Heman Hussein Yaseen
26 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2022
هەولێر - AA
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە مانگی ئابی ٢٠٢١ ھاوکاری بۆ کەمپەکان راگرتووە و بەمھۆیەوەش ئاوارە و پەنابەرانی نێو کەمپەکان ژیانیان سەختتربووە و ئەمڕۆش بانکی ناوەندیی عێراق و کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکان بەهاوکاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کۆمەک و هاوکارییان بەسەر ژمارەیەک خێزانی خێوەتگەی خازر دابەشکرد.
هاوکارییەکان بریتیی بوون لە خۆراک، بەتانی و سۆپا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی پڕۆسەی دابەشکردنی هاوکارییەکەی لە ئەستۆگرت و نوێنەری بانکی ناوەندییش سەرپەرشتی دابەشکردنی هاوکارییەکەی کرد.

نوێنەری لقی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندیی عێراق، نەجات جەبار لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەکو بانکی ناوەندیی ھاتووین سەرپەرشتی ئەو ھاوکارییانە بکەین و بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی یەکسان دابەشی سەر دانیشتوانی کەمپەکە بکرێت و ھاوکارییەکانیش بریتین لە خۆراک، بەتانی و سۆپا".
بەڕێوەبەری خێوەتگەی خازر ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی هاتنی وەرزی سەرماوە پێویستییان بە هاوکاریی زیاتر هەیە و گۆڕینی خێوەتەکانی خێوەتگەکەش بە پێویست دەزانێت.
بەڕێوەبەری خێوەتگەی خازر، شاڵاو کاوێس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ھاوکاری لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق ھەڵدەستێت بە دابەشکردنی چەند پێداویستییەکی سەرەتایی وەکو خۆراک، سۆپا و بەتانی بۆ ژمارەیەک لە دانیشتوانی خێوەتگەی خازر، هاوکارییەکەش دەدرێتە ئەو خێوەتگەیەی کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکوومەتی عێراق بە هێچ شێوەیەک پێداویستی و هاوکارییان بۆ دابین ناکات".

لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی نێو خێوەتگەکە و بڕی ئەو هاوکارییانەی بۆ ئاوارەکان هاتووە، شاڵاو کاوێس گوتی: "ئەم خێوەتگەیە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە دروستکراوە، بە گشتی پێنج هەزار و ١٠٠ هاووڵاتیی تێدایە کە دابەشبوون بەسەر ٩٨٩ خێزان کە سەدا ٨٠ی دانیشتووان خەڵکی مووسڵ و دەشتی نەینەوان، ئەو بڕە هاوکارییەی ئەمڕۆش هاتووە بەسەر ٣٥٠ خێزان دابەش دەکرێت".
بەڕێوەبەری خێوەتگەی خازر، ئاماژە بەوەش دەکات کە جگە لە خۆراک و هاوکاریی دیکە، ئەوا پێویستییان بە گۆڕینی خێوەتەکان هەیە و لەمبارەیەوە دەڵێت "ئێمە دەخوازین کە ئاوارە و پەنابەران زێتر هاوکاری بکرێن، لەئێستاشدا گۆڕینی خێوەتەکان زۆر پێویستە، چونکە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە نەگۆڕدراون و بەهۆی سەرما و گەرمایەوە، خێوەتەکان کۆن بوون و پێویستیان بە گۆڕین هەیە".
هەر سەبارەت بە ئاوارەی نێو خێوەتگەکە و پابەندبوونییان بە رێنماییە تەندروستییەکان و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڕێوەبەری خێوەتگەی خازر، شاڵاو کاوێس گوتی: "ئێمە بەردەوام هۆشیاریمان داوەتە دانیشتوانی خێوەتگەکە، تا ئێستاش توانیمان ڤاکسینی فایزەر دابین بکەین و بەشێکی زۆر لە دانیشتوان ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە و بەجۆرێک لە کۆی پێنج هەزار و ١٠٠ کەس، ئەوا دوو هەزار کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئێستاش پێدانی ڤاکسین بەردەوامە".
26.01.2022
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق و کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکان بەهاوکاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کۆمەک و هاوکارییان بەسەر ژمارەیەک خێزانی خێوەتگەی خازر دابەشکرد.
خێوەتگەی خازر دەکەوێتە نێوان هەولێر و نەینەوا و لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ و لە میانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بۆسەر تیرۆریستانی داعش، دروستکرا و خەڵکی مووسڵ و دەشتی نەینەوا بەهۆی شەڕ و مەترسییەکانی سەر ژیانییان پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا و چەند خێوەتگەیەکیان بۆ کرایەوە و تا ئێستاش بەهۆی ئاوەداننەبوونەوەی شوێنی نیشتەجێبوونیان لە خێوەتگەکان ژیان بەسەر دەبەن.