Sarmand Hameed
15 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
بە ئامادەبوونى وەزیرانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئارام محەمەد قادر و رێبەر ئەحمەد یاداشتى لێکتێگەیشتن بۆ کردنەوەى بەشى بەڵگەکانى تاوان لە پەیمانگاى تەکنیکى پزیشکیی هەولێر سەربە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر واژۆکرا.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، بەر لە واژۆکردنی یاداشتى لێکتێگەیشتنەکە، لە کۆبوونەویەکدا وەزیرى ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد رایگەیاند: "ئێمە لە وەزارەت تاقیگە و ئەفسەرى باش و سەرکەووتوومان هەیە، بەڵام ئەم بابەتە بەخول و ئامادەکردنى کادیر رێکخستنى ئەستەمە، بۆیە بە کردنەوەى ناوەندێکى زانستى لەو شێوەیە دەبێتە هاوکارێکى باش بۆ دادگاکان".
رێبەر ئەحمەد دەستخۆشى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد بۆ کردنەوەى ئەم بەشە و جەختى لە پاڵپشتى و هاوکارى تەواوى وەزارەتەکەى کرد بۆ سەرکەوتنى خوێندن لەو بەشە هەستیارە و جەختیشی کردەوە کە هەر کارێک بکەوێتە ئەستۆى وەزارەتى ناوخۆ بۆ سەرکەوتنى ئەو بەشە درێغى ناکەن.
لەلای خۆشیەوەوەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئارام محەمەد قادر رایگەیاند: "کردنەوەى ئەم بەشە سەرەتا بەوەرگرتنى ٢٥ ئەفسەر و کارمەندانى وەزارەتى ناوخۆ دەبێت و خوازیار دەبێت دەرچووى بەشى زانستى بێت، دواى تەواوکردنى خوێندنیش بروانامەى دیبلۆمى تەکنیکى لە بوارى بەڵگەکانى تاوانیان پێدەدرێت".
ئارام محەمەد قادر گوتیشى: "بۆ کردنەوەى ئەم بەشە ئەولەوییەت بۆ کارمەندانى وەزارەتى ناوخۆیە، ئەمەش لەپێناو پێگەیاندنى کادرى پسپۆڕى بوارەکەیە"، جەختیشی کردەوە بە سەرکەوتنى خوێندن لەو بەشە هەوڵەکان بۆ ئەمە دەبن کە لە داهاتوودا بیکەین بە کۆلێژ و بروانامەکەش بکرێت بە بەکالۆریۆس.
دواتریش هەریەک وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئارام محەمەد قادر و وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد یاداشتى لێکتێگەیشتن بۆ کردنەوەى بەشى بەڵگەکانى تاوانیان لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر واژۆ کرد و وەزیرى خوێندنى باڵا فەرمانى کردنەوەى بەشەکەى پێشکەش بە سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر کرد.
دواى مەراسیمى ئیمزاکردنەکەش هەریەک لە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزیرى ناوخۆ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاکانى راگەیاندن وردەکارى واژۆکردنی یاداشتەکەیان روونکردەوە، لەو چوارچێوەیەشدا، ئارام محەمەد قادر گوتى: "کردنەوەى ئەم بەشە هەوڵێکە بۆ خزمەتکردن بە رەوتى لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکى زانستى و ئەکادیمى بۆ دامەزراوەکانى وەزارەتى ناوخۆ، بەمەبەستى گەیشتن بە سەرچاوەى تاوانەکان، لەهەمان کاتیشدا پێگەیاندنى کادیرى پسپۆڕە لە بوارى بەڵگەكانى تاوان و تاقیگەى تاوان و وانە پراكتیكییەكان".
لای خۆشیەوە وەزیرى ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد گوتى "سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان پاڵپشتە بۆ کردنەوەى ئەم بەشە و بەمەش بۆشایى ئەکادیمى لە وەزارەتەکەمان پڕدەکرێتەوە".
رێبەر ئەحمەد گوتیشى "ئەم بەشە تەواوى ئامادەکارى زانستى لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ کراوە و گرنگییەکى تایبەتیشی پێدراوە بەتایبەت لە داڕشتنى پڕۆگرامى خوێندن و ستافى پێویستى وانە وتنەوە، ئاماژەکانیش پێمان دەڵین پڕۆژەکە سەرکەوتوو دەبێت و تەواوى پاڵپشتى خۆشمان بۆ سەرکەوتنى لە،سەرجەم لایەنەکانەوە دووپات دەکەینەوە".