Sarmand Hameed
05 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2022
هەولێر-AA
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، تەحسین خەفاجی ئاشكرای كرد، هێزی سەربازیی گەورەیان گەیاندووەتە قەزای شنگال بە ئامانجی سەپاندنی یاسا لە قەزاکەدا و جەختی لەوەش كردەوە كە رێگە به گرووپە چەكدارییەكان نادرێت لە شنگال بمێننهوه.
تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق گوتی: "هەموو ئەو رووداوانەی كە لە شنگال روودەدەن بەهۆی کەسانێکەوە بووە كە هەژموونییان سەپاندووە و رێگاكانیان داخستووە لە دژی هێزە ئەمنییەكان".
خەفاجی ئاماژەی بەوەشكرد، لە زاری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی رۆژئاوای نەینەوا، جەبار تائی كە بەرپرسه لە ئاسایشی شەنگال گوێبیستی پێشهاتە ئەمنییەکانی شارەکە بوون و راشیگەیاند، ئەوان لەكاتی سەپاندنی ئاسایش و یاسا و كردنەوەی رێگاكاندا پیشەییانە مامەڵەیان کردووە.
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق گوتیشی: "سەرۆكی ئەركانی سوپا و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ستایشی ئەو كارە گەورەیەیان كردووە كە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی رۆژئاوای نەینەوا ئەنجامی داوە".
تهحسین خهفاجی جەختی لەوەشکردەوە، ئەو هێزە سەربازییانەی كە گەیشتوونەتە قەزای شنگال بۆ سەپاندنی هەژموونی دەوڵەت و یاسایە و رایگەیاند: "رێگە نادەین هیچ لایەنێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا هەژموونی خۆی بسەپێنێت و رێگە بە گرووپە چەكدارییەكان نادرێت لە شنگال بمێننهوه".
رۆژی ١ی ئایار لە رۆژئاوای شنگال، شەڕ و پێکدادان لە نێوان لیوای ٧٢ی سوپای عێراق و چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە سەریهەڵدا و، له پێكدادانهكاندا سەربازێکی سوپای عێراق کوژرا.