Mazın Asad
24 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2016
یاریزانی بەناوبانگی یانەی مانچستەر یونایتد، زڵاتان ئیبراھیمۆڤیچ بۆ وەرزێکی دیکە لەگەڵ یانەکەی دەمێنێتەوە.
راھێنەری یانەی مانچستەر یونایتد، خۆسی مۆرینۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ھەڵسەنگاندنی لەبارەی دۆخی ئیبراھیمۆڤیچ کرد کە دەمێکە مشتومڕی لەو وڵاتە دروست کردووە.
مۆرینۆ ئاماژەی بەوە دا کە بۆ ساڵێکی دیکە بۆندەکەی ئیبراھیمۆڤیچ درێژ دەکەنەوە و گوتیشی: "دۆخی زڵاتان زۆر روونە. ساڵێکی دیکەش لەگەڵمان دەمێنێتەوە. دواتر لەبارەی ژیانەوە ئەوەی دەیەوێت ئەنجامی دەدات".
لە لایەکی دیکەوە ئیبراھیمۆڤیچ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا روونی کردەوە کە لەوبارەیەوە ھێشتا کۆبوونەوەیەکی فەرمی ئەنجام نەداوە، بەڵام خۆشحاڵی لەبارەی گوتەکانی مۆرینۆ دەبڕی و گوتیشی: "لە ئاستی خۆمم و ئامادە و بەھێزم. ئەگەر ھەڵومەرجەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوە رەنگە وەرزی دووەمیش یاری بکەم".
ئیبراھیمۆڤیچ ئەمساڵ لە ١٧ یاری یانەکەیدا ھەشت گۆڵی تۆمار کردووە.