Ekip
09 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2021
ھەولێر - AA
فرۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئێران، دەڤەری باڵەکایەتی و ناوچەی سیدەکان بۆردومان دەکەن.
کاتژمێر شەشی بەیانی ئەمرۆ پینچشەمە، ئێران لە رێگای چەند فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە بۆردومانی چەند ناوچەیەکی سنووریی دەکات بەھۆی بوونی حزبی دیموکرات.
ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ وەرگرتنی زانیاریی پەیوەندی کرد بە قایمقامی قەزای چۆمان، سوارە ئەکرم کە لە لێدوانێکدا ئەوەی خستە روو، بۆردومانەکان لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بووە و کاتژمێر شەشی بەیانی ئەنجامدراون.
سوارە ئەکرم هەروەها باسی لەوە کرد کە تا ئێستا، ھیچ زیانی گیانی بەر ھاووڵاتییان و ئاژەڵدارانی ناوچەکە نەکەوتووە.
قایمقامی قەزای چۆمان، سوارە ئەکرم گوتیشی: "فڕۆکەکان گوندەکانی بن قەڵات، بێولێ، دێگە و شێرکاوە-یان بۆرودمان کردووە".
سوارە ئەکرم ئەوەشی خستە روو کە تەنها یەکجار شوێنەکان بۆردومان کراون و دووبارە نەبووەتەوە، بەڵام زانیارییان نییە لەسەر حزبی دیموکرات و رایگەیاند کە تەنها زیانی ژینگەیی بوونی ھەبووە و ھێشتا بەھۆی مەترسییەوە نەیان توانیوە بچنە شوێنەکان بۆ زانینی زیانە ماددییەکان.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئیران ناوچەکانی بەربزین، بن پەرێز و تەلانی-یان بۆردومان کردووە کە بارەگای حزبی دیموکرات لە نزیک ئەو شوێنانە بوونی ھەیە، بەڵام تا ئێستا ھیچ زیانێکی گیانی لە بۆردومانەکان نەبووە و حزبی دیموکرات بێ دەنگی ھەڵبژاردووە و ھیچ بەیاننامەیەکی بڵاو نەکردووتەوە.
ئەوەی جێگای باسە ماوەی نزیک بە پێنچ رۆژە، جوڵەی حزبی دیموکرات لە ناوچە سنوورییەکان لەلایەن ھاووڵاتییانەوە ھەستی پێ کراوە.