Zana Natık Kerem, Heman Hussein Yaseen
26 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2026
ئەگەری ھەیە حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی دوای دەستبەکاربوونی لە ڕووی سیاسی، ئەمنی، ئابووریی، دارییەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی زۆر ببێتەوە بە تایبەتیش دوای ئەوەی ئەمریکا ھۆشداری ئەوەی داوە کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراقدا ناکەن، ئەگەر گرووپە چەکدارەكان تیایدا بەشداربن.
ئەگەرچی ئەمریکا پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێڕاق، عەلی زەیدی ڕاگەیاندووە بەڵام لە ھەمانکاتدا ھۆشداریی پێداوە لەوەی نابێت ھیچ کام لە باڵە سیاسییەکانی گرووپە چەکدارەکان لە حکوومەتدا بەشداربن، ھەرچەندە لەسەردەمی حکوومەتی پێشووی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، ئەمریکا مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو وەزارەتانە ڕاگرتبوو کە لەلای باڵە سیاسییەکانی گرووپە چەکدارەکان بوون، بەڵام لەم کابینە نوێیە ڕایگەیاندووە کە بە ھیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ تەواوی ئەم حکوومەتە ناکات ئەگەر تەنانەت یەک وەزارەتیش لەلای ئەم گرووپانە بێت.
ھەروەھا پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ھۆشداری ئەوەی دابوو کە نابێت گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ھیچ ڕۆڵێکیان لە دامودەزگا فەرمییەکانی عێراقدا ھەبێت، ھەروەھا نابێت دارایی عێراق بە ھیچ شێوەیەک بۆ پشتیوانی لە گرووپە چەکدارەکان بەکاربھێنرێت.
جگە لەوەش پێشتر ئەمریکا ھۆشداری ئەوەی دابوو، ئەگەر گرووپە چەکدارەکان لە حکوومەتی نوێی عێراق بەشدارییان پێ بکرێت، ئەوا ناردنی دۆلار بۆ عێراق ڕادەگرن.
پێشتر شارەزای بواری ئابووریی، گۆڤەند شێروانی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاندبوو ئەگەر ئەمریکا ھەڕەشەکانی لەبارەی ھەڵپەساردنی یارمەتییەکانیان بۆ عێراق جێببەجێ بکات، ئەوا دەرئەنجامێکی زۆر خراپی لەسەر ئابووریی عێراق دەبێت.
ــ تا ئێستا باڵی سیاسیی سەر بە گرووپە چەکدارەکان کە لە نێو لیستی تیرۆری ئەمریکا لە حکوومەتی نوێدا ھیچ پۆستێکیان وەرنەگرتووە
ھەریەک لە بزووتنەوەی "سادیقون" باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی و بزووتنەوەی "حقوق" باڵی سیاسیی حزبوڵڵای عێراق بە سەرۆکایەتی ئەحمەد حەمیداوی و بزووتنەوەی "مونتەسیرون" باڵی سیاسیی کەتائیبی سەید شوھەدا بەسەرۆکایەتی ئەبو ئالا وەلائی و بزووتنەوەی "خەدەمات" باڵی سیاسیی کەتائیبی ئیمام عەلی بە سەرۆکایەتی شبل زەیدی و ھاوپەیمانی "ناسنامەی نیشتمانی"باڵی سیاسیی بزووتنەوەی "بابلیۆن" بەسەرۆکایەتی ڕەیان کلدانی کە پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە کە کورسی پەرلەمانییان بەدەستھێناوە، ھیچ پۆستێکیان لە حکوومەتەکەی عەلی زەیدی وەرنەگرتووە.
ئەوەی ھەیە تا ئێستا بزووتنەوەی "سادیقون" باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی پێدراوە.
پێشتریش لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چوار گرووپی میلیشیای عێراقی خستە ناو "ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان" کە بریتیی بوون لە بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەیدوشوھەدا، بزووتنەوەی ئەنساڕوڵڵای ئەوفیا، کەتائیبی ئیمام عەلی، زووتریش وەزارەتەکە ھەریەک لە عەسائیبی ئەھلی حەق و بزووتنەوەی بابیلۆنی خستبووە لیستی تیرۆرەوە.
بزووتنەوەی نوجەبا کە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە و باڵی سیاسیی نيیە، ئەوا ھیچ کورسییەکی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاقدا نییە بۆیە ئەم گرووپە لە حکوومەتی عێڕاقدا بەشدار نییە.
جگە لەوەش پێشتر ئێران داوایکردبوو کە گرووپە چەکدارەکان لە حکوومەتی نوێ بەشدارییان پێ بکرێت و دوورنەخرێنەوە. بەڵام تا ئێستا ئێران ھەڵوێستی خۆی نیشاننەداوە سەبارەت بەوەی کە تا ئێستا گرووپە چەکدارەکان لە حکوومەتی عێراق بەشدارییان پێ نەکراوە.
ــ ناکۆکی و جیابوونەوە لە باڵی شیعەدا
بەھۆی یەکلایینەکردنەوەی بەشێک لە پۆستە وەزارییەکانی حکوومەتی نوێ، ناکۆکی و جیابوونەوە کەوتووەتە نێو ماڵی شیعە.
دوای دەستبەکاربوونی حکوومەتەکەی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، ھەردوو فراکسیۆنی عەقدی نیشتمانی و بزووتنەوەی سۆمەرییوون کشانەوەیان لە ھاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، محەمەد شیاع سوودانی ڕاگەیاند.
ھەردوو فراکسیۆنی عەقدی نیشتمانی و بزووتنەوەی سۆمەرییوون ھۆکاری کشانەوەیان لە ھاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان گەڕاندەوە بۆ ئەو دۆخەی کە لە کۆبوونەوەی ١٤ی ئایاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوویداوە، کاتێک بەشێک لە لایەنەکان لەو ڕێککەوتنانەی کە پێشتر سازانیان لەسەر کردبوو، پەشیمانبوونەتەوە.
فراکسیۆنی عەقدی نیشتمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران خاوەن ١١ کورسییە و بزووتنەوەی سۆمەرییوون لە ئەنجوومەنی نوێنەران پێنج کورسی ھەیە.
ئێستا ژمارەی کورسییەکانی ھاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٤٦ کورسییەوە بۆ ٣٠ کورسی کەمبووەتەوە.
دوای جیابوونەوەی فراکسیۆنی عەقدی نیشتمانی بەسەرۆکایەتی فالح فەیاز و بزووتنەوەی سومەرییوون بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەسەدی چوونە پاڵ ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی.
ھاوکات ئێستا ئەوە بەدی دەکرێت کە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە بەسەر دوو بەرەی دژبەیەک دابەشبوون و بریتیین لە بەرەی نوری مالیکی کە ھەریەک لە ھادی عامری، فالح فەیاز، ئەحمەد ئەسەدی، موحسین مەندەلاوی و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە لەخۆدەگرێت و بەپێی زانیارییەکان ئەم بەرەیە کار بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانییەکی نوێ دەکەن بۆ دژایەتیکردنی بەرەکەی محەمەد شیاع سوودانی.
ھەروەھا بەرەکەی دیکەی کە بەرەی محەمەد شیاع سوودانییە، ھەریەک لە عەممار حەکیم و قەیس خەزعەلی پشتیوانی لێ دەکەن و وەک خۆیان دەڵێن: "ئامانجیان راستکردنەوەی ڕێڕەوی سیاسییە".
ئەم دابەشبوونە دوای ئەوە ھات کە لە کاتی متمانەدان بە حکوومەتەکەی عەلی زەیدی، بەربژێرەکانی دەوڵەتی یاسا بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ و خوێندنی باڵا شکستیان ھێنا لە بەدەستھێنانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەران.
حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی لە ١٤ ئایارەوە بەبێ پەسەندکردنی نۆ وەزیر دەستبەکاربووە کە چوار بەربژێریان لە ئەنجوومەنی نوێنەران ڕەتکرانەوە کە دوویان بەربژێری دەوڵەتی یاسا بوون بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ و خوێندنی باڵا.
ئەو نۆ وەزارەتەی حکوومەتی عێراق کە بە بەتاڵی ماونەتەوە بریتیین لە وەزارەتەکانی بەرگریی، ناخۆ، پلاندانان، خوێندنی باڵا، کۆچ و کۆچبەران، ڕۆشنبیری، وەرزش و لاوان، کار، ئاوەدانکردنەوە و چاوەڕوان دەکرێت تا دوای جەژن بە گفتوگۆ و ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان، یەکلایی بکرێنەوە.