی دیکە ھەموویان شیاوی چارەسەرکردنن، بەڵام بە تێڕوانینی من کێشەی بنەڕەتی و مەترسیدار بوونی ئەو کولتوورەیە کە ئەو تاوانانە بەرھەم دەھێنێت. پێویستە ئەو کولتوورە ریشەکێش بکرێت".
ھەر لە رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی لەبارەی مێژووی ئەنفالکردنی بارزانییەکان گوتی: "سی و نۆ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ رژێمی بەعس ھەشت ھەزار بارزانی راپێچ کرد بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و ئەو خەڵکە تەنیا تاوانیان ئەوەبوو کە بارزانی بوون. ئەمە ئەڵقەیەکی دیکەی ئەو تاوانانەبوون کە دژی گەلی کوردستان ئەنجامدران، وەک ئەنفالکردنی دوازدە ھەزار فەیلی و کیمیایبارانکردنی ھەڵەبجە و زیندەبەچاڵکردنی سەد و ھەشتا و دوو ھەزار ھاووڵاتی".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بارزانی گوتیشی: "تا ئێستا توانراوە ژمارەیەک لە رووفاتی شەھیدان بگەڕێتەوە، بەڵام ھێشتا زۆریان ماوە، تا رووفاتی یەک شەھیدیش مابێت، ئێمە لە ھەوڵی خۆمان بەردەوام دەبین. ئەنجوومەنی نوێنەران و دادگای تاوانەکان و پەرلەمانی کوردستان ئەو تاوانانەی بە جینۆساید ناساند، حکومەتی عێراقیان پابەند کردووە بە گێڕانەوەی رووفاتەکان و قەرەبووی کەسوکاریان".
ئەمە سێیەم کاروانی گەڕانەوەی ئەنفالکراوانی بارزانییە کە بۆ ھەرێمی کوردستان دەگەڕێندرێتەوە.
یەکەم کاروانی گەڕانەوەی رووفاتەکان لە ساڵی ٢٠٠٥ بوو کە بریتیی بوون لە ٥٠٣ رووفات و دواتر لە ساڵی ٢٠١٤، ٩٣ رووفات لە بیابانەکانی باشووری عێراقەوە بۆ ھەرێمی کوردستان گەڕێندرانەوە و لە گۆڕستانی ئەنفالی بارزان لە ناوچەی بارزان بە خاک سپێردران.
بڕیارە سبەی یەکشەممە، ٣١ی تەمووز لە یادی ٣٩ ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکان، رووفاتەکان بەرەو ناوچەی بارزان بگەڕێندرێنەوە و لە گۆڕستانی ئەنفالی بارزانییەکان لەو ناوچەیە بەخاک بسپێردرێن.